بەشداریی ئافرەت لە كەرتی تایبەت، گۆڕانكاریی كۆمەڵایەتی بە دوای خۆیدا دەهێنێت

بەشداریی ئافرەت لە كەرتی تایبەت، گۆڕانكاریی كۆمەڵایەتی بە دوای خۆیدا دەهێنێت
كەرتی تایبەت لە بووژاندنەوەی ئابووریی وڵاتاندا رۆڵیكی گرنگ دەگێڕێت، كەسانی كاریگەر و سەركەوتووش توانیویانە زۆرترین پشك و قازانج بخەنە خزمەتی خۆیان. بەگشتی لەنێو كەرتی تایبەت بەدەگمەن ئافرەت بەدی دەكرێت كە رۆڵ و كاریگەرییان هەبێت. لە رابردوودا بەهۆی كشتوكاڵ و سرووشتی كارەوە ئافرەتان شان بە شانی پیاوان توانیویانە بەشدارییەكی بەرچاویان لەكاركردندا هەبێت، هەر بۆیە كاركردنی ئافرەتان بابەتێكی دانەبڕاوە لە كومەڵگەی كوردی. چالاكانی بواری مافی ئافرەتیش لەم راپۆرتەی گوڵان-دا جەخت لەوە دەكەنەوە كە لە هەموو بارودۆخێكدا رەخساندنی هەلی گونجاو بۆ ئافرەتان بۆ ئەوەی لە بازاڕی كاردا ببنە خاوەنی پرۆژەی تایبەت بە خۆیان، رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر ژیان و گوزەرانی خۆیان و دەوروبەر و نەوەی داهاتوویان دەبێت.

حەیات مەجید پەرخی پەرلەمانتاری خولی چوارەم، سەرەتا هێما بۆ ئەوە دەكات كە «بەشداریی ئافرەت لە كەرتی تایبەت، وەكو هێزی كار، كاریگەریی خۆی لەسەر لایەنی ئابووری و كۆمەڵایەتی دەبێت، بە جۆرێك لایەنی ئابووریی وڵات گەشەیەكی سەرسوڕهێنەر دەكات.» هاوكات دەڵێت: «دەكرێت حكومەت و كەرتی تایبەت پێكەوە ئەو دەرفەتە بۆ خانمان بڕەخسێنن، كە پشتبەستوو بە یاسایەكی توندوتۆڵ، تێكەڵ بە كەرتی تایبەت بن، بۆ ئەوەی ئافرەتان تەنیا چاویان لە دامەزراندن لە كەرتی گشتی نەبێت، بۆ ئەوەی توانا مرۆییەكانیان لەم نێوەندەدا بسەلمێنن، ئەوەش وادەكات ئافرەت بەشێك بێت لە پاراستنی خێزان و، بەشێك بێت لە داهاتی خێزان و، بەشێك بێت لە چارەسەركردنی لایەنە داراییەكەی ناو خێزان.» گوتیشی: «لە وڵاتە پێشكەوتووەكان كەرتی تایبەت پێشووەچوونێكی تەواوی بەخۆیەوە بینیوە و، ئافرەتان لەو كەرتەدا و لە بازاڕی كاردا رۆڵێكی كاریگەریان هەیە، ئەمەش بەهۆی بوونی زەمانەتی داهاتووی ئەو كەسانەیە كە لە كەرتی تایبەت كار دەكەن، بەڵام لە كوردستاندا تاوەكو ئەمڕۆش بە هۆی نەبوونی هیچ زەمانێك بۆ دواڕۆژیان، گەنجان پشت بە كەرتی گشتی دەبەستن، لە سەرووی هەموویانەوە نەبوونی خانەنشینی هاوشێوەی كەرتی گشتی، ئەگەر لێرەش بە یاسا پاڵپشتی لە فەرمانبەرانی كەرتی تایبەت بكرێت، ئەوكات بە دڵنیاییەوە كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان بووژانەوەیەكی باش بە خۆیەوە دەبینێت و، ئافرەتانیش روو لەو كەرتە دەكەن و تواناكانیان دەردەخەن، ئەوكات ئافرەت دەتوانێت سەقامگیریی ئابووری بە دەست بێنێت».
د. محەمەد زراری، مامۆستای زانكۆیە و لە روانگەیەكی ئەكادیمییەوە سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئافرەت پێشوەچووونێكی باشی بە خۆیەوە بینیوە لە رووی بەشداریكردنیان لە بواری ئابووری و كەرتی تایبەت. بە شێوەیەك كە لە زۆر كایەی بڵند خزمەت دەكەن و، تەنانەت لە زۆر لە كۆمپانیاكان كەسی یەكەمن، جا چ وەك خاوەن كار، یان وەك بەڕێوەبەر. هەرچەندە تا ئێستاش هەموو تواناكانیان بەكار نەهێنراوە و سوودی لێ نەبینراوە. ئەمەش وایكرد چەندین دەستكەوت لە دەست بدرێت، كە دەتوانرا لەبواری كەرتی تایبەت زیاتر سوودی لێ ببینرێت».
