فێستیڤاڵی نا بۆ توندوتیژی به‌رِێوه‌ده‌چێ

فێستیڤاڵی نا بۆ توندوتیژی به‌رِێوه‌ده‌چێ
وه‌كو به‌شێكى گرنگ و به‌شدار له‌ كۆمه‌ڵگا، هونه‌رمه‌ندان له‌ رێگاى به‌رِێوه‌به‌رایه‌تى گشتى سینه‌ما بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵمه‌تى توندوتیژی دژی ژنان فێستیڤاڵی نا بۆ توندوتیژی كورته‌ فیلم سازده‌كه‌ن.

ئه‌م فێستیڤاڵه‌ كه‌ له‌ رۆژانى 19و20و21/12/2010 له‌ هۆڵی پێشه‌واى شارى هه‌ولێر به‌رِێوه‌ده‌چێ، رۆژانه‌ له‌دوو كاتى جیاوازدا به‌یانیان له‌ كاتژمێر 10,30ى به‌یانى و ئێواران كاتژمێر 4 كورته‌فیلمه‌ به‌شداره‌كانى فێستیڤاڵ نمایش ده‌كرێن، كه‌ خۆی له‌ 31 فیلم ده‌بینێته‌وه‌.

ناسر حه‌سه‌ن به‌رِێوه‌به‌رى گشتى سینه‌ما له‌ لێدوانێكى تایبه‌تدا گوتى"بۆ ئه‌م فێستیڤاڵه‌ جگه‌ له‌و 10 فیلمه‌ى كه‌ خۆمان به‌رهه‌ممان هێنا، 50 فیلمى دیكه‌ له‌ "هه‌ولێر، سلێمانى، دهۆك، كه‌ركووك، پارچه‌كانى دیكه‌ى كوردستان، ولاَتانى ئه‌وروپا" گه‌یشته‌ ده‌ستمان و دواى ئه‌وه‌ى لیژنه‌ى دادوه‌رى دانیشتن، برِیاردا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى 11 كورته‌ فیلم له‌ به‌شی پێشبرِكێ نمایش بكرێ و 20 كورته‌ فیلمیش له‌ به‌شی نمایش به‌شدارن".

ناسر وتیشی له‌ رۆژی یه‌كه‌مى فێستیڤاڵدا هه‌ریه‌ك له‌ ده‌رهێنه‌رانى فیلمى سینه‌مایی "شوێنێك بۆ یارى- شه‌وكه‌ت ئه‌مین كوركى، گه‌رِه‌كى داهۆڵه‌كان- حه‌سه‌ن عه‌لى و عومه‌ر چاوشین" خه‌لاَتى رێزلێنانیان پێشكه‌ش ده‌كرێ، ئه‌مه‌ش له‌پاى ئه‌و خه‌لاَته‌ى كه‌ له‌ به‌غدا ئه‌وان وه‌ك نوێنه‌رانى كورد به‌ده‌ستیان هێناوه‌".

فیلمه‌ به‌شداره‌كانى به‌شی پێشبرِكێی فێستیڤاڵی نا بۆ توندوتیژی بریتین له‌:" ژن، چریسك، ئاوازى ره‌ش، خوێنى هه‌نار، لێره‌ جاده‌كان بىَ كۆتایین، برِیارێك، دایكێكى تر، هێلین، پێش تۆفان، په‌نا، ئاوس".
Top