نازدار: بەنیازم بۆ ئاهەنگەكــانی سـەری ســاڵیش بگەڕێمەوە بـــــۆ كوردستان

نازدار: بەنیازم بۆ ئاهەنگەكــانی سـەری ســاڵیش بگەڕێمەوە بـــــۆ كوردستان
نازدار دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیایەو ئێستا بەداوەتی كۆنگرەی 13پارتی گەڕاوەتەوە كوردستان، لەدیمانەیەك لەگەڵ گۆڤاری گۆڵان باس لەگەڕانەوەی ئەمجارەی دەكات و هەوروەها دەڵێت كۆمەڵێك شت بەناوی منەوە بڵاو كراوەتەوە لە گۆڤار و رۆژنامەكان كە دوورن لەراستی.


هاتنەوەی ئەمجارەم تایبەت بوو بەكۆنگرەی پارتی
نازدار دەڵێت، هاتنەوەی ئەمجارەم بۆ كوردستان تایبەت بوو بە كۆنگرەی 13پارتی دیموكراتی كوردستان. هەروەها بەنیازم بۆ سەری ساڵ بگەڕێمەوە بۆ چەند ئاهەنگێك.
هەستم زۆرخۆش بوو كاتێك گۆرانیم وت
نازدار دەڵێت، كەسی زۆر گەورە دانیشتبوون لەكۆنگرە بەڕاستی زۆر دڵخۆشبووم كە توانیم بە هونەری خۆم بەشداری بكەم، هەستێكی زۆر خۆشم هەبوو كاتێك گۆرانیم وت، چونكە بۆ مەبەستێكی گرنگ گۆرانیم وت.
بڵێی و نەڵێی هونەرمەند هەرلەنێو سیاسەتە
نازدار لەبارەی ئەوەی لەگەڵ سیاسەت چۆنە، وتی: بڵێی و نەڵێی هونەرمەند هەر لەنێو سیاسەت دەژی، رۆژانە سەیری هەواڵی سیاسی دەكەم لەسایتەكان، چونكە من خەڵكی شوێنێكی ژێردەست كراوم و رەوشی سیاسی ئەم شوێنە نالەبارە تاكو ئێستا، هەر بۆیەشە لەوڵاتی ئەڵمانیا دەژین.
لەبەر رەوشی كوردایەتی باوكم سێ ساڵ لە زیندان بوو
نازدار دەڵێت، تەمەنم چوارساڵ بوو كاتێك چووینە ئەڵمانیا، چونكە ئەوكات رەوشی جزیری بۆتان زۆرناخۆش بوو. باوكمیان بۆماوەی سێ ساڵ لەزیندان كرد، ئەوەش ناخۆشترین شت بوو لەژیانی ئێمەدا.
تەمەنم شەش ساڵ بوو كاتێك چوومە سەر تەختی شانۆ
نازدار باس لەوەدەكات و دەڵێ یەكەمجار كەچوومە تەختی شانۆ، تەمەنم شەش ساڵ بوو گۆرانی منداڵانم وت. كاتێك گۆرانیەكەم وت خەڵك دەنگی منیان زۆر پێخۆش بوو، باوكم وتی نازدار بۆ بەردەوام نابیت لەگۆرانی وتن. سەرەتا گۆرانی فۆلكلۆر بڵی، چونكە گەر فێری گۆرانی فۆلكلۆر بی، فێری ئەوانی تر هەر دەبی.
هەر بەردەوام دەبم لەگۆرانی فۆلكلۆر
نازدار پێیوایە خۆشترین گۆرانی لای ئەو فۆلكلۆرە. دەڵێت گوێ لەگۆرانیەكانی تریش دەگرم، حەزدەكەم بەهەموو ستایلێكیش گۆرانی بڵێم، بەڵام هەربەردەوام دەبم لە وتنی گۆرانی فۆلكلۆر.
لەكوردستان كامێرای سینەمایی نییە
نازدار ئەودە خاتەڕوو كە كامێراو تەكنیكی باش لە كوردستان نییە. بۆیەكلیپی “ملیوڤان”م لەتوركیا ئەنجام دا، بەڵام سەركەوتنێكی باشی بەدەست هێنا. تا مندڵانیش سەیریان دەكرد حەزیان لەم گۆرانیە دەكرد.
