دڵپیسی، یان ئیرەیی بردن ((سوهەیلە نامیق))

دڵپیسی، یان ئیرەیی بردن ((سوهەیلە نامیق))
مرۆڤ بوونەوەرێكی ئاڵۆزە، لەڕووی جەستییەوە ئاڵۆزە، جەستە بەرچاوەو بەپێشكەوتنی زانست زیاتر ڕوون دبێتەوە. بەڵام لەرووی دەروونییەوە مرۆڤ بوونەوەرێكی ئاڵۆزترو قوڵترە، ئەوەی جێگەی سەرنجە دەروونی مرۆڤ نادیارەو تەنانەت دەروونشیكاریش ناتوانێت بەتەواوەتی هەموو لایەنە تاریكەكانی ناخی مرۆڤ ڕۆشن بكاتەوە. بۆیە دەبینین پزیشكان و دەروونناسان سەبارەت بەشیكردنەوەی دەروونییانەی مرۆڤ گەلەك جیاوازیان لەنیواندایە، بەپێچەوانەی جەستەی فیزیكی كە لەگەڵ پێشكەوتنی زانستدا لایەنە نەناسراوەكانی زیاتر دەردەكەوێت، واتە زانستی جەستەیی زانستێكی كەڵەكە بووە، بەڵام دەرونناسی ناتوانرێت وەك زانستێكی كەڵەكە بوو سەیر بكرێت.
نەخۆشییە دەروونییەكان بەشێكن لەو دنیا ناڕۆشنەی مرۆڤ كە تاوەكو ئێستاش بە باشی تێیان نەگەیشتووە، چونكە لەڕووی فیزیكیەوە دەرناكەوێت.
ڕاستە هەندێك لە دەروونناسان زۆربەی كێشە دەروونییەكانیش بۆ تێكچوونی فیزیكیانەی مرۆڤ دەگێڕنەوە، بەڵام ئەو تێكچوونەش دیسان دیارنییەو هەموو لایەنەكانی كێشە دەروونییەكان ناگرێتەوە، بەڵكو بەزۆری ئەو كێشانە دەگرێتەوە كە لەڕووی دەمارییەوە تووشی مرۆڤ دێن، هاوشێوەی ئۆتیزم.
بەڵام كێشەكانی تری وەك ئێرەیی بردن و خۆ بەكەم زانین یان خۆ بەزل زانین، یاخود تاوانكاری، هتد..ناتوانرێت لەڕووی دەمارییەوە لێك بدرێتەوە، هەندێك لەو نەخۆشیانە دەگێڕنەوە بۆ پەروەردەی منداڵی و ئەو ژینگەیەی مرۆڤ تێیدا گەشەیكردوە، هەندێكیشیان بۆ بۆماوەیی لە دایك و بابەوە دەگەڕێنەوە.
لەم بابەتەدا دەمەوێت تیشك بخەمە سەر بابەتێكی هەستیار كە دەتوانین ناوی بنێین نەخۆشییەكی دەروونی-كۆمەڵایەتی-، ئەم نەخۆشییەش دەبێتە دۆزەخێك و ژیانی ژن ومێردایەتی و خێزانی وێران دەكات و لێكترازانی خێزانی و تەنانەت زۆرجار تاوانكاریشی لێدەكەوێتەوە، تا دەگاتە ڕادەی كوشتن، ئەویش نەخۆشیی دڵپیسییە. بەڵام ئایا دڵپیسی نەخۆشییە؟ بێگومان دڵپیسی یەكێكە لە نەخۆشییە دەروونییەكان كە پێویستی بە چارەسەرێكی وردو درێژخایەن هەیە.
لە ژیانی هەموو تاكێك –ژن بێت، یان پیاو- وەك خوو، كەم تا زۆر ئیرەیی (غیرە) هەیە، بەڵام كاتێك ئەم ئێرەییە دەبێتە بەدگومانی، یان دڵپیسی، ئەوا پێویست دەكات هەڵوەستەی لەسەر بكرێت و، جارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە، چونكە جیاوازییەكی زۆر هەیە لەنێوان ئیرەی بردن و دڵپیسیدا . بۆ نموونە كەسێك غیرە دەكات لە هاوژینەكەی (جا چ پیاو بێت، یان ژن)، تاوانباری ناكات و كێشە لەگەڵ ئەودا دروست ناكات. بەڵكو كێشەی لەگەڵ كەسانی دەوروبەردا هەیەو پەنجەی تۆمەت بۆ ئەوان ڕادەكێشێت. بەڵام كەسی دڵپیس، یان بەدگومان، بەكەسانی دەوروپشت و بەرامبەری ناوەستێت، بەڵكو هاوژینەكەشی تاوانبار دەكات و كاردانەوەی خراپ و بێزاركەری دەبێت، تەنانەت هەندێك جار دەگاتە دەست وەشاندن . بەم حاڵەتە دەوترێت نەخۆشیی دەرونی، كەسەكەش خۆی پێش هەموو كەسێك بێ ئارام و شپرزە دەبێت و بەردەوام لە گومان و دوودڵیدا دەژی، دڕدۆنگ دەبێت و، ژیان لە خۆی و دەوروبەریشی تێك دەدات.
