تەندروستیی عێراق ڕەتی دەكاتەوە پێدانی پێكوتەی كۆرۆنای كردبێتە زۆرەملێ

تەندروستیی عێراق ڕەتی دەكاتەوە پێدانی پێكوتەی كۆرۆنای كردبێتە زۆرەملێ
ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ڕەتی كردەوە پێدانی پێكوتەی دژە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنایان كردبێتە زۆرەملێ.

سەیف بەدر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق بە میدیاكانی وڵاتەكەی راگەیاندووە كە هاووڵاتییانیان ناچار نەكردووە بە شێوەی زۆرەملێ پێكوتەی دژە كۆرۆنا وەربگرن.

گوتەبێژەكە هەروەها دووپاتی كردەوە كە وەرگرتنی پێكوتەی كۆرۆنا خۆویستانەیە و كەس ناچار ناكرێت وەریبگرێت.

ئەوەشی ئاشكرا كرد ڕێژەی ئەو هاووڵاتییانەی كە لە عێراقدا وەرگرتنی پێكوتەی كۆرۆنا ڕەت دەكەنەوە، زۆر كەمترە لە چاو هاووڵاتییانی وڵاتانی تر، بەڵكو زۆربەی هاووڵاتییانی عێراق خوازیاری وەرگرتنی پێكوتەی كۆرۆنان.

سەیف بەدر گوتیشی وەزارەتەكەی داوا لە هاووڵاتییان دەكات پێكوتەی كۆرۆنا وەربگرن، چونكە ئێستا مەترسیی بڵاوبوونەوەی خێرای پەتاكە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.

جێی باسە پێشتر چەند جارێك دەنگۆی ئەوە بڵاو كرایەوە كە حكوومەتی عێراق بە شێوەی زۆرەملێ پێكوتەی دژە كۆرۆنا بە هاووڵاتییان دەدات، ئەمەش لە كاتێكدایە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا سەرەی دوور و درێژی چەند مانگی بۆ وەرگرتنی پێكوتەكە گیراوە، تەنانەت لە وڵاتانی ئەورووپاش.












باسنيوز




Top