گۆرانی “بێمرادێ”م كلیپ كردووە
نازدار، لەبارەی دواین كاری دەڵێت، گۆرانی “بێمرادێ”م كلیپكردووە، هەمان دەرهێنەری “میلوڤان” كاری بۆكردوومە و لەشاری ئەڵمانیا وێنەی گیراوە.
بەرهەمی داهاتووم نازانم لەكوێ ئەنجام دەدەم
نازدار، لەبارەی بەرهەمی داهاتووی لەكوێ ئەنجام دەدات وتی، نازانم بەرهەمی داهاتووم لەكوێ ئەنجام دەدەم، چونكە حەزدەكەم هەمیش لەگەڵ داهێنان بم بە هەموو شێوەیەك گۆرانی بڵێم تەنیا لەسەر یەك ستایل نەبم، چونكە گەر لەسەر یەك ستایل بڕۆم، سەركەتوو نابم. كاری بەرهەمهێنانی سیدی كارێكی ئاسان نییە.
هیچ كاتێك بەخۆم ناڵێم دەنگم خۆشە و جوانم
نازدار، لەبارەی ئەوەی وتیەتی من كەسێكی ئێسك سوك و دەنگ خۆشم دەڵێت” هیچ كاتێك قسەی وام نەكردووە، چونكە لەباكووری كوردستان زۆر عەیبە كەسێك بەخۆی مەدحی خۆی بكات. پێویستیشم بەوە نییە خۆم بڵێم من كەسێكی جوانم و دەنگ خۆشم.
ئەگەر ئەو گۆڤارە داوای لێبوردن نەكا
داوای یاسایی تۆماردەكەم لەسەریان
نازدار دەڵێت،ئەو گۆڤارەی (....) پێش هاتنەوەم دیمانەیەكی منیان بڵاو كردۆتەوە كە دوورە لەراستی، چونكە ماوەیەكی زۆرە دیمانەم نەكردووە. لەم دیمانەدایە كۆمەڵێك قسەی نەشیاو باس كراوە كە گوایە “من لەبەرپیاو، واز لەگۆرانی وتن دەهێنم و هەروەها شوو بە هەركوڕە كوردێك دەكەم ئەگەر شوانیش بێت” بەڕاستی من لەم قسانە هیچ ئاگادار نیم. قسەم لەگەڵ ئەو گۆڤارە نەكردووە تاكو باسی شتی وابكەم. گەر دیمانە بكەم گۆڤارەكە باش نەبێت سیقەشم بە نووسەرەكە نەبێت، دیمانە ناكەم. چەند جارێكیش برادەرێك لەلایەن منەوە پێوەندی بەو گۆڤارەوە كردووە لەسەر ئەم بابەتە، بەڵام تاكوئێستا وەڵامیان نەدایمەوە. گەر داوای لێبوردن نەكەن و پێ لەهەڵەی خۆیان نەنێن، ناچارم داوای یاساییان لەسەر تۆماربكەم.
كابانێكی باش و كەسێكی ئاساییە
نازدار دەڵێت، لەگەڵ كابانی ناوماڵ زۆرباشم و هەموو جۆرە چێشتێك دەزانم ئامادەبكەم، هەروەها نازدار ئەودەخاتەڕوو كە كەسێكی زۆر ئاساییە لەژیانی رۆژانەیدا، هەروەك هەموو كەسێك بەیانیان كاتژمێر شەش و نیو لەخەو هەڵدەستێ دەچێتە دەوام تاچواری ئێوارە شەوانەش دەخوێنێت.
ئەندام نییم لە فەیسبووك
نازدار ئەوەشی روونكردەوە كە تائێستا ئەندام نییە لە فەیسبووك، لە هەمانكاتدا سوپاسی ئەوكەسەی كرد كە لەفەیسبووك شت بەناوی ئەوەوە بڵاو دەكاتەوە و بەردەوام سەیریان دەكات.

بۆ بینینی ئەلبومی وێنەكانی نازداركلیك لێرە بكە
Top