نەجمەدین غولامی: ئەمساڵ چەند كۆنسێرتێكم بۆ ئاوارەكانی بناری قەندیل كردووە

نەجمەدین غولامی: ئەمساڵ چەند كۆنسێرتێكم بۆ ئاوارەكانی بناری قەندیل كردووە
هونەرمەند نەجمەدین غولامی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانەو ماوەی چەند ساڵێكە لەدەرەوەی وڵات دەژی، ئێستا لە وڵاتی سوید لەگەڵ خێزانەكەی ژیان بەسەردەبات. نەجەمەدین غولامی لەدیمانەیەك لەگەڵ گوڵان باس لە یادەوەریەكانی سەردەمی پێشمەرگایەتی خۆی دەكات.


تەمەنم 14ساڵ بوو یەكەم گۆرانیم تۆماركرد
نەجمەدین لەبارەی یەكەم بەرهەمی دەڵێ، لەتەمەنی 14ساڵی بووم یەكەم بەرهەمی خۆم تۆماركرد. كە ئاوازی خۆم بوو بەناوی «نەخۆشم مەستم دووچاوی كاڵم» تێكستەكەی هی وەفایی بوو. هەروەها ئاماژەی بەوەشدەدا كە نزیكەی 10_15بەرهەمی هەیە لەسەركاسێت هەیە و لەمبارەیەوە دەڵێ، ئەوكاتە سیدی نەبوو هەروەها8 سیدیشم هەیە زۆربەی ئاوازەكانیان هی خۆمە. هەروەها سروودی نیشتمانیش لەبەرهەكانم دا هەیە. ئێستاش كۆمەڵێك گۆرانی نیشتمانیم ئامادەكردووە بەنیازم تۆماریان بكەم و كلیپیان بۆبكەم.
هەموو ئاواتم ئەوەیە بەیەكجاری بگەڕێمەوە كوردستان
نەجمەدین زۆر حەزدەكات بەیەكجاری بگەڕێمەوە كوردستان، وەك خۆی باسی لێوەدەكات و دەڵێ: چەند جارێك داوام لەبەرپرسانی حكومەت كردووە بۆئەوەی بگەڕێمەوە كوردستان، بەڵام بەهانامەوە نەهاتوون.
چەند كۆنسێرتێكم لەكوردستان ئەنجامدا
نەجمەدین دەڵێ ئەمساڵ چەند كۆنسێرتێكم لە كوردستان ئەنجامدا، لەهەریەك لە شارەكانی هەولێر و كفری رانیە و كەركوك بۆ ئاوارەكانی بناری قەندیل.
كۆنسێرت كردن زۆرگرنگە بۆنەوەی ئێستا
نەجمەدین لەبارەی گرنگی كۆنسێرت بۆ هونەرمەند وتی: پێویستە ئەو هونەرمەندانەی كەتوانایان هەیە لەبواری خۆیان دانەبڕێن و هەروەها خەڵكەكەش فێری فەرهەنگێكی تر نەبن، ئەو هونەرمەندانەی كە جێگەی پەنجەی خۆیان دیارەو هونەری كوردیان تا ئەمڕۆ هێناوە پێمخۆشە لایەنە پێوەندیدارەكان بەسەرییان بكەنەوە بۆئەوەی گەنجی ئێستا بزانێت هونەری كوردی چۆنە، چونكە ئەمڕۆ هەندێ هونەرمەند پەیدابوونە كەهونەری كوردییان چەواشە كردووە گۆرانی عەرەبی و توركی وەردەگێڕن دەیكەن بەكوردی.
هونەری كوردی تووشی قەیران بووە
نەجمەدین پێیوایە ئێستا زۆرێك لەهونەرمەندان هونەری كوردیان تووشی قەیران كردووە. بەهۆی ئەوەی ستایلی بیانی تێكەڵ بەهونەری كوردی دەكەن، گەر دەیانەوێ سوود لەهونەری بیانی وەربگرن، با بەشێوەیەكی زانستیانە وەریبگرن.
