ژمارەی قوربانییانی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب بەرز بووەوە

ژمارەی قوربانییانی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب بەرز بووەوە
شەوی رابردوو لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق ئاگرێک کەوتەوە و قوربانیی لێکەوتەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی بەغدا رایگەیاند، کە شەوی شەممە ئاگرێک لەنێو نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب-ی تایبەت بە کۆرۆنا، کە دەکەوێتە ناوچەی پردی دیالە لە بەغدای پایتەختی عێراق، کەوتەوە.

سەرچاوەیەکی پزیشکیی عێراقی رای گەیاند، لانی کەم 27 کەس گیانیان لەدەست داوە و دەیان کەسی دیکە بریندارن، جگە لەوەی زیاتر لە 200 نەخۆشی دیکە رزگار کراون.

لای خۆیەوە حکوومەتی عێراق 3 رۆژ ماتەمینی بۆ گیانی قوربانییەکان راگەیاند و بڕیاری لێپێچینەوە و سزادانی هەموو ئەوانەی دا، کەمتەرخەم بوونە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، کە لە سەرچاوەی پزیشکی گەیشتوونەتە راگەیاندنەکانی ناوخۆی عێراق، رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە لە ئەنجامی پابەندنەبوون بووە بە مەرجەکانی سەلامەتیی هەڵگرتنی بوتڵەکانی ئۆکسجین، کە بووەتە هۆی تەقینیان و خستنەوەی ئاگر.

راگەیاندنێکی حکوومی لە زاری مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی گواستووەتەوە، ئەو جۆرە رووداوانە لە ئەنجامی کەمتەرخەمییەوەن و بڕیاری داوە بە زووترین کات لێکۆڵینەوە لە رووداوە دەست پێ بکات و هەموو ئەوانەی کەمتەرخەمن ئاشکرا بکرێن و سزا بدرێن.

(فرانس پرێس) لە زاری کازمی دەگوازێتەوە، کە دەڵێ: “ئەم جۆرە رووداوانە تەنیا هەڵەیەک نین، بەڵکو تاوانن و دەبێ هەموو ئەوانەی کەمتەرخەم بوونە بەرپرسیارێتییەکەی هەڵبگرن”. داواشی کردووە: “ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکە لە ماوەی 24 کاتژمێر رابگەیەنرێن و کەمتەرخەمەکان سزا بدرێن”.

(بەغداد ئەلیوم) راگەیاندراوێکی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراقی بڵاو کردووەتەوە و سەبارەت بە لێپێچینەوە سەرەتاییەکان رای گەیاندووە، حکوومەتی مستەفا کازمی، بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی بۆ هەریەکە لە بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی بەغدا رەسافە و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب و جێگری کارگێڕی و هونەریی نەخۆشخانەکە و بەڕێوەبەری بەشی ئەندازیاری و چاککردنەوە دەرکردووە.

هەروەها لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، کە بڕیاریش دراوە، بەزووترین کات ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێ.





باسنيوز
Top