هەڵسەنگاندنێك بۆ زەكەریـا لە نێوان داهێنان و موزیكی بیانیدا

هەڵسەنگاندنێك بۆ زەكەریـا لە نێوان داهێنان و موزیكی بیانیدا
هونەرمەند زەكەریا عەبدوڵڵا یەكێكە لەو هونەرمەندە بەتوانایانەی كە تاكو ئێستا خاوەنی حەوت بەرهەمە ، توانیویەتی لەو ماوەیەدا گوێگرێكی باش بۆخۆی پەیدابكات و داهێنانێك لەنێو هونەری كوردیدا دروست بكات، بەڵام زۆرێك لە خەڵك دەڵێن كەموكوڕی لە بەرهەمەكانیدا هەیە . لەم بارەیەوە بەپێویستمان زانی راو بۆچوونی چەند كەسێكی شارەزا سەبارەت بەم بابەتە و كارە هونەرییەكانی هونەرمەندی بەتوانا زەكەریا وەربگرین.

ئا: رۆشنە عومەر



زەكەریا توانی هونەری كوردی بباتە ئۆقیانووسێكەوە
هونەرمەند ئیسماعیل سابوری، كە بە مامۆستاو شارەزایەكی هونەری میوزیكی كوردی دادەنرێت، دەڵێت «زەكەریا لەسەردەمێك هاتە ئاراوە كە توانی هونەری كوردی بباتە ئۆقیانوسێك، مامۆستا (شەجەریان) بەو هەموو گەورەییەی خۆی دەڵێت. تاكو ئێستا سەری نوكی نینۆكم تەڕ نەبووە بەئاوی ئەم ئۆقیانوسە. بۆیە دەڵێم زەكەریا گۆڕانكاری هێنایە ئاراوە هونەری كوردی گەیاندە ئەم ئۆقیانووسە».
دواتر هونەرمەند محەمەد قەدری شارەزا لەبواری گۆرانی وتن و ئاواز دانانەوە وتی «زەكەریا دەیەوێت هەموو كاتێك شتی تازە و كاری جوان بكات. توانیویەتی داهێنانێك لەنێو هونەری كوردی بهێنێتە ئاراوە «.
دواتر هونەرمەند «بورهان موفتی زادە» شارەزا لەبواری ئاوازدانانەوە وتی « زەكەریا هەم وەك مۆسیقاو دەنگ و شێوەی كەسێكی پڕۆفێشناڵە .هەروەها لەڕووی كلیپە وە گۆرانی زۆر بەسەر كلیپەكان داهێنا .وای لەهونەرمەندان كرد چاوی لێبكەن و گۆڕان بەسەركارەكانیان دابهێنن. باهەمووكارێكیش كاری فۆلكلۆر نەبێت، داهێنانێك لەنێو هونەری كوردی هەبێت .


ئەركی سەرشانی زەكەریا قورسترە لەئەركی هونەرمەندانی تر
هونەرمەند ئامانج غازی شارەزا لەمۆسیقا و ئاوازدانەر وتی «ئاشنایەتی من لەگەڵ زەكەریا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی نەوەدەكان. ئەوكات زەكەریا ژەنیار بوو، بەڵام هەمیشە ویستویەتی لەبواری خۆیدا پێشكەوتن بخاتە ڕوو و شتێكی نوێ پێشكەش بكات. لەبەر ئەوەی ئەو ئەركەی لەسەرشانی زەكەریایە قورسترە لە ئەركی هونەرمەندەكانی تر. من زەكەریا دەناسم كە توانستێكی لە ئاوازدانان و سەلیقەی باشی هەیە لە گوێگرتن بۆ ناسینەوەی ئەو دەنگانەی كە مۆركێكی تایبەت دەدەن بەدەستەوە، كە نزیكە لەو شوێنەی زەكەریا تێیدا گەورە بووە».
لەبارەی سوود وەرگرتن لە بەرهەمەكانی زەكەریا هونەرمەند ئامانج غازی دەڵێت «زۆر پێم سەیرە ئەو بەهرەیەو ئەو توانستەی كە لە بواری گۆرانیدا زەكەریا هەیەتی، نازانم بۆچی دەچێتە توركیا بۆئامادەكردنی بەرهەمەكانی ؟ ئەگەر كێشەكە تۆماركردنی دەنگە یان كێشەی تراكە، ئێستا لە كوردستان ئەمانە هەن. كۆمەڵێك هونەرمەند هەن ئەم كارانە دەكەن، هەر بۆیە هەست دەكرێ دابڕانێكی زۆر هەیە لەنێو ئەو میلۆدییانەی كە خۆی بۆ خۆی دایناوە لەگەڵ ئەوانی تر . هیچ بەرهەمێك ناگاتە بەرهەمی یەكەمی، چونكە ئەو دەنگ و سەدایەی لە بەرهەمی یەكەم هەیەتی زۆر جیاوازە لە بەرهەمەكانی ئێستای. دڵنیام لەوەی ئەو ئاواز و دابەشكردنەی خۆی دەیكات زۆر مۆركی كوردانەی پێوە دیارە».
هەروەهامحەمەد قەدری رای پێچەوانەی رای ئامانج غازی بوو وتی «ئێمە نزیكین لەهونەری توركییەوە، بۆیە ئاوازی توركی زاڵە بەسەر بەرهەمەكانماندا، راستە زەكەریا سوودی لە ئاوازی توركی ونەتەوەی تر وەرگرتووە، بەڵام بەشێوەیەكی زیرەك و پڕۆفیشناڵ سوودی لێوەرگرتووە،زۆر كەس هەن كە لەمۆسیقا ناگەن یاخود ناتوانن بگەنەئاستی زەكەریا ئەوكات ئیرەیی پیدەبەن ناچارن ڕەخنەی لێبگرن «.
سابوری دەڵێت «هیچ كات لەگەڵ ئەوە دانیم كە ئاوازی بیانی تێكەڵ بەئاوازی كوردی بكرێت، بەڵام زەكەریا داهێنانێكی لەنێو هونەری كوردی دروست كرد، بەڵام خۆزگە ئەو توانایەی خۆی لە بواری هونەری كوردی خۆماندا سەرف بكردایە.


