شارۆخان: سینەمای هیندی بە گەشاوەیی دەمینێتەوە

شارۆخان: سینەمای هیندی بە گەشاوەیی دەمینێتەوە
بەپێی زۆریی جەماوەرەکەی لە سەرتاسەری جیهان ئەكتەری ناسراوی بۆڵیۆد (شارۆخان) بەناوبانگترین ئەستێرەی سینەمایی جیهانە، ئەمەش بۆ مێژووی 25 ساڵی کارکردنی لە بواری سینەمادا دەگەڕێتەوە، كە زیاتر لە (80) فیلمدا بەشداری كردووە.
شارۆخان یەكێكە لەو ئەكتەرانەی كە بەردەوام بەرگری لە بۆڵیۆد دەكات و گرنگی بە دواڕۆژی دەدات، لەم بارەوە دەڵێت: سەرەڕای ئەوەی كە لە زۆر رووەوە رەخنەی زۆر لە بۆڵیۆد دەگیرێت، بەڵام بۆڵیۆد هەر بە گەشاوەیی دەمێنێتەوە و هەنگاوی زیاتریش دەهاوێت، لە هەمان كاتدا جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەوەی كە ئەم پیشەسازییە پێویستی بە چاكسازی هەیە.
شارۆخان ئاماژە بەوەش دەكات كە بۆ بەردەوامبوونی سەركەوتنی بۆڵیۆد، پێویستمان بە سیناریۆ نووسی نوێ هەیە، كە پشت بە بنەما زانستییەكان ببەستن، یان دەبێ دەزگایەكی تایبەت بە نووسینەوەی دەستوور لە هیندستان دابمەزرێت، كە نووسەران بە شێوەیەكی سەردەمییانە فێری چۆنیەتیی نووسینی سیناریۆ ببن.
سەبارەت بە خەڵاتەكانی ئۆسكار شارۆخان دەڵێت: پێویستە ئەو بنەمایانە بگۆڕێن كە لە هەڵبژاردنی فیلمە براوەكان پشتیان پێ دەبەسترێت، بە درێژایی مێژووی ئۆسكار چەند فیلمێكی هیندی پاڵێوراو نەبووە بۆ باشترین فیلم بە زمانی بیانی، كە ئەوانیش ژمارەیان سێ فیلم بووە و هیچیان خەڵاتیان بەدەست نەهێناوە.
Top