رۆژدا: ماوەی شەش مانگ لە گۆرانی (ئای دل) كارم دەكرد

رۆژدا: ماوەی شەش مانگ لە گۆرانی (ئای دل) كارم دەكرد
رۆژدا یەكێكە لە هونەرمەندە سەركەوتوو و دەنگخۆشەكانی باكووری كوردستان كە توانیویەتی بە تێكەڵكردنی گۆرانی فۆلكلۆری و نوێگەرایی لە هونەری كوردیدا شێواز و ستایلێكی تایبەت پێشكەش بكات كە مایەی رەزامەندی كوردەكانی هەموو پارچەكانی كوردستان بێت، بەتایبەتی لە نوێكردنەوەی گۆرانییەكانی هونەرمەندی نەمر (شاكرۆ) دا، بۆیە لە پێوەندییەكدا بە پێویستمان زانی چەند پرسیارێكی ئاڕاستە بكەین كە بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە.

* بۆچی ماوەیەكە هەست دەكرێ بێدەنگی؟
- راستە ماوەیەكە وەك پێویست دەرناكەوم، ئەویش لەبەر ئەوەیە كە بارودۆخی تەندروستیم باش نەبوو و یارمەتی ئەوەی نەدەدا زۆر دەربكەوم، هەرچەندە ژمارەیەك كۆنسێرتیشم ساز كرد، هەرچۆنێك بێت بەگوێرەی توانای خۆم و زیاتریش هەوڵمداوە خزمەتێك بە هونەری رەسەنی كوردی بگەیەنم ئەگەر وەك پێویستیش نەبێت.
*هونەری كوردی پێویستی بەچی هەیە؟
- بێگومان ئاوڕدانەوەی زیاتر لە هونەر و هونەرمەندان جا لە هەر بوارێك بێت، مۆسیقا، شانۆ، سینەما، شێوەكار واتە بەشێوەیەكی گشتی، ئێستا كورد لە قۆناغێكدایە كە تایبەتمەندی ئەم قۆناغەی پێوە دیارە و جیاوازە لە قۆناغەكانی ساڵانی حەفتا و هەشتاكانی سەدەی رابردوو، بۆیە دەتوانین بڵێین لەم سی ساڵەی رابردوودا هونەری كوردی پێشڤەچوونێكی زۆری بەخۆیەوە بینیوە ئەمەش بە مانای ئەوە نییە كە پێشتر پێشڤەچوون نەبووە، نەخێر زۆرجار ئەوەی هونەرمەندانی پێش ئێمە كردوویانە ئێمە نەمانتوانیوە هاوشێوەی ئەوان بین، بەڵام ئێستا بارودۆخەكە تا راددەیەك گۆڕاوە هەرچەندە كۆت و بەند هەر ماوە، هەروەها ئەو هونەرەی جاران پێشكەش دەكرا، زیاتر هونەری فۆلكلۆری و دەنگبێژی بووە، بەڵام ئێستا هونەرێك پێشكەش دەكرێ كە خزمەت بە هونەر دەكات لە هەموو بوارەكان.
*ئەم گۆڕانكارییەی تۆ باسی دەكەی چۆن هاتە ئاراوە؟
- ئەمە زیاتر بە ماندوبوونی هونەرمەندان خۆیان بووە، جا چ لە ئەوروپا بن یان لە ناوەوەی كوردستان و لە هەر پارچەیەك بێت، لەم ماوەیەدا هونەرمەندان ناچار بوون روو لە نوێگەرایی بكەن لە هونەری كوردیدا و تەنیا پشت بە فۆلكلۆر نەبەستن و لە هەمان كاتدا فۆلكلۆریشیان پشتگوێ نەخست.
