ئیسرا ئەلحەبیب: بەخێوكردن و بەرپرسیارێتی كچەكانم هانیدام لە چوارچێوەی ماڵ بێمە دەرەوە و شان بە شانی پیاوان كار بكەم

ئیسرا ئەلحەبیب: بەخێوكردن و بەرپرسیارێتی كچەكانم هانیدام لە چوارچێوەی ماڵ بێمە دەرەوە و شان بە شانی پیاوان كار بكەم
ئیسرا ئەلحەبیب، ئافرەتێكی خەڵكی مووسڵ و دانیشتووی هەولێرە، ئەو جگە لەوەی مامۆستایە و جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی رێكخراوی ئاشتی نێودەوڵەتییە، خاتوونێكی پەنجە رەنگینە و تێكەڵی بازاڕی كار بووە. لەم دیدارەیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان زیاتر باسی كارەكەی خۆی دەكات و، خوازیارە خانمان لە هەوڵەكانیان بۆ ئەوەی ببن بە خاوەن داهات و ئابووریی سەربەخۆ بەردەوام بن.

ئیسرا ئەلحەبیب خانمێكی مووسڵاوییە و ماوەی حەوت ساڵە ئاوارەی كوردستان بووە و لە هەولێر نیشتەجێ بووە، لە پاڵ ئەوەی وەكو مامۆستایەك وانەی تایبەت دەڵێتەوە، لە هەمان كاتیشدا لە بەردی بە نرخ ئیكسسوارات و كەلوپەلی جوانكاری بۆ خانمان دروست دەكات و دەیانفرۆشێتەوە، بەشداریی چەندین پیشانگای كاری دەستی كردووە و كەلوپەلەكانی نمایش كردووە.
وەك خۆی باسیدەكات: جگە لەوەی وەكو چالاكێكی مەدەنی لەگەڵ چەندین رێكخراو و كۆمەڵە كاری كردووە، ئەو جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی رێكخراوی ئاشتی نێودەوڵەتییە، سەبارەت بە بەرهەمە دەستكردەكانیشی گوتی: «زیاتر لە دوو ساڵە ئەو كارە دەكەم، سەرەتا دووكانێكی تایبەتم لە هەولێر بە كرێ گرتبوو، بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لە ئێستادا لە پیشانگاكان و لە رێگەی ئۆنلاینەوە كەلوپەلەكانم دەفرۆشم، لەخوای گەورە داواكارم كوردستان هەر ئاوەدان بێت و ئەمن و ئاسایش بۆ هەمیشە تێیدا بەرقەرار بێت، سەقامگیری ئەمنی كوردستان وایكردووە زۆرترین ئاوارە لە ناوچەكانی دیكەی عێراق رووی تێبكەن، چونكە كوردستان ماڵێكی ئارام و پارێزراوە بۆ هەمووان.»
ئیسرا ئەلحەبیب دەربارەی ژیانی كۆمەڵایەتیی خۆی دەڵێت: «بەهۆی كێشەی خێزانییەوە ساڵانێكە لە هاوسەرەكەم جیابوومەتەوە و دایكی سێ كچم و هەرسێكیان لە قۆناغی ئامادەیی دەخوێنن، بەخێوكردن و بەرپرسیارێتی كچەكانم هانیدام لە چوارچێوەی ماڵ بێمە دەرەوە و شان بە شانی پیاوان كار بكەم و دووكان بكەمەوە، هەموو ئاواتیشم ئەوەیە خوای گەورە تەندروست و سەلامەتم بكات، تاوەكو كچەكانم دەگەینمە كەناری ئاسوودەیی و ئەمان».
لە كۆتایی قسەكانیدا داوا لەو ئافرەتانە دەكات كە هێز و بەهرەی كاركردنیان تێدایە، بێنە مەیدانی كار و تێكۆشان و هاوكات دەڵێت: «پێویستە ئافرەتان لە دۆڕان نەترسن و نائومێد نەبن و تێكەڵی بازاڕی كار ببن، چونكە هەر كارێك كە دەستی پێ دەكەی، مەرج نییە بە یەكجار تێیدا سەركەوتوو بیت، بەردەوامبوون و كۆڵنەدان دەمانگەینێت بە سەركەوتنی گەورە و چاوەڕوان نەكراو. بۆیە پێویستە هەموو هەوڵی خۆمان بدەین».
Top