رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دۆسیە گەرمەكەی كۆنفڕانسی میونشن

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دۆسیە گەرمەكەی كۆنفڕانسی میونشن
كێشە گەورەكانی ئاسایش و ناسەقامگیری بۆ هەموو جیهان، لە دەوڵەتانی عەرەبی و جیهانی ئیسلامییەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەوجا ئەگەر جیهانی ئیسلامی بە شێوەیەكی گشتی وەك جیهانی دەوڵەتانی ئیسلامیی سوننە پێناسە كرابێت و، وەك هاوپەیمانی ئەمریكا و رۆژئاوا دەركەوتبن، ئەوا لە ئێستادا ئەگەر لەسەر ئاستی پەیوەندیی دەوڵەتییش نەبێت، لەسەر ئاستی میللی، تەواوی گەلانی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی بە هاوشێوەی جیهانی ئیسلامیی شیعە كە ئێران سەركردایەتی دەكات، دژایەتی رۆژئاوا دەكەن و، رۆژئاوا بەسەرچاوەی كێشەكانیان دەزانن، ئەمە بێجگە لەوەی جیهانی پەیوەندییەكانی رووسیا و چینیش جیهانێكی فراوانە و توانیویانە تا راددەیەكی زۆریش سوود لە دووركەوتنەوەی جیهانی ئیسلامی سوننە لە رۆژئاوا وەربگرن.
لەناو ئەم جیهانە ئاڵۆزەی عەرەبی و ئیسلامیدا، هەرێمێك هەیە بە ناوی هەرێمی كوردستان كە هەتا ئێستا بەشێكە لە عێراق و لەناو ئەو هەموو ناسەقامگیرییەدا، نە كێشەی لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامیی سوننە هەیە، نە كێشەی لەگەڵ شەپۆلە شیعییەكەشدا هەیە، كە ئێران سەركردایەتی دەكات، بەڵكو هەرێمی كوردستان لە ناوچەیەكی داخراوی بچووكدا بە شێوەیەك حوكمڕانی دەكات، كە هەموو ئەو بەهایانەی وەك (لێبوردەیی، فرەكولتووری، فرەنەتەوەیی و ئایینی و سەقامگیری) كە پێشتر دەوڵەتانی رۆژئاوا شانازییان پێوە دەكردو ئێستا خەریكن لە دەستی دەدەن، لەناو هەرێمی كوردستاندا، ئەم بەهایانە نەك هەر پارێزراون، بەڵكو رۆژ لە دوای لە گەشەسەندندان و زیاتر رەگ و ریشە لە سەر خاكی كوردستان دادەكوتن.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە مانگی پێشوو بە فەرمی بانگهێشتی كۆڕبەندی ئابووریی نێودەوڵەتیی داڤۆس كرابوو، بۆ یەكێك لە پەنێڵە گرنگەكانی ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوەت كرابوو، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەو پەنێڵەدا تەنیا سەرۆك بوو كە خاوەنی رۆئیای دەستنیشانكردنی كێشەكان و چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكانی بۆ كۆڕبەندەكە خستەڕوو، راستە ئامادەبووانی دیكەش رۆئیا و بیرو بۆچوونی خۆیان هەبوو، بەڵام وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان خاوەنی بەڵگەنامەیەكی مەلموس نەبوون كە شاهیدی بۆ رۆئیا و بیروبۆچوونەكانیان بدەن.
لەم هەفتەیدا جارێكی دیكە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە بانگهێشتی فەرمیی كۆنفڕانسی ئاسایشی نیودەوڵەتی میونش، لەو كۆنفڕانسەش ئامادە دەبێت، لەم كۆنفڕانسەشدا بە هاوشێوەی داڤۆس، چەندین دیداری گرنگی لە پەراوێزی كۆنفڕانسەكەدا دەبێت، بەڵام دیدارەكانی ئەمجارەی لە میونشن جیاواز دەبێت لە دیدارەكانی لە داڤۆس، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر لە داڤۆس تایتڵی سەرەكی وەك «سیاسەتی ئابووری» هەموو ئامادەبووانی كۆكردبێتەوە، ئەوا لە میونشن تایتڵی سەرەكی وەك «سیاسەتی ئاسایش و سەربازی» هەموو سەرۆك و خاوەن بڕیارەكانی جیهان پێكەوە كۆدەكاتەوە.
هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەی قەوارەیەكی بچووكە و سوپاكەی (هێزی پێشمەرگە) وەك سوپای دەوڵەتانی پێشكەوتوو، چەكی پێشكەوتووی زەمینی و ئاسمانی لە بەردەست نییە، بەڵام هیچ كام لەو سوپایانەی كە بەهێزترین چەكی جۆراوجۆری پێشكەوتوویان لەبەردەستە، بە ئاستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان خاوەنی ئەو ئیرادەیە نین لەسەر زەوی ئەو هێزە بن كە تیرۆریستان تێكبشكێنن، بۆیە ئەزموونی پێشمەرگە لەگەڵ ئەزموونی سەربازی و چەكە پێشكەوتووەكانی وڵاتانی زلهێز، زەمینەیەكی باش دروست دەكات، بۆ ئەوەی سیاسەتی ئاسایش و سەربازی لە سەر ئیرادەی هاوشێوەی پێشمەرگە بونیاد بنرێتەوە.
Top