وزە و کاریگەریی لەسەر ژیانمان (( سۆزە ساماڵ ))

وزە و کاریگەریی لەسەر ژیانمان  (( سۆزە ساماڵ ))
لە جیھاندا لە کاتە سەختەکاندا و خوانەخواستە لە کاتی کارەسات و دژواریدا ، بەتایبەتی ئەگەر بە سەر وڵات و نیشتمان دا یاخود بەسەر مرۆڤایەتی دا بێت ئیتر ئێمە وەک مرۆڤ بە گشتی و کۆمەڵگای کوردستان بە تایبەتی، وا ڕاھاتوون و بە شێوەیەک پرۆگرام کراوین کە توانای بێ سنووری خۆمان بە شێوازێکی نێگەتیف و دوور لە چارەسەر، دوور لە ھێزی ناخ ئەخەینە کار ، وا فێر کراوین وامان دیوە وا بە باشی ئەزانین کە زۆر خەفەت بخۆین.. لەناو خەڵکیشدا بە داخەوە وا باوە ئەو کەسانە بە باشتر و دڵسۆزتر ئەناسرێن، بگرە ھانیش ئەدرێنین کە بەوپەڕی توانایانەوە ڕوو بچینە ناو حاڵەتەکەوە و ئیتر ھەموو ھەست و بیرکردنەوەیەکیان تەنھا یەک لایەن ئەبینێت و زۆربەی کاتەکە لە خەفەتدا نوقم ئەبن لە حاڵەتەکەدا ... بە شێوەیەک کە لەپڕ پێی بڵێین ناوت چیە بیری ئەچێتەوە.... نازانێت...

زۆر گرنگە بە تایبەتی لەم حاڵەتانەدا ئارام بین، زوو زوو بگەڕێینەوە بۆ ناخی خۆمان، بزانین چی بکەین بۆ ئەوەی ڕوو نەچینە ناو باروودۆخەکەی لە دەرەوەی خۆمان ئەگوزەرێت؟

کە باروودۆخەکە شلۆق ئەبێت و تێک ئەچێت، ئاساییە کاریگەری لەسەر ھەموو کەسێک ھەبێت بە گشتی، چونکە ئەگەر بە ئاگا نەبین چی لە دەرەوە ڕوو دەدات کاردانەوەکەی وەک ئاوێنە دێتە ناو ماڵەکانمانەوە، لەو کاتانەدا یەکێک لە باشترین ڕێگا چارە بۆ ئەوەی ناو ماڵەکانمان بە ئارامی بمێنێتەوە ( ئارام بوونەوەی ناخی خۆمانە) ھەر کاتێکیش ناخی خۆمان ئارام بوو، کاردانەوەی ئەرێنی لەسەر ھەموو ئەندامانی خێزانەکەی ئەبێت.
بەردەوام ئەم پەیامە بە خەڵک و ھاوڕێکانم ئەڵێم: ئارام بە ، بەئاگابە ! بگەڕێرەوە بۆ ناخی خۆت، ھەناسە بدە! زۆربەی کات ئەم وەڵامە وەرئەگرمەوە:
ئارامی چی؟ ناخی چی؟ تۆ ئاگات لێیە چیمان لێ ھاتووە؟ کاتی ئەوەمان نییە ئەو شتانەی تۆ ئەیڵێیت بیکەین، ئیش و کاری ڕۆژانە، ھەواڵ و ڕووداوەکان، ناسەقامگیری باری ئابووری و سیاسی، کەی دەرفەتی ئەوەمان ھەیە بگەڕێینەوە بۆ ناخی خۆمان.
ئەگەر کەسەکە تۆزێک زیاتر ئەزموونی لەگەڵ مندا ھەبێت ئەڵێیت ئەوە ڕاستە بەڵام خوا بکات تۆزێک باروودۆخەکە ئارام بێتەوە و دەستم تۆزێک بەتاڵ بێت پەیمان بێت دەست پێ ئەکەم!
لە کاتێکدا ئەگەر باروودۆخی چواردەورمان ئارام بوو، دەستمان بەتاڵ بوو ناخیشمان ئارام ئەبێت ئەو کاتە کەمتر پێویستمان بەو جۆرە ڕاھێنان و شێوازی ھەناسەدان و شتانە ھەیە کە من بەردەوام باسی ئەکەم.

