حكوومەتێكى ویفاقى نیشتمانى لە یەمەن راگەیەنرا

حكوومەتێكى ویفاقى نیشتمانى لە یەمەن راگەیەنرا
لە سەنعاى پایەتەختى یەمەن بەپێى رێكەوتنامەى دەستپێشخەریى كەنداو، حكوومەتێكى ویفاقى نیشتمانى بەسەرۆكایەتیى كەسایەتیەكى ئۆپۆزسیۆن پێك هات.

حكوومەتەكە دوێنێ چوارشەم پێك هات، محەمەد سالم كەسایەتیى ئۆپۆزسیۆن سەرۆكایەتی دەكا و لە 34 وەزیر پێك دێ، كە نیوە بە نیوە لەنێوان حزبى \"كۆنگرەى نیشتمانیى گشتی\""ى دەسەڵاتدار و هاوپەیمانەكانى لەلایەك و حزبەكانى ئۆپۆزسیۆن (بارستەى دیدارى هاوبەش) و هاوبەشەكانى دابەش كراون.

حزبى دەسەڵاتدار وەزارەتەكانى بەرگرى و دەرەوە و نەوت و پێوەندییەكانى بەدەستەوە ماوەتەوە، هەرچى ئۆپۆزسیۆنە وەزارەتەكانى ناوەخۆ و دارایى و راگەیاندن و پلاندانان و هاوكاریى ناودەوڵەتى و مافەكانى مرۆڤى وەرگرتووە.

بەپێى رێكەوتنى سیاسیی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، بڕیارەكانى حكوومەت و پەرلەمان لە هەردوو قۆناغى گواستنەوەى یەكەم و دووەمدا، كە دواى دوو ساڵ لە ئەنجامدانى هەڵبژاردنى سەرۆكایەتی لە 21 شوبات/فێبرایەرى داهاتوو تەواو دەبێ، بە تەوافوق دەبن.

لاى خۆیەوە حزبى دەسەڵاتدار عەبد رەبە مەنسوور هادى ئەمیندارى گشتیى حزبەكە و جێگرى سەركۆمارى وەك كاندیدێكى تەوافوقى لەجێى عەلى عەبدوڵا ساڵح بۆ هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكە كاندید كرد تا ئەو كاتەى هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكە ئەنجام دەدرێ، ئەوەیش هەنگاوێكى بێ پێشینەیە لە ماوەى 30 ساڵدا، كە هەمیشە ساڵح تاكە كاندیدى حزبەكە بوو لە هەڵبژاردنەكاندا، ئەوەیش وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ دەستپێشخەرییەكەى كەنداو. ئاژانسى رۆیتەرز گواستیەوە.

لە 23-11-2011 عەلى عەبدوڵا ساڵحى سەرۆكى یەمەن دواى زیاتر لە 30 ساڵ حوكمڕانى، لە ریازى پایەتەختى سعوودیە دەستپێشخەرییەكەى وڵاتانى كەنداوى بۆ گواستنەوەى دەسڵات ئیمزا كرد و وازى لە دەسەڵات هێنا و تەنیا وەك سەرۆكێكى فەخرى دەمێنێتەوە تا ئەو كاتەى هەڵبژاردنێكى نوێ پاش سیچ مانگ لەو وادەیە ئەنجام دەدرێ."
Top