سابیرعەبدولڕەحمان: نازانم بۆچی كەناڵەكان مەنەلۆجەكانم دانابەزێنن

سابیرعەبدولڕەحمان: نازانم بۆچی كەناڵەكان مەنەلۆجەكانم دانابەزێنن
سابیر عەبدولڕەحمان لەگوندی هاوەڵانی سەربەدەشتی هەولێر لەساڵی 1947لەدایك بووە. تاكوئێستا خاوەنی چەندین دراماو مەنەلۆج و شانۆیە. لەدیمانەیەك لەگەڵ گۆڤاری گۆڵان هۆكاری دووركەوتنەوەی لەمەنەلۆج ئاشكرا دەكات.
یەكەم مەنەلۆجم بۆمنداڵان بوو
سابیر یەكەم كاری مەنەلۆجی بۆ منداڵان بوو بەناوی “حاجی لەق لەق مار هات” دەڵێ سەركەوتنێكی زۆر باشم بەدەست هێنا.
سێ كەس تێكستی مەنەلۆجەكانم دەنووسن
سابیر لەبارەی كێ تێكستی مەنەلۆجەكانی دەنووسێت وتی “مامۆستا شێخ عەبدوڵڵا كەریمی بەرزنجی و عەزیزی مەلای رەش” كە زۆر یارمەتیان دەدام و بۆیان دەنووسیم، منیش خۆم تەواوم دەكردو دەموتن. زۆربەی مەنەلۆجەكانیش باس لەدیاردە كۆمەڵایەتیەكان دەكات.
نازانم بۆچی مەنەلۆجەكانم لەشاشەكان دانابەزن
سابیر لەبارەی دانەبەزاندنی مەنەلۆجەكانی لەكەناڵە راگەیاندنەكان وتی، نازانم هۆكارەكەی چییە دەتوانن ئەم پرسیارە لە دەزگا راگەیاندنەكان بكەن. هەموو كەناڵەكانیش مەنەلۆجەكانی منیان هەیە. مەنەلۆجەكانیشم بۆئێستا هەموویان بەكەڵك دێن، چونكە تاكو ئێستا كێشەكان لەنێو كۆمەڵگە هەر ماون، بۆنموونە “بوك و خەسو، كاكی شوفێر”.
خەڵك زۆر داوام لێدەكات كاری تازەبكەم
سابیر لەبارەی هۆكاری دووركەوتنەوەی لەمەنەلۆج وتن دەڵێت، خەڵك زۆر داوام لێدەكات كەكاری تازە بكەم، مرۆڤ كاتێك كارێك دەكا بەدڵێكی خۆشەوە دەیكات، بەڵام گەر كاریش بكەم، دەزانم بۆم بڵاو ناكەنەوە، چونكە كاری هونەری ئێستا هەمووی بۆتە خۆمانە خۆمانە. بۆیە لەدڵم خۆش نییە كاری تازە بكەم.
دوانزە كلیپم كرد بەدڵم نەبوو
سابیر بەر شەش ساڵ دوانزە كلیپی كردووە بۆ مەنەلۆجەكانی، بەڵام دەڵێ بەدڵم نەبوو پارەی یەك كلیپی ئەم هونەرمەندانەیان دا بەمن كە دەڵێن خزمەتی هونەری كوردی دەكەین، بەڵام نازانن هونەری كوردی لەناو دەبەن.
رۆڵی زاوام بینی لەیەكەم شانۆ
سابیر یەكەمجار كەچۆتە سەرتەختی شانۆ، بەشداری لەشانۆی بووك و زاوا كردووە و رۆڵی زاوای بینیوە و دەشڵێت، یەكێكی تریش كوڕبوو رۆڵی بووكی دەبینی.
توانیم دوو بۆشایی گەورە لەهونەری كوردی پڕبكەمەوە
سابیر دەڵێ، توانیم دوو بۆشایی زۆر گەورە لەهونەری كوردی پڕبكەمەوە، یەكیان مەنەلۆج، ئەوەی تریان دامەزراندنی تیپی میللی. سەرەتا بەكاری شانۆ دەستم پێكردو دوایی مەنەلۆج، دەشڵێت دواتر بەرە بەرە توانیم تیپێكی میللی دابمەزرێنم بەناوی “تیپی هونەری میللی” ئەم تیپە توانی خزمەتێكی باش بەهونەری كوردی بگەیەنێت. تاكو ئێستاش ماوە، بەڵام وەك جاران باش نییە. ئەوكات تەمەنی تیپەكە ساڵ و نیوێك بوو، توانیمان سەردانی روسیا بكەین.
پەشیمان نیم كەبەشداریم لەدرامای فرمێسك كرد
سابیر پەشیمان نییە لەبەشداری كردنی درامای فرمێسك، چونكە پێیوایە رۆڵەكەی، رۆڵێكی باش بوو، هەروەها دەشڵێ سەرنەكەوتنی درامای فرمێسك لەبەر رێكنەكەوتنی هونەرمەندەكان لەنێوان خۆیان و هەروەها كێشەیەكی شەخسی بوو لەنێوانیان. كەچی دراماكە هونەرمەندی زۆر باشی تێدابوو، بەڵام ئەگەر لەگەڵ نیمچە نەزانان كاربكەی، كارەكە هەر رەخنەی لێدەگیرێت.
بەرنامەی سیمرخی مام عەوڵا گوێگرێكی زۆری هەبوو
سابیر لەبارەی بەرنامەی سیمرخی مام عەوڵا دەڵێ، ئەوكات داوایان لێكردم كەبەرنامەیەكی رەخنەئامێز پێشكەش بكەم. ئەوەبوو بەرنامەكە زۆرسەركەتووانەبوو، گوێگرێكی زۆری هەبوو. كاتێك رەخنەیەكم لەكەسێك دەگرت، بەبێ بەڵگە قسەم نەدەكرد. ئێستاش زۆر بەرنامە هەن وەكو بەرنامەكەی من بۆنموونە “سمایل و عەیشێ” ئەویش توانیویەتی تاڕاددەیەكی باش سەركەتوو بێت، بەڵام زۆر جار سمە لەجیاتی كەسێك بڕیار دەدات، كە ئەمەش نابێت.
مەولەوانێكی زۆرباشم
سابیر مەلەوانێكی زۆر باشە و دەڵێت بەتایبەت لەژێر ئاو دەتوانم هەناسەی خۆم قوت بدەمەوە.
وەڵامی بەرنامەكانیان نەدامەوە
سابیر وەك باسی دەكات و دەڵێت، كاتێك گەڕامەوە كوردستان چەند بەرنامەیەكم دا بەكەناڵە ئاسمانییەكان، بەڵام وەڵامیان نەدامەوە. بۆنموونە دەمەویست بەرنامەیەكی منداڵان پێشكەش بكەم بەهۆی بەرنامەكەوە منداڵ متمانە بەخۆی بكات، چونكە داهاتووی ئێمە لەدەست منداڵە.
بەرنامەی خەرمانی نیگا
وەكو مەنەلۆج وایە
لەتەلەڤزیۆنی نیگا هەفتانە بەرنامەیەكی هەیە بەناوی خەرمانی نیگا، دەڵێ ئەم بەرنامەیە من و چەند هاوڕێیەكم كە هەفتانە لەگوندەكان وێنەدەگرین، لەچەند بڕگەیەك پێكهاتووە، حەیران و كورتە دراماو مەتەڵ و هەروەها باس لەكێشە كۆمەڵایەتیەكان دەكەین، دەتوانم بڵێم بەرنامەكە وەك و مەنەلۆج وایە.
Top