بەهۆی كلتوور و نەریتی كۆمەڵگەی كوردی دەستدرێژی سەر منداڵان پەردەپۆش دەكرێت

بەهۆی كلتوور و نەریتی كۆمەڵگەی كوردی دەستدرێژی سەر منداڵان پەردەپۆش دەكرێت
د. دیلمان ئازاد پسپۆڕی پزیشكی دادوەری و مامۆستا لە كۆلێژی پزیشكی، لە دیمانەیەكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە كارەكانی پزیشكی دادی دەكات و تیشكدەخاتە سەر قۆناغەكانی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ئاشكرا كردنی تاوان و جەختیش لەوە دەكاتەوە كە تاوان هەر ئاشكرا دەبێت و راستییەكان هەرگیز ون نابن.
* ئەو كەیسانەی دێن بۆ پزیشكی دادوەری زیاتر چین؟ ئایا هەموو گرفتێك دێتە لای ئێوە بۆ لێكۆڵینەوە یان بەشێكیان بە شاراوەیی دەمێننەوە؟
- هەموو جۆرێكی تاوان دەبینین، كێشەكان لە پزیشكی دادوەری یەكلایی دەبنەوە، كە دوو بەش لەخۆی دەگرێت، بەشی زیندووان و بەشی مردووان، بەشی زیندووان پشكنین بۆ پەردەی كچێنی و دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر هەر دوو رەگەز لە منداڵان و لە گەورانیش، وێڕای خەملاندنی تەمەن و گۆڕینی رەگەز و تەعیناتی وەزارەتی ناوەخۆ، بە دڵنیاییەوە زۆر حالەت هەیە ناگاتە لای ئێمە و بەشاراوەیی دەمێنێتەوە، بەڵام تاوان هەر ئاشكرا دەبێت و هەرگیز راستییەكان ون نابن.
* باسی پەردەی كچێنیت كرد، ئایا پێتوانییە چاككردنەوەی بۆتە جۆرێك لە بازرگانی كردن؟
- بەداخەوە لە كوردستان چاككردنەوەی پەردەی كچێنی لە كۆڵانەكان دەكرێت، بێ ئەوەی هیچی لێ بزانن. كە كارێكی نایاسایی و نا ئەخلاقی و نا ئایینییە، تەنانەت نامەی زۆرم بۆ دێت لەلایەن كەسی قوربانی كە چاككردنەوەكەی فەشەلی هێناوە. دەبێت روشنبیری و هۆشیاری بڵاو بكرێتەوە و ئەو كەسانەی بازرگانی پێوە دەكەن سزا بدرین. هاوكات ئێمە كۆمەڵگەیەكی داخراوین، دەبێت كچەكان هۆشیار بكرێنەوە و نەكەونە ناو هیچ هەڵەیەك، چونكە چاككردنەوەش چارەی ناكات، بە واتایەكی تر بە پەنابردنە بەر كارێكی نادروست رەنگە لە داهاتوودا كێشەكەیان گەورە تر بكات.
* دەگوترێت هەندێك لە كچان بێئەوەی پەردەی كچێنیان دڕا بێت، لە كاتی هاوسەرگیری خوێن نابینن، ئەوە لە رووی زانستییەوە چۆن لێكدەدرێتەوە؟
- رێژەیەكی زۆری كچان، پەردەی كچێنیان لەو جۆرەیە كە خوێن نابینن، زانستی پزیشكی سەلماندوویەتی كە ئەو كچانە بە زگماك پەردەكەیان وا دروست بووە، رۆژانە حاڵەتی لەمجۆرە دێنە پزیشكی دادوەری، بەداخەوە زۆر كچ لەسەر ئەوە تەڵاقدراوە و تەنانەت كێشەی گەورەی كۆمەڵایەتیشی بەدوای خۆیدا هێناوە.
* هۆی چییە لەلایەن كەسوكاری مردووەكە رێگری لە توێكاری دەكرێت، ئایا لە شەرع رێگەپێدراوە؟
- توێكاری كارێكی زانستی زۆر گرنگە زۆر شت ئاشكرا دەكات، لەگەڵ توێكاری پارچەیەك لە جەستەی مردووەكە دەنێرینە تاقیگە بۆ سەلماندنی حالەتەكان، بە دڵنیاییەوە توێكاری رێگە پێدراوە، چونكە هەر شتێك تاوان ئاشكرا بكات، یان زانستی بێت، ئایین رێگری نییە، بەڵكو هەمیشە كەسوكاری مردوو دژی توێكارین و بە كارێكی نەشیاوی دەزانن.
* ئایا بەچ رێگەیەك دەتوانین منداڵەكانمان لە دەستدرێژیی بپارێزین؟
- بەداخەوە بەهۆی كلتوور و نەریتی كۆمەڵگەی كوردی دەستدرێژی سەر منداڵان پەردە پۆش دەكرێت، بێ ئەوەی بیر لە باری دەروونی منداڵەكە بكەنەوە، بە رێژەیەكی زۆر منداڵان دەهێندرێنە پزیشكی دادوەری بە مەبەستی پشكنین، بەڵام خێزانەكان بە بیانووی ئابڕوو پارێزییەوە ئامادە نین سكاڵا تۆمار بكەن، رێژەیەكی زۆری ئەو منداڵانە لە رێگەی ترساندن و هەڕەشە لێكردنەوە ئیستیغلال كراون، باشترین چارەسەر بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە، بڵاوكردنەوەی هۆشیارییە لەناو خێزانەكان و لە قوتابخانەكان كە زیاتر رێنمایی پەروەردەیی بە منداڵەكان بدەن، هەروەها دایكەكان زیاتر ئاگاداری منداڵەكانیان بن.
Top