ریفراندۆمی کەرکووکییەکان و کەف و کوڵی قاوەی نێو فنجانی ئە م و ئەو

ریفراندۆمی کەرکووکییەکان و کەف و کوڵی قاوەی نێو فنجانی  ئە م و ئەو
بریاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لەپارێزگای کەرکووک ، لەلایەن ئەنجوومەن و خودی پارێزگاوە لەرۆژی ٢٩-٨-٢٠١٧ وە ، کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە ، بەغدا ، تاران ، ئەستەمبوڵ ھەر زوو لێدوانیان لە بارەوە دا و ھەندێ لەوان لێدوانی ئاگرین و ھەڕەشە ئامێز و چاوسوورکردنەوەش بوون.
لەکاتێکدا ھەست بە ھەڵچوون و کەفوکوڵی لێدوانەکانییان دەکەین و ھەر واش بۆی دەچین کە ( کەفوکوڵی نێو فنجانی قاوەیە ) و ھیچیتر نا . وەڵێ بۆ بیر خستەوەی چەند دێرێک لەمێژووی دوێنێی دوور و نزیک لە بارەی کەرکووکەوە وەبیر خۆمان و ئەوانی دێنیینەوە .
بەرێز دەوڵەت باخچەڵی سەرۆکی پارتی ( مەھەپە ) ، کاتێ دەڵێت کەرکووک شارێکی توورکەو بەتوورک بوون دەمێنێتەوە ، ھەر دەڵێی لەھزری فتوحات و فاتیحەکانی سەردەمی قوستەنتینەی بێزەنتی و ناولێنانی بە ئیسلام بۆڵ و سەردەمی کلێسای ئایا سۆفیاوە دەدوێت .
باخچەلی کەلەمێژووی نزیک ئاگادارە ودەزانی توورک مان وەک وشە مانایی چییەو کەی لە کوردستان و عێراق یەیدابوون و بۆچی لە ناوەراست و باشووری عێراق نەیانتوانی نیشتەجێ بن و بۆ لەکوردستان و ئەو شوێنانەی کە ئێستا مادەەی ١٤٠ دەیانگرێتەوە توانییان نیشتەجێ بن و وەک نەتەوەی ترووکمان ببن بە بەشێک لە پێکھاتەی سەرەکی کوردستانی باشوور وناوچەکە .
دەوڵەت باخچەلی .. ئەوە ھەر عەرەب بوو لەدوای نەمانی ولایەتی بەغداو بەسرا تاکە تاکە و بەکۆمەڵ لە گەڵ ئاوابوونی خۆری دەوڵەتی عوسمانی لە ناوچەکەدا، توورکمانیان قەتل و عام کردو ڕواوەدوونا ، کە تا رۆژی ئەمرۆش شوێنەواریان لەوێ بەدی ناکرێت ‌ .. ئەدی ئەوە ھەر کورد نەبوو لە ولایەتی شارەزوورو و دواتر موسڵ تورکمانیان گرتە خۆ و وەک دوو برا تا رۆژی ئەمرۆ تاڵاو و ئازاری توانەوەو راگوێزان و تەشەیوع و تەبعیس و تەعریب دەنۆشن ؟
ئەی ھەر کوردو توورکمان نیین بە ژن و ژنخوازی ، بە بەرژەوەندی ئابوری و کۆمەلایەتی چ لەکەرکووک یا ناوچەکانی دیکە لەگەڵ کورد تێکەڵن و پێکاتەی کۆمەڵایەتی ناوچەکە یان رازاندۆتەوە ؟ یا ھەر کورد و کوردستان نییە بۆتە پەنگای ئارام و ژیانی رەوشت بەرزی داڵدەدان و لێبوردەیی و پێکەوە ژیانی ئاشتییانەی نەتەوە و ئاین و ئاینزاکانی دیکە ، بە تایبەتیش ‌لەپاش دامەزراندنی حکومەتی تازەی عێراق و پێکەوە لکانی زۆرەملێی کوردستان بەو حکومەتەوە .
