بیركردنەوەیەك بۆ رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەنفالەكان و كیمیابارانەكان

بیركردنەوەیەك بۆ رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەنفالەكان و كیمیابارانەكان
مستەفا بارزانی لەگەڵ دەستپێكی شۆڕشی سەرتاسەرتی كوردستاندا ئەو پەیامەی ئاراستەی نەتەوەی عەرەب كرد كە شۆڕشی كوردستان دژی نەتەوەی عەرەب نییە، لە قۆناخی دوای راپەڕین و ئەزموونی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستانیشدا، مسعود بارزانی جیا لەوەی پابەندبوونی خۆی بە برایەتی نێوان (كورد و عەرەب) دووپات كردەوە، لە هەمانكاتدا داوای دیالۆگی نێوان (كورد و عەرەب و فارس و تورك)ی كرد و بۆ ئەم ئامانجەش هەوڵێكی زۆر دراوە و هەتا ئێستاش هەوڵەكان بەردەوامییان هەیە.
ئەگەر ئەم دوو پەیامە وەك چوارچێوەیەك بۆ پێناسەكردنی ناشنالیزمی كوردستان لەقەڵەم بدەین، ئەوا هەردوو پەیامەكە ئەوە بە نەتەوەكانی (تورك و فارس و عەرەب و هەموو جیهان) دەڵێت، كە راستە ئامانجی ناشنالیزمی كوردستان دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانە، بەڵام لە هەمانكاتدا ئامانجی هەرە سەرەكی دروستكردنی ژینگەیەكی سیاسی هاوشێوەی كوردستانە لەسەر ئاستی ناوچەكە بۆ ئەوەی تەواوی نەتەوە جیاوازەكانی (تورك و عەرەب و فارس)یش لەگەڵ گەلی كوردستان بە لێبوردەیی بژین و هەموو پێكەوە پارێزگاری لە جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینەكان بكەین و ئەم جیاوازییانە بكرێنە خاڵی بەهێز بۆ شكۆ و سەروەریی هەر نەتەوەیەك، نەك هەوڵبدرێت گەلێكی وەك گەلی كوردستان لەسەر نیشتمان و خاكی خۆی كۆمەڵكوژ بكرێت و بە جینۆساید بتوێنرێتەوە.
لێرەوە ئەگەر لەسەر رەهەندەكانی زامی ئەنفالەكان و كیمیابارانەكان هەڵوەستە بكەین، ئەوا ئەم تاوانانە دەقاودەق پێناسەی جینۆسایدیان بەسەردا جێبەجێ دەبێت، كاتێكیش ئاستی كێشەكانی نەتەوەیەك دەگاتە كارەساتی جینۆساید، ئەوا ئەم ئاستە یەك پەیامی بۆ هەردوو نەتەوەی ژێردەست و سەردەست هەیە، ئەویش مانای ئەوەیە هەوڵدان بۆ پێكەوەژیان و دووبارە دروستكردنەوەی پێكەوەژیان كۆتایی هات و دەبێت بیر لە چارەسەرێكی دیكە بكرێتەوە، ئەو چارەسەرەش تەنیا گەڕانەوەیە بۆ بیری نەتەوەیی بە مانای (كوردستانیبوون) و دەبێت هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان لە خاڵێكی هاوبەشدا ئەو راستییە بسەلمێنن، كە رژێمە داگیركارەكانی كوردستان بەگشتی و رژێمە یەك لە دوایەكانی دەوڵەتی عێراق لە ماوەی 100 ساڵی رابردوودا دژی كوردستانیبوونی هەموو نەتەوە و پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستان بووە و، كێشەی لەگەڵ هەر نەتەوە و پێكهاتەیەك هەبووە كە خۆی بە خاوەنی ناسنامەی كوردستانی زانیبێت، ئەوجا ئەو نەتەوەیە (كورد بووبێت، یان كلدان و سریان و ئاشووری و توركمان) یان (موسڵمان بووبێت، یان كریستیان، یان ئێزیدی، یان كاكەیی و.. هتد)، ئەوا بە یەك چاو سەیر كراوە لە هێرشە بەدناوەكانی ئەنفالەكان و لە بۆمبارانكردنە كیمیاوییەكاندا هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان پێكەوە كۆمەڵكوژ كراون.
خوێندنەوەی ئەم كارەساتە گەورانە لە چوارچێوەیەكی نیشتمانیی بەرفراواندا، پەیوەندی پتەوی نێوان بیری نەتەوەیی و جوگرافیای نیشتمان پێكەوە گرێدەداتەوە و هەروەها ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە بیری نەتەوەیی بە جوگرافیای نیشتمانێك نە دەتوانرێت باس بكرێت و نەدەتوانرێت پێناسە بكرێت، هەر بۆیە كاتێك دەبێتە چوارچێوەیەك بۆ پێكەوە گرێدانەوەی رایەڵی خاڵە هاوبەشەكانی جیاوازیی نێوان نەتەوە و ئایینەكانی یەك نیشتمان، ئەوا داگیركاری ئەو نیشتمانە، مەرگی خۆی لە بونیادنانی دەوڵەتێكی نەتەوەیی لە جوگرافیای ئەو نیشتمانەدا دەبینێتەوە، هەر بۆیە بە یەك چاوی دوژمنكارانە سەیری تەواوی ئەو هاووڵاتیانە دەكات كە خۆیان بە هاووڵاتی ئەو نیشتمانە دەزانن.
