پێشبینییەکانی ھاوسەنگی لە بازاڕەکانی نەوتدا
August 26, 2020
راپۆرتەکان
ئەم ئاژانسە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەرھەمھێنانی نەوت کەمبووەتەوە، بە شێوەیەک کە بەرھەمھێنانی ئەمریکا لە مانگی ئایاری ڕابردوودا نزیکەی ١٠ ملیۆن بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، ئەمەش بەڵگەیە کە بە ٣ ملیۆن بەرمیل ڕۆژانە بە بەراورد بە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ دابەزیوە. ھەروەھا ئیدارەی زانیارییەکانی وزەی سەر بە وەزارەتی وزەی ئەمریکا لە ھەفتەی ڕابردوو ئاماژەی بەوە کردووە کە نەوتی یەدەگی بازرگانیی ئەمریکا بەر لە دوو ھەفتە بۆ ١.٦٣ ملیۆن بەرمیل دابەزیوە بەمەش ٥١٢.٤٥ ملیۆن بەرمیلی تۆمارکراوە، واتا زیادەی کۆگاکراوی ئەمریکا بۆتە ١٥% زیاتر لە تێکڕایی پێنج ساڵی ڕابردوو، زانیارییەکانی کۆمپانیای نەوتی ژاپۆنیش ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەو وڵاتە ٧١.٨%ی لە داخوازیی وڵات بۆ نەوت لە ناوەڕاستی مانگی ئاب گەڕاندۆتەوە، ئەمەش بەرزترین تێکڕای داخوازیی ژاپۆنە لەوەتەی ١٦ ھەفتەدا.
زانیارییەکانی فەرمانگەی توێژینەوەی بانکی ستاندەرد چارتەرد دەیسەلمێنن کە بازاڕی جیھانیی نەوت زۆر نزیکە لە ھاوسەنگی نێوان خواست و خستنەڕوو، داخوازی لە مانگی ئاب بۆ یەکەم جار لەوەتەی ١١ مانگدا بە نزیکەی ٣٥٥ ھەزار بەرمیلی ڕۆژانە لەسەرەوەی خستنەڕوو بووە، دیارە لەگەڵ گەڕانەوەی بازاڕەکان بۆ ھاوسەنگی لەو ماوە زووەدا، کە پەتای کۆرۆنا بڵاوبۆتەوە، ئەم پەرەسەندنە بە ڕێکەوت نەبووە، سێ فاکتەر ھەن کە ڕۆڵی بنەڕەتییان گێڕاوە لە ڕووی خێرایی گەیشتن بەو سەقامگیرییەی بازاڕەکان، یەکەم: ڕێککەوتنی ڕێکخراوی ئۆپک لەگەڵ دەوڵەتانی دیکەی ھەناردەکار بۆ دامەزراندنی گرووپی(ئۆپک پلەس)، بەمەش ڕووبەری دەوڵەتانی کەمکەرەوەی بەرھەمھێنان بۆ ٢٤ دەوڵەت فراوان بوو لەجیاتی تەنیا وڵاتانی ئۆپک، دووەم: پابەندبوونی تەواو بە بەڵێنەکانی کەمکردنەوە لەلایەن ئەو دەوڵەتانە، ھەروەھا گفتوگۆکانی سەرۆکی ڕێکخراوی ئۆپک لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی سەرەتا زیاترلە پشکی خۆیان بەرھەم ھێناوە، عێراق و نایجیریا، ھاوکات گەیشتن بە چارەسەری مامناوەند کە ئەو دوو دەوڵەتە بەرھەمیان لە مانگەکانی دادێ کەم بکەنەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیادەی بەرھەمھیان، ئەوەی مایەی سەرنجە ئەوەیە کە ھۆیەکانی ڕاگەیاندن کە چاودێریی دەوڵەتانی ھەناردەکار دەکەن، سەبارەت بە ھەوڵەکانی کەمکردنەوەی بەرھەم گومانیان نەبووە لەو ژمارانەی لە گرووپی( ئۆپک بلەس)ەوە دەردەچن، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی ڕاستگۆیی چاوەڕواننەکراو لە لای ڕێکخراوی ئۆپک و ھاوپەیمانەکانی لە ئۆپک بلەس بێتە دی، سێیەم: ھاریکاریی پتەوی سعودیەو ڕووسیا لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی کەمکردنەوەی بەرھەمی ئۆپک پلاس بۆتە کۆڵەگەیەکی بنەڕەتیی سەرکەوتنی دەوڵەتانی ھەناردەکار.
زانراوە کە ئەو دوو دەوڵەتە لە یانەی گەورە بەرھەمھێنەرانن، بۆیە کاریگەرییان بۆسەر بازاڕەکانی نێودەوڵەتی و ھەناردەکاران گەورەو گرنگە بۆ سەرکەوتنی ڕێککەوتنەکە. وێرای ھەموو ئەو سەرکەوتنەش کە تا ئێستا ھاتۆتەدی، بەڵام تەحەدیی گرنگ لەم چەند مانگەی دادێ دێنەپێش، تەحەدیی یەکەم: ئاستی بڵاوبوونەوەی کۆڤید-١٩ و پێویست بوون جارێکی دیکە بە کەرەنتینی ماڵەوە، ھەروەھا کاریگەریی گەڕانەوە بۆ قوتابخانەو زانکۆکان لە دوو مانگی داھاتوودا، ھاوکات خێرا گەڕانەوەی بیرەکانی نەوتی بەردینی ئەمریکی بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بەرھەم بھێنرێنەوە، ھەروەھا پێویستە پێشبینیی گۆڕانکارییەکان بکرێت لە تێکڕایی نەوت لەبەر چەند ھۆیەکی دیکە، جیۆسیاسی یان ئابووری- پیشەسازی، ئەمەش دەبێتە ھۆی سستیی بەرزبوونەوەی نرخ یان ھەتا پاشەکشێ کردن لە ئاستی ئیستای کە نرخی یەک بەرمیلی نەوتی برنت لەنێوان ٤٠ بۆ ٤٥ دۆلار.
نووسين: وەلید خدوری
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: بەھادین جەلال
سەرچاوە: ڕۆژنامەی شەرقوڵئەوسەت