:-باخچەلی بەدڵنیاییەوە بەرێزتان جیاوازی لەنێوان شارێکی توورک و توورکمان دەکەن ، ھەروا ئاگاداری مێژووی دوێنێینو لەبارەی کەرکووکەوە، لەسەر نەخشەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانلی دا ،سالی ١٨٥٠ ی زاینییدا کە بەپیتی درشت لێی نووسراوە (کوردستان ، عەجەمستان ، جزیرە چۆل- عەرەبستان) و زۆر بەروونیش کە چاوی رووت دەیخوێنێتەوە بەپیتی درشت ئاماژە بە شاری ‌(کەرکووک )کراوە کە دەکەوێتە ناو جەرگەی کوردستانی دراوسێیی عەجەمستان و عەرەبستان .
ھەر لەبارەی پرسی ئەنجام دانی ریفراندۆمی باشووری کوردستان و بەشداریکردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لەم پرۆسە نیشتیمانییە نەتەوەییەدا ، بەھرام قاسمی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانی زۆر نیگەران و قەڵس کردووە ، بەجۆرێ دەدوێ ھەروگیف و چاو سوورکردنەوەی لێدەخوێندرێتەوە .
ئاغای بەھرامی قاسمی جگەلەوەی کە دەڵێ : بریارێکی ھەڵەیە و ئاگر خۆشکەرەو جێگای قبووڵکردن نییە !!! ھەر بەوەندەش ناوەستی و دەڵێ ئەم بریارەی پارێزگای کەرکووک جێگای چاوپۆشیکردن نییە و پێشێلکاری سەروەری عێراقە !!
دەپرسین : بەرێز بەھرامی قاسمی بەغدای پایتەختی عێراقی لێک ھەڵوەشاوە بە باغی دادی مالکی سەر رووباری دیجلەی رۆژئاوای تاران تێدەگات و بە بەشێک لە ئەھلی بەیتی شیعە ی دادەنێ مافی خۆیەتی بەرگری لە بەغدایێک بکات کەخەریکە کەرخ و رەسافەی بەیەکجاری لێک دەترازێ ، چ جای عێراقێک کە بەرەو ھەڵدێرێک دەروات نەک ھەر نێوانی سونە و شیعە ، بەڵکو نێو ماڵی شیعەش لێک دەترازێنێ بەجۆرێ باشووری عێراق لە ھەرێمێک زیاتر چاوەرێیەتی ، لەکاتێکدا بە بیر ئاعای قاسمی دێنیینەوە کە ئەوە ھەر بەغدای باغاتییان بوە ،‌ ماددەی ١٤٠ پشتگوێخست و رێگر بوو لە ئەنجام دانی ھەڵبژاردنە ئاساییەکانی پارێزگا لەو شارە دا بۆ سێ خول لە دوای یەک پێشێلی ھەموو مافێکی دیموکراسییانەی دانیشتوانی ئەو شارە کرا و سەرەنجام ماددەیەکی گرنگی دەستووریان کە ماددەی ١٤٠ مراند ، تا بارودۆخی شار ئاسایی نەبێتەوە و راگوێزراوان قەرەبوو نەکرێنەوە و راپرسی و گشتپرسی ئایندەی شارەکەی تێدا ئەنجام نەدرێت .
ئێستا کەرکووکییەکان و کوردستانیان بەتەواوی پێکھاتەی نەتەوەیی و ئاینی یەوە ، بە باوەڕی پتەو و پۆڵایینەوە چاویان بریوەتە دوای ریفراندۆم و پێکەوە دەوڵەتی کوردستانی فیدراڵی دیموکراسی ، عیلمانی دادەمەزرێن و ھەرکەسێکیش بەخەیاڵی دابێ دەست بۆ کەرکووک بەرێ ، ئاگری بۆڕییە نەوتییەکان دەیسوتێنێ .
کەرکووک کوردستانیی یەو غەرناتەی ئەندەلوسی جاران نییە و کەف وکوڵی قاوەی نێو فینجانەکانیش کاتییە و ،بلێسەی با بەگوڕگوریش ئەزەلی یە .



Top