شنیا شێركۆ: نازانم بۆ پاڵەوانیەتییەكان لەكاتی خوێندن بەڕێوەدەچن

شنیا شێركۆ: نازانم بۆ پاڵەوانیەتییەكان لەكاتی خوێندن بەڕێوەدەچن
شنیا یەكێكە لە یاریزانە بەتواناكانی یاری بالە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق، ماوەی چەند ساڵێكە لە ریزی یانەی برایەتی و پەروەردەی كۆیە یاری دەكات، لە خولەكانی كوردستان شنیا بە ئاستە بەرزەكەی توانی سەرنجی زۆربەی هەوادارانی یاری بالە بۆخۆی رابكێشێ، ناوبراو لە دایكبووی ساڵی1991ی شارۆچكەی كۆیەیە و لە هەمانكاتیشدا قوتابی كۆلیژی ئەندازیاری بەشی تەلارسازییە لە زانكۆی سەڵاحەدین، ئێمەش لە نزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
* سەرەتای دەستتپێكردنی وەرزشیت چۆن بوو؟
- سەرەتا كە هاتمە نێو بواری وەرزشیەوە لە قوتابخانەكانەوە بوو بە یاری گۆڕەپان و مەیدان. لە یاری بازی بەرز دواتر لە ساڵی 2006 دەستم پێكرد راستەوخۆ لەگەڵ دامەزراندنی تۆپی بالەی یانەی برایەتی هاتمە ریزی یانەكە و ئەم یارییەم هەڵبژارد و تاكو ئێستاش لێی دانەبڕاوم.
* یاری بالە لە كوردستان بە شێوەیەكی گشتی لە چ ئاستێكدایە؟
- لەچاو ساڵانی پێشوو ئێستا بەرەو پێشچوونێكی باشی بەخۆیەوە بنیوە، ئێستا یانەكان زۆربەیان تیپی بالەیان دروستكردووە، ئاستی یارییەكەش رۆژ بە رۆژ لە بەرەوپێشچوونە.
* ساڵێك خۆئامادەكردن بۆ پاڵەوانەتێكی پێنج رۆژی تۆ ئەمكارە بە رەوا دەزانی بۆبەرەوپێشچوونی ئەم یارییە؟
- نەخێر بە هیچ جۆرێك بەڕەوای نابینم، زۆربەی پاڵەوانەتیەكان لە كاتی خوێندن بەڕێوە دەچن، ئێستاش زۆربەی یاریزانەكان قوتابی كۆلیژ و خوێندنگاكانن، كێشەیان بۆدروست دەبێت، پێویستە خولەكانیش ماوەكەیان زیاد بكرێت، نەك بەم شێوەیەی ئێستا بەچەند رۆژێك ئەم خولە گەورەیە كۆتایی پێبهێنرێت، پێویستە خولەكەش لە كات و ساتی پێویست ئەنجام بدرێت.
*وەكو یاریزانێك بۆ بەرەوپێشچوونی یاری بالە لە كوردستان چی بكرێت باشە؟
- بۆئەوەی خولەكان سەركەوتوو بن، پێویستە پاڵەوانەتیەكان لە پشووی هاوین ئەنجام بدرێن،خولی زۆر و بەردەوام بكرێنەوە، لەگەڵ كردنەوەی قوتابخانەی پێگەیاندن بۆ یاریزانانی كچ بۆئەم یارییە.
* كێشەوگرفتان چیە لەم یارییە؟
- وەكو یاریزانانی یانەی برایەتی هیچ كێشەیەكمان نییە، چونكە دەستەی كارگێڕی یانەكە پشتگیری تەواومان دەكەن، بەڵام كێشەی نەبوونی هۆڵمان هەیە.
* مەشقەكانتان لە شاری كۆیەیە، بارەگای یانەكەشتان لە شاری هەولێرە، ئایا كێشەتان بۆ دروست نابێت؟
-بەلێ كێشەمان هەیە ئەویش تەنیا لە رووی نەبوونی یاریگایەكی تایبەت بەخۆمانە، ئەویش یاریگای خۆمان نییە، چونكە یاریگاكە تایبەتە بە یانەی كۆیە، ئێمەش هەموو یاریزانەكانمان لە شاری كۆیەین و خەڵكی ئەو شارەین، ئەگەر یاریگایەكی تایبەت بەخۆمان هەبێت ئەوە بۆ ئێمە زۆر باشتر دەبێت.
* لە دوو خولی نایابی كوردستان و عێراق بەشداریت كردووە، كامەیان بەهێزتربوو؟
- خولی عێراقی بەهێزترە، چونكە ئاستی تیپەكانیان زۆربەرزە و یاریزانەكانیش بەهەمان شێوە،خولی كوردستانیش بەهێزە، بەڵام بەم شێوەیە نییە.
* ئاستی راگەیاندنەكان چۆنە لە گرنگیدان و چۆنیان هەڵدەسەنگێنیت؟
- باشە، بەڵام هەندێك رۆژنامەنووس لە ئاستی پێویست نین، بۆنموونە لە پاڵەوانەتیەكان تەنیا لە یاری دەستپێك و كۆتایی پاڵەوانەتیەكە ئامادەی یارییەكان دەبن، ئەمەش كاریگەری خۆی لەسەر ئاستی یاریزانان دەبێت.
* كەموكوڕییەكانی خولی نایابی كوردستان لەچی بەدی دەكەیت؟
- پێم باشە لە خولی كوردستان لە هەفتەی (یەك) یاری بەڕێوە بچێت، نەك هەموو یارییەكان بەیەكەوە بە زووترین كات ئەنجام بدرێن، بۆئەوەی بتوانین مەشقێكی باش بكەین و خولەكەش بەهێزتر دەبێت.
* قوتابی بوونت لە كۆلیژ رێگریت لێناكات لە وەرزش كردنت؟
- تا راددەیەك كاریگەری بەسەر خوێندنم هەیە، بەڵام پڕۆگرامێكی تایبەتم بۆخۆم داناوە، چونكە خولیای وەرزش كردنم بۆیە ناهێڵم كاریگەری بەسەر خوێندنمەوە هەبێت.
* راستە چەند یانەیەك داوایان لێكردی یارییان بۆبكەی؟
-بەلێ، بەڵام بەهیچ جۆرێك بیرم لە جێهێشتنی یانەی برایەتی نەكردۆتەوە، چونكە لەو یانەیە پەروەردە بوویمە.
* لە هەڵبژاردەی عێراق بانگهێشت نەكراوی؟
-نەخێر تاكو ئێستا ئەو درفەتەم بۆنەڕخساوە تاكو درێسی هەڵبژاردەی عێراق بپۆشم.
Top