سیاسەتی حەكیمانەی سەركردایەتی پارتی تەمەنی حزبەكەیان درێژكردەوە

سیاسەتی حەكیمانەی سەركردایەتی پارتی تەمەنی حزبەكەیان درێژكردەوە
لە سایەی ئەو كەش وهەوا ئازادەی لە هەرێمی كوردستان فەراهەم بووە، كە پارتی دیموكراتی كوردستان بە دیهێنەری بووە بەو پێیەی دەسەڵاتی موتڵەق تاوەكو ئێستایش لە دەستی ئەودایە و پارتیش باوەڕی بە فرە ڕەنگی هەیە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا چەندین ڕەنگ و لایەنمان دیتن كە لە پرۆسەی هەڵبژاردن دا بەژداربوون و بە دروشمی جۆراوجۆرەوە پڕوپاگەندەیان بۆ كۆكردنەوەی دەنگ دەكرد.
پارتی بەهۆی خزمەتكردنی بە هاوڵاتیان، نەیاران و ناحەزانی بە هەموو شێوەیەك كاریان دەكرد بۆ ناشرین كردنی ماوەی دەسەڵات دارێتی پارتی و ئەوەی لە دەستیان هات كردیان و هیچ كات كەمتەرخەمییان نەكرد لە بوختان هەڵبەستن بۆی، بە هەموو شێوەیەك كاریانكرد بۆ گەوجاندن و متمانە لاوازكردنی هاوڵاتیان بەپارتی، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان دوور لەهەموو وەڵامدانەوەیەك و تێوەگلان و چوونی بۆ ناو زۆنگی مزایەدەی سیاسییەوە، بە بەرنامەی تۆكمە بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتیان و بوژاندنەوە و بەرزكردنەوەی باری دادرایی هاوڵاتیان، هەموو ئەو چەواشانەی ڕەواندەوە و دەست بەجێ متمانە جێی شك و گومانی لای هاوڵاتیان گرتەوە.
ئەو بڕیارە مێژوویەی تەمەنی پارتی درێژكردەوە
پارتی بە بڕیاردانی كاركردن بۆ سوودمەندبوونی هاوڵاتیان لە داهاتی نەوت و ڕاستەوخۆ پشكیان لە نەوتی هەرێمەكەیاندا هەبێت، جارێكی دی لایەنگر و هەوادار و خەڵكی كوردستانیشی دڵنیاكردەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئازادی تاك و داكۆكی لەمافی گەلی كورد دامەزراوە و بەرنامەكەیشی خزمەتكردن و دابینكردنی خۆشگوزەرانییە بۆ هەموو تاكێكی كوردستان بەبێ جیاوازی.
ئەو بڕیارە بوڕكانێك بوو لە بن نەیارانی پارتی و ئارەزوومەندانی گەیشتن بە كورسی دەسەڵات تەقییەوە، چونكە ئەوان باش دەزانن خزمەتكردنێكی لەو شێوەیە درووشمی بریقەداری بێ كرداریان و خەوی ئامانجی گەیشتن بە دەسەڵاتیان لە ژێرزەمینی كپ و بێهەست بۆ چەندەها خولی دیكە خەواندەوە.
بڕیارێكی لەو شێوەیە چاوەڕوانكراوە لە پارتی و زۆر دڵنیاشین لە بەجێگەیاندنی،چونكە سەركردایەتی پارتی شتێك ناڵێن كە لە بەرنامەیاندا نەبێت و كاریان بۆ نەكردبێت، بەڵگەش بۆ ئەوە، كام ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی هەیە خزمەتگوزاری پێ نەگەیشتبێت.
خۆ ئەگەر پایتەختی هەرێمیش وەربگرین: هەر چەند ساڵێك لەمەوبەر لە زاری سەركردەیەكەوە خەڵكی بە گوندی گەورە ناوی دەبرد، بەڵام لە دوای بەڵێنی سەركردایەتی پارتی كە بەڵێنیان دا ئەو گوندە گەورەیە بكەنە دووبەی، ئێستا هەولێر نەك بووەتە دووبەی، بەڵكو لە دووبەیش تێپەڕیوە و بووەتە گەشتیاری عەرەبی.
Top