كوژراوه‌كانی سوریا له 5 هه‌زار كه‌س تێپه‌ڕی
رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له راپۆرتێكی نوێ‌دا سه‌باره‌ت به ئاماری كوژراوه‌كانی خۆپیشانده‌رانی دژی حكوومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د له سوریا، ده‌ڵێت ژماره‌ی كوژراوه‌كان له ماوه‌ی 9 مانگی رابردوودا له 5 هه‌زار كه‌س تێپه‌ڕیوه.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه حكوومه‌تی سوریا ده‌ڵێت له سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌كانه‌وه هه‌تا ئێستا ته‌نیا هه‌زار كه‌س كوژراون و ئه‌وانیش له هێزه ئه‌منیه‌كان و له هێزه‌كانی پۆلیس بوون و گرووپه چه‌كداره‌كان هێرشیان كردووه‌ته سه‌ریان.
به‌پێی هه‌واڵی بی بی سی، سه‌رۆكی كۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ناڤی پیلای، له راپۆرته نوێیه‌كه‌یدا داوای له ئه‌نجومه‌نی ئاسایش كردووه دۆسیه‌ی حكوومه‌تی سوریا له سه‌ركوتی خۆپیشانده‌ران بداته دادگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی تاوانه‌كان.
هه‌ر به‌پێی ئاماری نوێی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، جیا له كوژرانی هه‌زاران كه‌س، نزیكه‌ی 14 هه‌زار كه‌سی دیكه‌ش هه‌تا ئێستا ده‌ستگیر كراون و لانیكه‌م 12 هه‌زار و 400 كه‌سیش به‌هۆی توندوتیژی، سوریایان به‌جێهێشتووه.
ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ ده‌ڵێن رۆژی دووشه‌مه و هاوكات له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی شاره‌كان، لانیكه‌م 20 خۆپیشانده‌ر له شاره‌كانی ئه‌دله‌ب و حومس و حه‌ما و هه‌روه‌ها له نزیك دیمه‌شقی پایته‌خت كوژراون.