ھەر کاتێک مرۆڤ بەئاگا ھاتەوە لەوەی کە بەردەوام ئەبێت ئاگاداری ئەوە بێت لە ناخیدا چی ئەگوزەرێت؟ چۆن خۆی ئارام بکاتەوە بەتایبەتی لە کاتی کارەسات و بارە نائاسایەکاندا، ئەو کاتە زۆر بە ئاسانی ئەتوانێت خۆی جڵەوی ژیانی خۆی بگرێتە دەست و جێگیرتر ئەبێت خۆی و خێزانەکەشی لە زۆرترین حاڵەتەکاندا ئەپارێزێت لە ھەموو قۆناغەکانی ژیانیدا.

لێرەدا زۆر باس لە لایەنی دەروونی ناکەم، چونکە کەسانێکی زۆر ھەن لەم کاتەدا بە باشترین شێوە باس لەو لایەنە ئەکەن
ئەوەی من ئەمەوێت باسی بکەم لایەنی وزەیە، چارەسەر بە وزە ! کاریگەری وزە لەسەر جەستە و دەروون و ڕۆحمان شارەزابوونمان لە خاڵە سەرەکیەکانی سووڕانەوەی وزە لە جەستەماندا کە پێیان ئەوترێت شاکراکان.

جارێ با بزانین وزە چییە؟
ھەموو شتێک لە چواردەورماندا لە بنەڕەتدا لە وزە پێک ھاتووە، زەوی و ئاسمان و چی لە نێوانیاندا ھەیە، بە ھەموو بوونەوەرەکانیشەوە، ئێمەش وەک مرۆڤ بە ھەمان شێوە پێکھاتەی سەرەکی جەستەمان و ھەموو جوڵەکانی نێوان ھەر خانەیەک لە خانەکانی جەستەمان و جوڵەی خوێن و گەیاندنی ئۆکسجین و تەنانەت نێوان ھەموو ماسوولکە و ئێسقانەکانیشمان وزەی تێدایە و بەھەمان شێوە ھەموو ئاژەڵەکان و ڕووەکەکان و زەوی.....ھتد

ئەو وزەی لە ناخی مرۆڤدا ھەیە ھەمان وزەیە لە ھەموو شتەکانی گەرووندا ھەیە ھەر تێکەڵ بوونێک لەگەڵ ئەو وزەیەدا مانای ژیانە و جیابوونەو و نەمانی وزە لە جەستەماندا مانای مردنە.
مرۆڤ پێویستە لەو وزەیە بە ئاگا بێت و بەکاری بھێنێت، وەکو چۆن بە توانایەکی زۆر باشەوە بەکاری ئەھێنێت بۆ ڕووناک کردنەوە و کارەبا و بەگەڕخستنی زۆربەی ئامێرەکان و چەک بۆ جەنگەکانی، بە ھەمان شێوە ئەتوانێت بەکاری بھێنێت بۆ چارەسەری جەستە و دەروون و ڕۆحی خۆی.
ھەر تێک چوونێک لە ھاوسەنگی وزە لە جەستەماندا ئەبێتە سەرچاوەی چەندەھا نەخۆشی جەستەیی و دەروونی.
بە ئاگا بوونمان لە ھاوسەنگی وزە و کاریگەری لە ژیانماندا ئەبێتە مایەی ھاوسەنگی لە ناخماندا و ھەروەھا بەرگری جەستە و لایەنی دەروونیشمان زیاد دەکات.

