ئه‌مریكا و عێراق دیالۆگی ستراتیجی ئەنجامدەدەن

 ئه‌مریكا و عێراق دیالۆگی ستراتیجی ئەنجامدەدەن

كۆشكی سپی بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مریكا و عێراق مانگی (نیسانی/4)ی داهاتو دیالۆگی ستراتیژی و گشتگیر ئەنجام دەدەن، بۆ دیاریكردنی ئه‌ركه‌كانی هێزی هاوپه‌یمانان له‌و وڵاته‌.

جه‌ین پساكی، وته‌بێژی كۆشكی سپی له‌ لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی رۆیته‌رز رایگه‌یاند، "له‌ مانگی (نیسانی/4) داهاتودا ئه‌مریكا و عێراق له‌سه‌ر ئاستی باڵا دیالۆگی گشتگیری ستراتیجی ئه‌نجامده‌ده‌ن".

لەکۆبونەوەکاندا تاوتوێی ئه‌ركی مانه‌وه‌ی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا لە عێراق ده‌كه‌ن

ئاماژەی بەوەشکرد، لەکۆبونەوەکاندا تاوتوێی ئه‌ركی مانه‌وه‌ی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا لە عێراق ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌ركی سه‌ره‌كیان بۆ مەشق و راهێنان و راوێژكردنە به‌ هێزە عێراقییەکان.

پێویسته‌ پێكه‌وه‌ كار بۆ نه‌هێشتنی گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش بۆ عێراق بكه‌ین

وته‌بێژی كۆشكی سپی باسی لەوەشکرد، پێویسته‌ پێكه‌وه‌ كار بۆ نه‌هێشتنی گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش بۆ عێراق و رێگری له‌ خۆكۆكردنه‌وه‌یان بكه‌ین.

18ی ئه‌م مانگه‌، سه‌رۆك به‌رهه‌م، سه‌رۆك كۆماری عێراق لەبارەی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، "پەیوەندی عێراق لەگەڵ ئەمریکا په‌یوه‌ندیه‌كی گرنگه‌ و لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش پێكهێنراوه‌، دیالۆگی ستراتیجی ئەنجامدەدەین و هەمو پرسە سیاسی و ئابوری و فەرهەنگی و ئەمنییەکان تیایدا تاوتوێ دەکەین".





باسنيوز
Top