زۆرخۆشحاڵم ئافرەت دێتە نێو بواری گۆرانی وتن
نەجمەدین زۆر خۆشحاڵە بەوەی بەم ئازادیەی لەكوردستان هەیە بەوەی كە ئافرەت دێتە نێو بواری هونەری گۆرانی وتن، بەڵام دەشڵێت: لەگەڵ ئەودانیم كە ئەو هونەرمەندانە لاسایی هونەرمەندانی عەرەب و تورك بكەنەوە، چونكە ئێستا زۆربەی گۆرانیبێژەكان كاتێك گوێت لەگۆرانیەكانیان دەبێت نازانی ئەمە گۆرانی كوردیە تاكو گوێت لەتێكستەكە نەبێت.
كۆلێژ و پەیمانگاكان لەسەر بنەمای هونەری نین
نەجمەدین لەبارەی كۆلێژ و پەیمانگای هونەرەجوانەكان دەڵێت، ئەم كۆلێژ و پەیمانگایانە لەسەر بنەمای هونەری كوردی نینە. بەڵگەشم هەیە بۆئەمە ئەگەرسەیری ئەرشیفی ئەم پەیمانگایانە بكەی بزانە چەند سەرچاوەی هونەری تێدایە تاكو ئەم قوتابیانە گوێ بگرن، بۆنموونە بزانن میوزیكی بابان چییە ناوچەی شكاك و بادینان چییە من لێرەوە پرسیار لەو قوتابیانە دەكەم كە لەو كۆلێژ و پەیمانگایانە دەخوێنن ئایا دەزانن میوزیكی بابان چییە؟ بەدڵنیاییەوە دەزانن و نایناسێت. ئێستا حكومەت ئەزیەتی ئەوە دەكێشێت كە رێكخراو و كۆلێژ دادەمەزرێنێت، تەنیا بۆئەوە داینەمەزرێنێت بڵێن كۆلێژمان هەیە، دەبێت خزمەتی بنەمای هونەری كوردی بكات. بۆنموونە ئێمە تاكو ئێستا ناوێكی تەواومان نییە بۆلاوك و حەیران، لەڕۆژهەڵات دەڵێین «ماهور» لە رۆژئاوا دەڵێین «عەجەم « لەبواری راستەقینەی هونەری كوردی ئێمە لەبواری لاوك وحەیران و ئاوازەوە زۆر دەوڵەمەندین، بەڵام بەداخەوە لەبواری لێكۆڵینەوەی سەرچاوەكانی زۆر هەژارین.
خۆشترین یادگاریم ئەو كاتەیە كە پێشمەرگە بووم
نەجەمدین دەڵێ، خۆشترین یادگاریم ئەوكاتەبوو كەپێشمەرگەبووین لەشاخدا، لەگوندێك بووین شوێنی تایبەتمان نەبوو، شوێنی مانگاو ئاژەڵانمان پاكردەكردەوە، جارێكیان بەنیازی تۆماركردنی گۆرانیەك بووم، لەناكاو مانگایەك سەریی كردە پەنجەرەكەوە كردیە بۆڕەبۆڕ و تۆماركردنەكی لێ تێكداین، دوایی دەرمان كرد دیسان هاتەوە دەستی كردەوە بە بۆڕەبۆر.
لەكۆندا پیاو بەیەك دیداری خۆشەویستەكەی دڵی خۆش دەبوو
نەجمەدین پێیوایە هونەرمەند گەر ئاشق نەبێت، ناتوانێت كاربكات، چونكە گەرخۆشەویستی نەبێت ژیان دەمرێت. هونەرمەند نەجەدین غولامی وەك باسی دەكات و دەڵێت: خۆشەویستی ئێستا وەك خۆشەویستی كۆن نییە، لەكۆن دا پیاو بەیەك دیداری خۆشەویستەكەی دڵی خۆش دەبوو، بەڵام ئێستا بەداخەوە لەبەر تەكنۆلۆژیای سەردەم خۆشەویستی بۆتە رابواردن.
لەشاخیشدا گۆرانیمان تۆمار دەكرد
نەجمەدین دەڵێ، بۆ یەكەمجار كە روومان لەشاخ كرد ویستمان كاری هونەری بكەین، من و هونەرمەند ناسری رەزازی و كۆمەڵێك هونەرمەند بووین، كۆڕێكمان دانە بەناوی فۆرمی میوزیكی بانگەواز ئەوكاتیش بەرهەمەكانمان زۆر بەباشی لەنێو قوتابیەكانی كۆلێژ بڵاو دەبووەوە.
Top