ئەم ئاراستەیە ئەو رێگەیەمان پیشاندەدات كە گەوهەری كێشەی نێوان گەلی كوردستان و تەواوی دەوڵەتانی داگیركار، كێشەی نیشتمان و خاكە، نەك ئایین، یان نەتەوەیەكی دیاریكراو، هەر بۆیەشە كاتێك دەمانەوێت بیركردنەوەیەكی گشتگیرانە بۆ رێگرتن لە دووبارەنەبوونەوەی كارەساتێكی هاوشێوەی ئەنفالەكان و كیمیاباران بكەین، ئەوا خاك و نیشتمان فەرزی دەكات كە دەبێت كۆی بیركردنەوەكان لەچوارچێوەی بەهاكانی نیشتمان و ئەو خاڵە هاوبەشانەی هاووڵاتیانی كوردستان بێت، كە بە جیاوازی ئایین و نەتەوەوە ئەو خاڵە هاوبەشانە ناسنامەی كوردستانیبوون بۆ هەموومان دروست دەكات.
بیركردنەوە لە چوارچێوەی جوگرافیای نیشتمانیی كوردستانیدا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو واقیعە سیاسییە بەزۆر دروستكراوەی بەسەر ئەم جوگرافیایەدا سەپێندراوە، ئەوا لەگەڵ ئەوەی ئەو جوگرافیا سیاسییە سەپێندراوە جۆرێك لە ئاراستەی پەیامی نیشتمانی كوردستانی بۆ ئاراستە جیاوازەكان دروست دەكات، بەڵام خودی پەیامە نیشتمانییە كوردستانییەكە هەر یەك پەیامە كە لەیەك كاتدا و لە چوار جوگرافیای سیاسیی سەپاودا ئاراستەی پایتەختەكانی (تاران و دیمەشق و ئەنكەرا و بەغدا) دەكرێت، ئامانجی ئەم پەیامەش ئەوەیە كە دەبێت حكومەتەكانی ئەو چوار دەوڵەتە هەوڵبدەن ئاراستەی بیركردنەوەی خۆیان بگۆڕن و بگەنە قەناعەت كە بە ئەنفالەكان و كیمیابارانەكانیان، ئیرادەی گەلێكی زیندوو پەك ناخرێت و نەتەوەیەك لەناو جوگرافیای نیشتمانێكی داگیركراودا ناسڕێتەوە.
ئەگەر لێرەوە لەسەر تایبەتمەندی پەیامی نیشتمانی كوردستانییانەی باشووری كوردستان بەرامبەر بەغدا هەڵوەستەی جددی بكەین، ئەوا وەك بەردەوام سەركردایەتی سیاسیی ئەم بەشەی كوردستان جەختی لەسەر دەكاتەوە، دەبێت ئەم وەرچەرخانە لە ئەقڵییەتی دەسەڵاتی داگیركارانی كوردستاندا بە ئاشتی گۆڕانكاری بەسەردا بێت، یان بە دیوێكی دیكەدا كێشەی گەلی كوردستان بە ئاشتییانە چارەسەر بكرێت، ئەم پەیامە راشكاو و راستگۆیانەی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان لەو حاڵەتەدا كاریگەری تەواوی بەو ئاستە دەبێت كە نوێنەرایەتی ئیرادەی زیندووی گەلی كوردستان بكات، كە هێز و لایەنە سیاسییەكانی ناو بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان بە هیچ جۆرێك وابەستەی ئایدیۆلۆژیەتێكی سیاسی ئەوجا (ئایینی، یان چەپ، یان عەلمانی) نەبن كە جوگرافیای نیشتمانی كوردستان فەرامۆش بكات.
كێشەی گوتاری (سیاسی نیشتمانی كوردستانی) لە هەر چوار پارچەی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی خۆی لەو خاڵەدا بەرجەستە دەكات كە بەشێك لە ئایدیۆلۆژیای هێز و لایەنە سیاسییەكان، جوگرافیای نیشتمانیی كوردستان فەرامۆش دەكات، یان بەشێوەیەك ئەو ئایدیۆلۆژیە سیاسیە پیادە دەكەن، كە جوگرافیایەكی دیكە شوێنی جوگرافیای نیشتمانی كوردستان بگرێتەوە، هەر بۆیە كاتێك ئەم حاڵەتە لەناو گوتاری سیاسی نیشتمانی هەر نەتەوەیەك دروست بێت و جوگرافیای نیشتمانی ئەو نەتەوەیە فەرامۆش بكرێت، ئەوا ئاستی كاریگەری ئەو گوتارە سیاسییە نیشتمانییە ناتوانێت پێناسە و رەنگدانەوەی ئیرادەی ئەو گەلە بێت كە خۆی بە خاوەنی ئەو جوگرافیا سیاسییە دەزانێت.
دەرهاویشتە خراپەكانی ئەنفالەكان و كیمیابارانەكان هەموو جوگرافیای سیاسیی كوردستان و تەواوی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی گرتۆتەوە، هەر بۆیە كاتێك وەك سیمبولێكی نیشتمانی لەسەر كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە، یان ئەنفالەكانی گەرمیان هەڵوەستە دەكەین، ئەمانە تەنیا هێما و یادكردنەوەی ناوچەیەكی كوردستان نین، بەڵكو ئەم كارەسەتانە بوونە هێما بۆ مەزڵوومیەتی گەلێك كە بێجگە لە داكۆكیكردنی لەسەر جوگرافیای نیشتمانێك هیچ تاوانێكی دیكەی نییە.
Top