مستەفا کازمی مۆڵەتی هەزار و 128 پرۆژەی وەبەرهێنانی هەڵوەشاندەوە

مستەفا کازمی مۆڵەتی هەزار و 128 پرۆژەی وەبەرهێنانی هەڵوەشاندەوە
ئەمڕۆ چوارشەمە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، چەندین بڕیاری سەبارەت بە کاری دەستەی وەبەرهێنان دەرکرد کە لەناویاندا هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی هەزار و 128 پرۆژەی وەبەرهێنان هەیە.

لە ڕاگەیاندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا هاتووە، ئەمڕۆ چوارشەمە ٢١ی٤ی٢٠٢١ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی دەستەی وەبەرهێنانی کردووە هەتا لە نزیکەوە ئاگاداری کار و ئەو گرفتانە بێت کە لە عێراقدا رووبەڕووی دەستەی وەبەرهێنان دەبنەوە.

دوای سەردانەکە کازمی چەند راسپاردە و بڕیارێکی دەرکرد و تێیاندا هاتووە: "مۆڵەتی هەموو ئەو پرۆژانەی وەبەرهێنان هەڵئەوەشێتەوە کە رێژەی جێبەجێکردنیان لە نێوان (0- 35%) دایە و وادەی دیاریکراو بۆ دروستکردنیان کۆتایی پێهاتووە، ژمارەی ئەو پرۆژانەش، کە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە، هەزار و 128 پرۆژەیە".

هەر لە راگەیاندراوەکەی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا هاتووە: "دەبێ بەتەواوی پابەند بن بە حوکمی مادەی 28 لە یاسای وەبەرهێنان، هاوکات هۆشداری بەو خاوەن پرۆژانە دراوە کە تەواو نەکراون و دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنان سەرپەرشتی و چاودێریی جێبەجێکردنی ئەو رێوشوێنانە دەکات".

لە خاڵێکی دیکەی بڕیار و راسپاردەکانی کازمیدا هاتووە: "لەو کاتەی وەبەرهێنەر پابەندی وادەی جێبەجێکردنی پرۆژەکەی نەبوو، مۆڵەتی لێ دەسەندرێتەوە".











باسنيوز


Top