تاكوئێستا كەسێكی شارەزامان نییە رەخنە لەتێكستی گۆرانی بگرێت
لەبارەی تێكستەكانی بەرهەمی هونەرمەند زەكەریا شاعیر و تێكستنووس عبدولڕەحمان بێلاف وتی «تێكست دەورێكی كاریگەر لەبونیادنانی گۆرانی دەگێڕێت، وەك چۆن پێكهاتەی گۆرانی بریتییە لە دەنگ و ئاواز و دابەشكردنی مۆسیقا، ئەندزیاری دەنگ و كوالێتی ستۆدیۆ و تێكستیش پێگەیەكی هەرە بەرزی لە گۆرانیدا هەیە. ناتوانین لێرەدا بەشێوەیەكی كورت باسی تێكستەكانی زەكەریا بكەین، چونكە بابەتەكە زۆر هەڵدەگرێت، هیچ بیانویەك ناهێنمەوە، چونكە رەخنەگر نیم بۆ ئەوەی ئەم بابەتە هەڵسەنگێنم، بۆیە نامەوێت ڕەخنە لەسەربەرهەمەكانی زەكەریا بگرم. بۆ هەموو شتێكی نوێ رای جیاواز هەیە، ڕای پۆزەتیڤ و نیگەتیڤ. هیچ شاعیر و گۆرانیبێژێك بگرە هیچ مرۆڤێكیش بێ كەموكوڕی نییە . لە گۆرانیدا كاتێك شاعیر بە ئازادی تێكست بنووسێت دواتر هونەرمەند ئاوازی بۆ بنووسێت، ئەوا تێكست سەنگینی و هێزی خۆی لە دەست نادات، بەڵام ئەگەر شیعر بۆ ئاواز بنووسرێت بەتایبەت ئەگەر تێكست نووسەكە گوێی مۆسیقی نەبێت و شارەزایی لە بواری مۆسیقا نەبێت، شتێكی باش نابێت كەشایەنی وتن بێت. بۆئەم بەرهەمەی زەكەریا تێكستەكانی لەلایەن سامی ئەرگوشی نووسراوە ئەوەندەی من بزانم سامی ئەرگوشی یەكێكە لە باشترین شاعیرانی گۆرانی، لێرەو لەوێ قسەی سەرپێیمان گوێ لێدەبی، بەڵام تاكو ئێستا كەسێكی ئەكادیمی قسەی لەسەر تێكستی گۆرانی وتن نەكردووە.


زەكەریا توانی گەنجی كورد بۆ هونەری كوردی بگەڕێنێتەوە
بۆكان هیوا وەكو گەنجێك رایوایە و دەڵێت «دەركەوتنی زەكەریا، شۆڕشێك و لافاوێك بوو، گۆرانی بیانی لە گوێی خەڵكی كوردستاندا راماڵی و گۆرانی رەسەنی كوردی جێگەی گرتەوە، گەڕایەوە دۆخی جارانی و لاوانی كورد گۆرانییەكانی زەكەریا دەڵێنەوە، چونكە پێشتر گەنجەكانی كوردستان دەبوو گوێبیستی دەنگی هونەرمەندانی عەرەب و تورك و بیانی بووینایە، بەڵام زەكەریا توانی گەنجی كورد بۆ هونەری كوردی رابكێشێت.


بۆماوەی دووهەفتە زۆرترین سیدی ئۆرگیناڵم فرۆشت
رێدار شێرزاد خاوەنی سەنتەری ئەربائیلۆ وتی «ئەمساڵ بەرهەمی هونەرمەند زەكەریا لەهەموو بەرهەمەكان زیاتر فرۆشرا. توانیم بۆماوەی دووهەفتە زۆرترین سیدی ئۆرگیناڵ بفرۆشم». رێدار ئاماژەی بەوەدا كەبەرهەمی ساڵانی پێشووی زیاتر فرۆشراوە لەبەرهەمی ئەمساڵی.
Top