پەیوەند جاف: بە مەبەستی لە ئاهەنگی كۆنگرەی 13 پارتی هاتوومەتەوە

پەیوەند جاف: بە مەبەستی لە ئاهەنگی كۆنگرەی 13 پارتی هاتوومەتەوە
گوڵان: لە سەردانی ئەم جارەت بۆ كوردستان چی كارێكی هونەریت لەژێر دەستە؟
پەیوەند جاف: سەردانی ئەم جارەم بۆ كوردستان بۆ كۆنگرەی سیانزەی پارتی دیموكراتی كوردستان بانگهێشتكراوم، بۆدەستپێكی كۆنگرەكەو بۆماوەی هەفتەیەك دەمێنمەوە. هەروەها بەنیازم كە گەڕامەوە كۆمەڵێك ئاهەنگ لەشارەكانی یۆتۆبۆری و ئەڵمانیا لەندەن بۆسەری ساڵ ئەنجام بدەم.

گوڵان: بەڕای تۆ جیاوازی نێوان ئاهەنگ و كۆنسێرت چییە؟
پەیوەند جاف: جیاوازیان ئەوەیە كاتێك خەڵك دێت بۆكۆنسێرت تەنیا گوێ لەگۆرانیەكان دەگرێت بەدڵەوە، بەڵام كاتێك خەڵك دێت بۆئاهەنگ دەتوانم بڵێم هەر ئاگاداری گۆرانیەكان نییە و نازانێت چیش دەگوترێت، تەنیا بۆهەڵپەڕین دێت.