* بەڵام هەندێك جار زیان بە هونەری كوردی گەیشتووە لەم بوارەوە؟
- راستە جاری وا هەیە دەبینین هونەری كوردی بەجۆرێك پێشكەش دەكرێت كە تا راددەیەكی زۆر دوورە لە هونەری كوردییەوە و بەچاو و تێڕوانینێكی بیانییەوە هونەری ئێمە ئافراندنی تێدا دەكرێت، ئەمەش پێویستی بە هەڵوەستە لەسەر كردن و لێكدانەوە هەیە بۆ ئەوەی بزانین ئێمە پێویستە چی بكەین بۆ كۆمەڵگەی كوردی، مۆسیقایەكی رەسەن پێشكەش بكەین مۆسیقایەك كە هەر كوردێك بیەوێ گوێی لێبگرێت، بەڵام پێویستە هونەرمەندانی ئێمە لە هەندێك لەو شێوازانەی ئێستا هەن خۆیان بەدوور بگرن، بۆ نموونە ئێستا زۆر سوود لە هونەری عەرەبی وەردەگیرێت كە من پێموایە شتێكی زۆر باش نییە، لەجیاتی ئەوە پێویستە بگەڕێنەوە بۆ سەر هونەری رەسەنی كوردی و بناغەی هونەری رەسەنی كوردی كە خۆی لە فۆلكلۆردا دەبینێتەوە، زیندوو بكرێتەوە. لە هەمان كاتدا رەنگدانەوەی كولتوور و ئازار و مەینەتییەكانی گەلی كورد بێت.
*چۆن بوو گۆرانییەكانی هونەرمەندی گەورە شاكرۆت وتەوە؟
- بە عەشقەوە گۆرانییەكانی شاكرۆم وتەوە، ئەمەش بۆ یەكەم جار بوو كە ئافرەتێكی كورد گۆرانییەكانی شاكرۆ بەو شێوەی من بڵێتەوە، بەڵكو هەر نەیانگوتووە. دیارە گۆرانییەكانی شاكرۆ لە ئاستێكی زۆر بەرزدان و بناغە و شێوەی بەرهەمهێنانی و وتنیشیان بۆ ئەوكاتیش جیاواز بوو، ئاواتی من ئەوە بوو یەكەم جار گۆرانییەكی زەحمەتی یەكێك لە هونەرمەندە رەسەنەكانی كورد بڵێمەوە و كارێكی وا بكەم كە لاوەكانمان حەز و خۆشەویستییان بۆ هونەرمەندە نەمرەكان هەبێت و ئاشنای هونەرەكەیان بن، چونكە ئەمانە دانەری بناغەی هونەری رەسەنی كوردین، بۆیە كاتێك گۆرانیەكەشم بڵاوكردەوە هەستم كرد كە پیر و لاوەكان وەك یەك حەز لە بیستنی ئەم گۆرانییە دەكەن.
* وتنی گۆرانی (ئای دل) تا چەند زەحمەت بوو؟
- بۆ ماوەی شەش مانگ كارم لەسەر ئەو گۆرانییە، چونكە كارێكی زۆر گەورە بوو و پێموابوو دەبێ بەشێوەیەكی وا دەربچێت كە مافی هونەرمەند و گۆرانییەكە وەك خۆی بدەم و گۆرانییەك پێشكەش بە جەماوەر بكەم كە پێی سەر بەرز بم و خزمەتێك بە گۆرانییەكە بكەم و لە رێگەی ئەو گۆرانییەوە خزمەتێك بە هونەری نەتەوەكەم بكەم، ئەمەش پێویستی بە ماندوبوونێكی زۆر هەبوو و سوپاس بۆ خوا تێیدا سەركەوتم.
* جگە لە شاكرۆ بەنیازی گۆرانی كام هونەرمەندی دیكە بڵێیتەوە؟
-بەڵێ لە بەرنامەمدایە چەند بەرهەمێكی دیكە بە هەمان شێوە بڵێم، بەڵام حەز ناكەم ئێستا ناوی بەرهەمەكە و گۆرانیبێژەكە ئاشكرا بكەم. تەنیا دەمەوێ ئەوە بڵێم كە دەمەوێ كارێكی زۆر گەورە پێشكەش بە هونەر و مۆسیقای كوردی بكەم، چونكە زۆر كاریگەرم بە دەنگ و بەرهەمی هونەرمەندە رەسەنەكان، هەروەها دەمەوێ بە هونەری رەسەن و نوێگەرایی شتێكی جیاواز و تێكەڵ پێشكەش بكەم بەشێوەیەك كە جەماوەر لێی رازی بێت و پێموایە ئەمە نەك تەنیا ئەركی منە، بەڵكو ئەركی هەموو هونەرمەندانی دیكەی كوردە.