ئەوەی ئێستا زۆر گرنگە بە ئاگا بیت، کە وزە زۆر کاریگەری ھەیە لەسەر کوالیتی ژیانمان، ئەبێت بە ئاگا بێیتەوە لەوەی کە لە سەرەتادا کاتێکی کەمیش بێت دابنێت بۆ ھەست ڕاگرتن لە جەستەت، لە ھەناسەدانت، لە شێوازی بیرکردنەوەکانت، لە ھەڵسووکەوتەکانت ئەوانە ھەمووی کاریگەری ئەبێت لەسەر ئارامی ناخمان لەسەر خۆشگوزورانی و شێوازی تێڕوانینمان بۆ ژیان.
ژیان کردن بەم شێوازەی ئێستا مرۆڤایەتی گەیاندۆتە ئەم ئاستە لە نەھامەتی و نەخۆشی و جەنگ و کارەساتە سروشتی و دەسکردەکان.
بگەڕێرەوە بۆ سروشتی خۆت، یەک ژیانمان ھەیە، پێویست بەو ھەموو ڕاکە ڕاک و ھەناسکەبڕکێ یە ناکات، ژیانی خۆت و جەستە و دڵ و دەروونت تەنھا بەکار مەھێنە بۆ بەدی ھێنانی شتە مادی یەکان و مەبە بە ئامێر... ئەوەندەمان پێویست نیە.. کورد ووتوویەتی پارویەک نان و شوێنێک تیادا بژیت و ھەناسەیەکی پڕ ئارامی ھەموو دنیا ئەھێنێت.
گرنگ نیە چیمان ھەیە، گرنگ ئەوەیە چۆن دڵخۆش بین بە شتەکان ، گرنگ نیە زانیاریت لەسەر ھەموو شتێک ھەبێت، گرنگ ئەوەیە زانیاری تەواوت لەسەر خۆت و جەستەی خۆت ھەبێت، گرنگ نی یە شارەزایت لە بەکارھێنانی تازەترین ئامێری دیجیتاڵی ھەبێت و زانیاریت لەسەر شێوازی ھەناسەدانی تەندروست بۆ ئارام کردنەوەی خۆت نەبێت،
گرنگە چ بڕوانامەیەک و پلەو پایەیەکت ھەیە و کاری خەڵک چۆن بەڕێ ئەکەیت بەڵام لەوە گرنگتر چۆن کاروباری خۆت و جەستە و دەروونی خۆت بەڕێوە ئەبەیت.

ئەمانە کە باسی ئەکەم پەیوەندی بە ژیانێکی پڕ ڕەفاھێت و بوونی پارەی زۆر و چونت بۆ یۆگا کردن نیە....
ئەوەی من باسی ئەکەم گەڕانەوەیە بۆ ژیانێکی سادە و پڕ ئارامی ھیچ نەبێت لە ناخماندا، ڕێکخستنەوەی ریتمی ھەناسەدانمان ، بەئاگا ھاتنەوە لە شێوازی بیرکردنەوەمان ھەموو ئەوانەی من باسی ئەکەم زۆر ئاسانە، خۆڕایی یە، بەردەستی ھەموو کەسێکە ، پێویستمان بە کاتێکی زۆر نیە.
بۆ ڕۆژانە دیاریەکی بە نرخ بە خۆت نابەخشیت ؟ بۆ ماوەی چارەکێک لە بیست و چوار کاتژمێردا بە خۆت ڕەوا نابینیت؟ تەنھا چەند ھەناسەیەکی قوڵ و بێ دەنگی و سوپاسگوزاری بۆ ئەوەی کە لە ئیستادا لەبەر دەستتدایە.
تکایە ھەزار و یەک بیانووم بۆ مەھێنەرەوە، کە بۆ ناتوانی دەستی پێ بکەیت ... ھەموو بیانووەکانیش لە ھەموو شوێنێک بە شێوازی جیاواز لە ڕووکەشدا و لە ناوەرۆکدا یەک : ( کاتمان نیە بۆ ئەو شتانە!!! )ئەی ئەگەر کاتت نیە بۆ خۆت و ژیانی خۆت و جەستەی خۆت تکایە بۆڵە بۆڵ مەکە و قبوڵی بکە وەکو ئامێرێکی پرۆگرام کراو بژیت و لە ھەر چرکەساتێکیشدا ماڵ ئاوایی بکەیت بێ ئەوەی لە مانای بوون و ژیان کردنت تێ گەیشتبیت.

• ڕاھێنەری ژیان و ڕایکی ماستەری نێودەوڵەتی
Top