سەربەخۆیی و بڤەی منداڵ

سەربەخۆیی و بڤەی منداڵ
كە منداڵێك لە كاڵفامی خۆی دەیەوێ گەمە لەگەڵ ئاگر بكات، ئەگەر پێی بڵێی بڤەیە، ئیدی ئەو منداڵە جارێكیتر تخونی ئاگرناكەوێتەوە، كەچی ئێستا خەڵكانێك پەیدا بوونە، هەرچەند هەراش و خاوەن بیرو هۆشیشن، كەچی كە پێان دەڵێی ئەوە ئاگرە و تخونی مەكەونەوە، لە وڵامدا پێت دەڵێن: ئاگر ئێمە ناسوتێنێ چونكە دەستمان غارە بووە، ئیدی مرۆڤ دەترسێ ئەوانیش وەكی ئەو دەروێشەیان لێ بێت، كە بە عەقڵی خۆی لەوە دەرچووە كە گوللە بیبڕێ، بەڵام كاتێك گوللەی لەسەر تاقیدەكەنەوە حەیاتی ڕەشی لێ دەبڕێ....
لەڕاستیدا ئەمڕۆ كەسانێكی بەناو سیاسی پەیدا بوونە، دەیانەوێ هەمان تەجروبەی ئەو دەروێشە تاقیبكەنەوە لەسەر خۆیان، پێیان دەڵێن ئاگر دەستتان دەسوتێنێ بەقەولی منداڵان بڤەیە، كەچی لە وه‌ڵامدا دەڵێن: دەستمان بە ئاگر غارا بووە، ئاخر بە هەموو پێوەرێكی مەنتیقی،تاریك و ڕوونی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی كوردستان دیارە، ئیدی چۆن دەبێ لەو لاوە كەسانێك بە هەواو ئارەزووی دەهۆڵی ناحەزان هەڵپه‌ڕن و بە ئاشكراش ئیعلانی بكەن كە دژە بەرەی سەربەخۆ بوونی كوردستانن ....؟!!
چ خاوەن زەمیرێك ویژدانی قبوڵ دەكات كە چانسی سەربەخۆیی وەك هەر كارتێكی سیاسی تر تاقیبكرێتەوە، چما ئەوە مونافەسەی ڕۆژانەیە تاوەكو هەر كات ویستتان دەستی بۆ بەرن‌ و بەكاری بهێنن، پێویستە خەڵكانی تێگه‌یشت وعاقڵمەندو هۆشمەندی ناو ئەو جه‌ماعه‌ته‌،ئه‌وانه لەو غەفڵەتیە بە ئاگا بێننەوە، كەوا ئەم چانسە زۆر بە زەحمەت دووبارە دەبێتەوە، چونكە ئەگەر كارتی سەربەخۆیی سووتا، ئەوە باشووری كوردستان توشی شكستێكی گەورە دەبێت‌ و میسداقیەتی سیاسی ‌و نیودەوڵەتیشی نامێنێت،ئەو كاتیش مێژوو ڕەحم بە كەس ناكات.....!!
Top