كەسانی بەدگومان چۆن دەناسرێنەوە؟
كەسی بەدگومان بەرامبەر بچووكترین هەڵوێست گەورەترین كاردانەوەی خراپی دەبێت.
چاودێریی وردی هاوژینەكەی دەكات و دەیەوێت بزانێت بۆ كێ دەڕوات و لە كوێیە؟
هەر كاتێك لەبەرچاوی بزربوو، بە پەیوەندیكردن و نامەناردن بێزاری دەكات.
بەدواداچوون بۆ پەیام و نامەی دەنگی ناو مۆبایل دەكات و لە بچووكترین شت دەكۆڵێتەوە. ڕەفتار و كردەوە و جووڵەكانی نائاسایی و شپرزە دەردەكەون.
وای لێ دێت، چیرۆك و شتی هەڵبەستراو بە خەیاڵیدا دێت و، وەك ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگر خەیاڵەكانی خۆی باس دەكات و دەبێتە بوختان.
ئازادیی بەرامبەر ناهێڵێت و ڕێگری لە تێكەڵبوونی بە هاوڕێ و كەسانی نزیكی دەكات.
بەدگومانی و دڵپیسی دەرئەنجامی فاكتەرە دەرونی و كەسێتی و ژینگەییەكانە.
كەسانێك تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن، كە خۆیان هەست بە ترس و دڵەڕاوكێ دەكەن.
ئاستی ڕۆشنبیری و تێگەیشتنیان و چۆنێتی تێگەیشتنیان لە پەیوەندیی خێزان لاوازە و تەنانەت لە سۆزداری تێڕوانینی هەڵەیان هەیە بەرامبەر بە خێزان و ژیانی هاوسەرێتی، كەسی دڵپیس وا دەزانێت هاوژینەكەی موڵكی خۆیەتی و دەبێت لەژێر كۆنتڕۆڵی ئەودا بێت.
ئەو ڕووداوانەی لە منداڵیدا بە سەری هاتووە، وەك: ترس لە لەدەستدان و بێبەش بوون لە سۆز و خۆشەویستی و میهرەبانی و مامەڵەی خراپ و شكاندنەوەی بەردەوام، هۆكارگەلی دیكەن.
دەشێت لە ئەنجامی خەیاڵ و ئەندێشەی وەهمیی كەسەكە خۆی بێت، یان دەرئەنجامی تێكچوونی مێشك بێت، یان هەستی خۆبەكەم زانین بێت. چونكە ئەو كەسانەی تووشی ئەو نەخۆشییە بوون، هەست بە تووڕەیی و ترس و دڵتەنگی و ئازار و بەزەیی بەخۆداهاتنەوە دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا هەست بە شكست دەكەن.
ئەی چارەسەر چییە؟
زۆر گرنگە چارەسەری گونجاو بۆ ئەو كەسە بدۆزرێتەوە، پێش ئەوەی نەخۆشییەكەی ببێتە هۆی هەڵوەشانەوە و جیابوونەوەی خێزانی. جا لەبەر ئەوەی هۆكارەكان جیاواز و هەمەجۆرن، كەواتە چارەسەریش دەبێت هەمەجۆر بێت، بۆ نموونە چارەسەری دەروونی بە دانیشتن لەگەڵ نەخۆشەكە و دواندن و گێڕانەوەی سەربوردەی ژیانی منداڵی و ئەو ڕووداوانەی بەسەریدا هاتوون، یان بە پێدانی دەرمانی دژە خەمۆكی و تایبەت بەو حاڵەتە دەروونییە، یان ئاراستەكردنی دەروونی و ڕەفتاریی كەسەكە، یان ڕەخساندنی كەشێك كە متمانەی بۆ بگێڕێتەوە و بتوانێت جارێكیتر مامەڵەی دروست لەگەڵ هاوسەری بكات.
دەبێت ئەوەش بزانین ئەو كەسەی تووشی نەخۆشیی دڵپیسی دەبێت، پێشتر تێكچونێكی دەروونیی وەك دڵەڕاوكێ، یان خەمۆكی هەبووە.
Top