سنوورێکی عێراق و ئێران هەتا دوو هەفتەی دیکە بەڕووی گەشتیاراندا داخرا

سنوورێکی عێراق و ئێران هەتا دوو هەفتەی دیکە بەڕووی گەشتیاراندا داخرا
بە گوتەی پارێزگاری ئیلام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سنووری نێودەوڵەتیی مێهران لەگەڵ عێراق، بۆ ماوەی دوو هەفتەی دیکەی بەڕووی گەشتیاراندا داخراوە.

لەمبارەوە محەمەد نەوزەری پارێزگاری ئیلام بە ماڵپەڕی (میهر)ی ڕاگەیاندووە سنووری نێودەوڵەتیی مێهران لەگەڵ عێراق بەهۆی دۆخی ناجێگری کۆرۆنا لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە هەتا ڕێکەوتی ٦ی٥ی٢٠٢١ بەڕووی گەشتیاراندا دادەخرێت، بەڵام ئاڵۆگۆڕی بازرگانی تێیدا بە ڕەچاوکردنی ڕێوشوێنە تەندروستییەکان بەردەوامە.

بە گوتەی پارێزگاری ئیلام ئێستا بەشی کەرەنتینە تەندروستییەکان لە سنووری میهران زۆر بە چڕی کار دەکەن و بۆ پێشگیری لە پەتای کۆرۆنا ڕێوشوێنێکی چڕوپڕی تەندرستی گیراوەتە بەر.

سنووری میهران لە پارێزگای ئیلام کە هاوسنووری پارێزگای واستی عێراقە و لە دیوی عێراقەوە بە "زرباتیە" ناسراوە، بە یەکێک لە سنوورە نێودەوڵەتییە گرنگەکانی نێوان عێراق دێتە ئەژمار و ساڵانە گەشتیار و زیارەتکارێکی زۆری ئێرانی لەوێوە ڕوو لە عێراق دەکەن و هاوکات لەڕووی بازرگانیشەوە سنوورێکی گرنگە بۆ ئاڵۆگۆڕی کاڵا لە نێوان ئێران و پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.






باسنیوز
Top