برێمەر: كورد هەڕەشەی سەربەخۆییان دەكرد ئەگەر سوپا هەڵنەوەشێنرێتەوە

 برێمەر: كورد هەڕەشەی سەربەخۆییان دەكرد ئەگەر سوپا هەڵنەوەشێنرێتەوە
پۆڵ برێمەر، حاکمی مەدەنی ئەمریكا لە عێراق لە ساڵانی 2003 و 2004 رایگەیاند، بوونی هێزی پیادەی ئەمریكی لەسەر خاكی عێراق پێویستە بۆ رزگاركردنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی چەكدارانی گروپی داعش و كورد هەڕەشەی سەربەخۆییان دەكرد، ئەگەر سوپای پێشوو هەڵنەوەشێنرێتەوە.

پۆڵ برێمەر لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی سعودی رایگەیاند: "پێش ئەوەی من بگەمە بەغدا، سوپای عێراق بوو بە هەڵم و ونبوو، تەنانەت پێش گەیشتنی من بۆ بەغدا جەنەڕاڵ جۆن ئەبو زەید، ئەو راستییەی بە جۆرج بۆش، سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا، راگەیاند".

برێمەر زیاتر دەڵێ "كورد و شیعە لە ئەگەری هەڵنەوەشاندنەوەی سوپای عێراق، هەڕەشەیان دەکرد، تەنانەت كورد هەڕەشەی سەربەخۆییان دەكرد ئەگەر سوپای پێشوو هەڵنەوەشێنرێتەوە، شیعەش دەیانگوت ئەو سوپایە بەبێ سەدام حوسێنیش هەر سوپای سەدامە".

حاکمی مەدەنی پێشووی عێراق لەبارەی لێدانی داعش لە سووریا ئاماژەی بەوەكرد، كە "ئەمریكا هیچ كات هەماهەنگی لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا ناكات و هێرشی ئاسمانی ئەمریكا بۆ سەر داعش لە سووریا نزیكبووەتەوە، چونكە شكستپێهێنانی داعش لە عێراق بەبێ شكستپێهێنانی لە سووریا ئەستەمە، جگە لەوەی پێویستە لەسەر ئەمریكا بە دوو هێندەی ئێستا هاوكاری كورد بكات".

پۆل برێمەر دەشڵێ، "پێویست بوو لەسەر ئەمریكا پێش سێ ساڵ هێزی ئاسمانی سووریا لەناو ببات، هاوكات هیچ هەماهەنگییەكی نهێنی لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا نییە، تەنیا هەردوولا بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە لە شكستپێهێنانی داعش".

برێمەر ئەوەشی خستەڕوو، كە "نووری مالیكی ئەو ئەفسەرانەی لە سوپا دوور خستەوە، كە لەلایەن سوپای ئەمریكاوە مەشقیان پێكرابوو، بۆیە سوپای عێراق لە موسڵ بەرگری نەكرد و رووخا و ئێستاش نەیاری دروستكردنی پاسەوانی نیشتمانییە لە عێراق، هاوكات بوونی گرووپی چەكداریی عەسائیبی ئەهلی حەق كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن، تووشی دڵە راوكێی كردووم".

فەرمانڕەوای مەدەنی پێشووی ئەمریكا لە عێراق هاوكات جەخت لەوەدەكات، کە "بوونی هێزی پیادەی ئەمریكی لەسەر خاكی عێراق پێویستە بۆ رزگاركردنی ئەو ناوچانەی چەكدارانی داعش داگیریان كردووە، هاوكات بڕیاری كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە ساڵی 2011 لە عێراق، هەڵەبوو".

برێمەر هەروەها لە وەڵامی پرسیارێك لەبارەی ئەوەی ئەگەر ئەو راوێژكاری داعش بووایە، بەچی ئامۆژگارییانی دەكرد، دەڵێ "ئامۆژگارییان دەكەم درێژە بە جەنگیان لە دژی ئەمریكا بدەن، چونكە هێستا دیار نییە ئەمریكا بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ بەشداری لە جەنگی دژی داعش دەكات یان نا، بۆ درێژكردنەوەی".








رووداو
Top