د. محەمەد زراری گومانی لەوەدا نییە كەوا «ئافرەتان لە بواری كەرتی تایبەت چەندین دەستكەوتیان بەدی هێناوە، بە شێوەیەك كەوا یەك لەسەر سێی كۆمپانیاكانی جیهان لە لایەن ئافرەتانەوە بەڕێوە دەبرێت، كەچی لە كوردستان رێژەی بەشداریی ئافرەتان زۆر كەمترە لە كەرتی تایبەت»، سەبارەت بە هۆكارەكانیشی ئاماژە بەوە دەكات كە «ژینگە و كەلتوور بوونەتە بەربەست لەوەی ئافرەتان كەمتر لە بەرەوپێشچوونی كەرتی تایبەت بەشداری بكەن، وەك دروست نەبوونی بیرۆكەی كاركردن لە كەرتی تایبەت لەلایەن خودی ئافرەتان و پشت نەبەستن بە خۆیان». گوتیشی: «بەشداریكردنی ئافرەت لە كەرتی تایبەت رەنگە زۆر جار لە پیاوانیش سەركەوتووتر بن، چونكە ئافرەتان لە رووی داهێنان كەسانی كارامەن و باشتر دەتوانن پەنجە لەسەر هەڵەكان دابنێن».
رۆژنامەنووس ژیلا كەریمی، سەبارت بە هەمان پرس دەڵێت: «كەرتی تایبەت لە هەر كۆمەڵگەیەك واتا كەرتێكی سەبەرخۆ و بەهێز كە كەسانی بوێر و متمانە بەخۆ بەڕێوەی دەبەن. ئەگەر بە مێژووی نزیكی ئابووریی كوردستاندا بچینەوە، دەبینین تا چەند ساڵێك لەمەوبەر ئافرەتان بە گشتی چاوەڕێی كاریان لە كەرتی حكوومی دەكرد، كە بە رای من واتا خۆبەستنەوە بە بەشێكی بچووك و بایەخ نەدان بە هێز و توانای خۆیان، بەڵام ئەم چەند ساڵەی دوایی وەها گۆڕانكارییەكی ئابووری لە كوردستان رووی دا، كە بە راستی جێی سەرسوڕمان و دەستخۆشییە. چوونی رێژەیەكی زۆری ئافرەتان بۆ كەرتی تایبەت و تەنانەت بوونی بزنێسی سەربەخۆی ئافرەت متمانەیەكی باوەڕپێكراوی بە ئافرەتان داوە كە تا ئێستا نموونەی نەبووە. بوونی متمانەش لە رووی ئابوورییەوە واتا گۆڕانكاری لە رووی كۆمەڵایەتییەوە. ئافرەتێك كە لە رووی ئابوورییەوە خۆی بناخەیەكی بەهێزی دامەزراندووە، دەكرێت حیسابی چیایەكی بەهێزی بۆ بكرێت كە بە هیچ بایەك ناڕووخێت. ئەو ئافرەتە دایكێكە كە چەند منداڵ پەروەردە دەكات كە هەموویان لە دایكێكی بەهێزەوە ورە و توانایان وەرگرتووە. ئەو منداڵانە لە بەڕێوەبردنی داهاتووی كۆمەڵگە رۆڵیان دەبێت و، كۆمەڵگەیەك كە ئافرەت تیایدا بەهێز بێت لە رووی دەروونی و رۆحییەوە ئارام و سەقامگیرتر دەبێت. لە ئەنجامدا واتا كۆمەڵگە گۆڕانكارییەكی شاراوەی بەسەردا دێت كە رەنگە چەند ساڵی سەرەتا شاراوە بێـت، بەڵام لە درێژمەودا كۆمەڵگەیەكی زیندوو و گەش دروست دەبێت».
رۆژگار موحسین سەرۆكی رێكخراوی رۆژگاری كورد بۆ هاوكاریی مرۆیی، سەرتا باسی ئەوە دەكات كە «لەگەڵ ئەوەی بە بەردەوامی هەوڵ دراوە بۆ زیادكردنی رێژەی بەشداریی ئافرەت لەكەرتی تایبەت وجێبەجێكردنی یەكسانیی جێندەری، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا بەراورد بەپیاو رێژەكەی زۆر كەمە»، هاوكات دەڵێت: «بەشداریكردنی ئافرەت لە هێزی كار بەتایبەتی لە كەرتی تایبەت گۆڕانكارییەكی زۆر لە كۆمەڵگە دروست دەكات، چونكە ئافرەت توانایەكی بەهێزی بۆ بەرەوپێشبردنی سیستەمی كار هەیە، ئەوە وادەكات بەرهەمی زیاتر و باشتر بەدەست بهێنرێت، هەروەها لایەنی دارایی خۆی بەرەو باشتر دەڕوات و دەبێتە خاوەنی داهاتی خۆی، ئەوەش وادەكات لایەنی دارایی و ژیانی خێزانەكەی بەرەو باشتر بچێت، بەوەش كێشەی دارایی كەمتر دەبێتەوە لەناو كۆمەڵگە و خێزان كە زۆرترین كێشەكانی هۆكاری دارایین، جگە لەوانەش كاركردنی ئافرەت لەدەرەوە لایەنی دەروونی باشتر دەكات و رۆشنبیریی زیاتر دەبێت و، رۆلێكی ئەرێنی دەبێت لە ژیانی خۆی و رەنگدانەوەی دەبێت بۆ خێزانەكەی و مامەڵەكردنی لە ماڵەوە و هوشیارتر دەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆی بەرەوپێش چوونی كۆمەڵگە لە زۆر لایەنەوە».
Top