*گۆرانی (لێ بووكێ) یەكێكە لە گۆرانییە هەرە سەركەوتووەكانی تۆ، سەركەوتنی ئەم گۆرانییە لەچیدا دەبینیتەوە؟
- هۆنراوە و مۆسیقاكەی زۆر بەهێز و كاریگەر بوو، هەروەها پێموایە و بە شایەدی زۆر كەس من لە شێوەی ئەداكەی سەركەوتوو بووم، مەبەستی من لەم گۆرانییە ئەوە بوو گۆرانییەكی فۆلكلۆری بڵێم، بەڵام بە مۆسیقا و ریتمێكی نوێ و خێرا بەجۆرێك گوێگر تاموچێژ لە مۆسیقا و لە گۆرانییەكەش وەربگرێت و كاریگەری بەسەریەوە هەبێت، هەروەها كلیپەكەش هۆكارێكی دیكەی سەركەوتنی گۆرانییەكە بوو و وێنەیەكی راستەقینەی ئاهەنگی بووك گواستنەوەی كوردی نیشانی جەماوەردا كە خۆی و كەلەپورەكەی تێدا بدۆزێتەوە بەتایبەتی كلتووری ناوچەی سەرحەد كە بەم شێوەیە بوو لە دێر زەمانەوە.
هەوڵ دەدەم هاوسەنگییەك لەنێوان گۆرانی فۆلكلۆر و نوێگەرایی لە بەرهەمەكانی خۆمدا بینمە بەرچاو و بزانم جەماوەر چی دەوێ و لەچیدا سەركەوتوو بم، ئەوە پێشكەش دەكەم .
* لە بەرنامەتدا نییە سەردانی هەرێمی كوردستان بكەی؟
- بێگومان لە دڵەوە حەز دەكەم، پێش ئێستا چەند جارێك سەردانی كوردستانم كردووە بۆ تۆماركردنی كلیپەكانم، هیوادارم بتوانم دوای كۆتایی هاتنی وەرزی زستان جارێكی دیكە بێمەوە كوردستان بۆ تۆماركردنی كلیپێكی نوێ، دیارە پێوەندی پتەوی نێوان هونەرمەندانی هەموو پارچەكانی كوردستان دەبێتە هۆی پەرەپێدانی هونەری كوردی و پێشخستنی.
* كێشەكانت لەگەڵ پۆلیسی دەوڵەتی تورك بەچی گەیشتن؟
-راستە لە توركیا وا دەخوازن هونەرمەندانی كوردی بەگوێرەی ویست و داخوازییەكانی حكومەت كاری هونەری خۆیان پێشكەش بكەن، نەك بەو شێویەی هونەرمەند و گەل دەخوازن. ئەمەش تا راددەیەك دەبێتە هۆی ئەوەی كێشە و گرفت بۆ هونەرمەندان دروست بێت، بەتایبەتی هونەرمەندانی كورد، بۆیە زۆرجار بە هۆ و بەبێ هۆ ئێمە داخواز دەكرێین لەلایەن پۆلیسەوە و گرفتمان بۆ دروست دەكرێت و دەخرێینە ژێر چاودێرییەوە و رێگەشمان لێدەگیرێت، بەڵام كاری ئێمە گۆرانی وتنە بۆیە ئەم گرفتانە بۆ ئێمە نابێتە رێگر و ساردمان ناكاتەوە لەخەباتی بەردەواممان بۆ خزمەتكردنی هونەر و گەلی كورد.

بۆ بینینی ئەلبومی وێنەكانی رۆژداكلیك لێرە بكە
Top