گوڵان: ماوەیەكە پەیوەند جاف بێدەنگە، هەست ناكەی كە زوڵمێك لەهەوادارانت دەكەی؟
پەیوەند جاف: راستە، بەڵام حەزناكەم زۆر گۆرانی بڵێم، كاتێك گۆرانیەك بڵێم پێمخۆشە لەنێو خەڵك بمێنێتەوە، حەزیش ناكەم گۆرانیەك بڵێم دوایی لێی پەشیمان ببمەوە، ئێستاش خەریكی بەرهەمێكی تازەم چەند گۆرانیەك لەبەرهەمەكەم تەواو بووە و وردەوردە خەریكیم، نازانم كەی تەواو دەبێت، تاكو ئێستاش هیچ ناوێكم بۆ بەرهەمەكەم دانەناوە.
گوڵان: بەرهەمی پێشووت “هەڵكەوت زاهیر” كاری بۆكردی، ئایا بەرهەمی ئەم جارەشت لەلایەن ئەوەوە دەبێت؟
پەیوەند جاف: نەخێر، كاری ئەم جارەم پێوەندی بە “هەڵكەوت زاهیر”ـەوە نییە. ئەم جارە كارەكانم جۆرێكی ترە، كۆمەڵێك هونەرمەند كاریان بۆكردووم وەكو “هێمن حوسێن، دیدەن، عارفی شەكوری” ئەم برادەرانە كاریان بۆكردووم. هەروەها گۆرانیەكیشم لەتوركیا ئامادەكردووە و گۆرانی هەڵپەركێ و ئاشقان و هەورامی و كۆمەڵێك مەقامیشی تێدایە.
گوڵان: هەڵبژاردنی تێكست تاچەند سەختە بەتایبەتی تێكستی هەورامی؟
پەیوەند جاف:خۆم پەرتوكێكم هەیە كەفەرهەنگی گۆرانیە كوردییەكانە، شێوازی گۆرانیەكەی هەورامیە بەڵام تێكستەكەی سۆرانیە.
گوڵان: تاكوئێستا تێكستی كلاسیكت بەكارهێناوە؟
پەیوەند جاف: بەڵێ، تێكستی كلاسیكم بەكارهێناوە بۆ گۆرانی وتن. گۆرانی خۆی تێكستی تایبەتی هەیە، دەبێت وشەكانی سادەو ساكار بێت.
گوڵان: بەڕای تۆ كلیپ تاچەند گرنگە بۆناساندنی هونەرمەند؟
پەیوەند جاف: كلیپ زۆر گرنگە بۆهونەرمەند، بەڵام كلیپ تەواوكاری دەنگەكەیە ئەگەر دەنگخۆش نەبێت كلیپەكە بۆماوەی هەفتەیەكەو تەواو نامێنێت، ئەگەر دەنگەكە خۆش بێت و كلیپەكە جوان بێت، ئەوكات هونەرمەندەكە سەركەوتوو دەبێت. ئێستا كلیپەكان بەدەگمەن هەن جێگەی پەنجەیان دیاربێت.
گوڵان: گەر سەیر بكەین “پەیوەند جاف” كەسێكی هێمن و لەسەرخۆیە، دەتوانین بڵێین بەمنداڵیش هێمن و لەسەرخۆ بوویت؟
پەیوەند جاف: بەراستی بەمنداڵێ، منداڵێكی هاروهاج بووم، كاتێك منداڵ بووم زۆر حەزمدەكرد لەدەرگای ماڵان بدەم و رابكەم. زۆرجاریش لەگەڵ منداڵانی گەڕەكەكەمان شەڕم دەكرد.
گوڵان: رۆژانە زیاتر بەچییەوە خەریكی؟
پەیوەند جاف: رۆژانە زۆر حەزدەكەم پیاسە لەنێو سروشتێكی جوان بكەم، بۆماوەی كاتژمێرێك پیاسەدەكەم پاشانیش لەگەڵ هاوڕێی میوزیكژەنەكان كۆدەبینەوەو گفتوگۆ لەسەر كاری هونەری دەكەین. كاتەكانی تریشم لەگەڵ ماڵ و منداڵەكەم بەسەردەبەم.
گوڵان: ئەگەر یەكێك لەتیڤیەكان داوات لێبكات بۆپێشكەشكردنی بەرنامەیەك تاچەند ئامادەی؟
پەیوەند جاف: لەوانەیە بتوانم بەرنامە پێشكەش بكەم، بەڵام ئەم كارە پێوەندی بەگۆرانی گوتنەوەوە نییە، ئەمە كارێكی ترە دەبێت زۆر پڕۆفێشناڵ بیت، ئینجا ئەم كارە بكەی زۆر لەهونەرمەندان ئەم كارەیان كرد، بەڵام زیاتر رەخنەیان لێگیراوە لەجیاتی دەست خۆشی.
گوڵان: گەر داوات لێبكرێت بۆبەشداری كردنت لەفیلمێكی سینەمایی تاچەند ئامادەی؟
پەیوەند جاف: ئەگەر فیلمەكە لەئاستێكی بەرز دابێت زۆرم پێخۆشە.
گوڵان: رات چۆنە بەرامبەر خۆشەویستی، دەتوانین بڵێین ژیانی هاوسەریت بەخۆشەویستی پێك هێناوە؟
پەیوەند جاف: ژیان بەبێ خۆشەویستی نابێت، گەر خۆشەویستی نەبێت ژیان دەوەستێت، ژیانی هاوسەریم بەخۆشەویستی پێكهێناوەو ئێستاش خاوەنی كوڕێكم بەناوەی”ئاران”.
گوڵان: لەگەڵ جگەرەكێشان چۆنی؟
پەیوەند جاف: جگەرە دەكێشم، بەڵام بەشێوەیكی كەم. هەربیرم نییە جگەرە بكێشم گەر بیرم نەخەنەوە.
گوڵان: گوایە بەشداریت لەئاهەنگی زەكەریا كرد و لەگەڵ جەیلانە گۆرانیت وت، ئەمە تاچەند راستە؟
پەیوەند جاف: بەڵێ، بەشداریم كرد هەموو ئەوگۆرانیبێژانەی كە ئامادەبووین، گۆرانیمان وت.
Top