بەرپرسیاریەتی ناز و منەت و پاوانکردن نییە

بەرپرسیاریەتی ناز و منەت و پاوانکردن نییە
فەیلەسوفی بە ناوبانگی چینی لاوتسۆ دەلێ" ئەگەر دەتەوێت سەرکردایەتی خەڵک بکەیت لە دوایانەوە بڕۆ"
گەر شی کردنەوەیەکی پەروەردەییانە بۆ ئەو ووتەیە بکەین و ئاوێتەی بەرپرسیاریەتی لە پەروەردە و فێرکردن دا بکەین کە بێگومان پەروەردە و فێرکردن بەردی بناغە و ھەنگاوی یەکەمی پێشکەوتن و گەشەسەندنی کۆمەڵگایە.
دەپرسین ئایا ئێمە ھەموومان ئەوانەی بەرپرسیاریەتیمان ھەیە لە کەناڵەکانی پەروەردە و فێرکردن توانیومانە ماف و دەستکەوت کە لە ئەنجامی بەرپرسیاریەتیمان ھەمانە بخەینە دواوەی خەڵکانی تر ؟ یانیش بۆخۆمان پاوانمان کردبێ و ناز و منەتیش بە سەر خەڵک بکەین ؟ بێگومان وەڵام بۆ خوێنەری بەرێزە !
ھەموومان دەزانین بەرپرسیاریەتی پەروەردە و فێرکردن لە ھەموو پرسەکانی تری ناو کۆمەڵگا جیاوازە و بەڵکو ھەستیاریەتی و کاریگەری ئەو پرسە بۆ چەندین ساڵ شوێنەواری باشی و خراپی جێ دەھێلێ لە جەستەی کۆمەڵگە، سادەترین نموونە کە دەبێ پاپەند بین ئێمە پێش خەڵکانی تر ، چونکە رێنمایی و ڕێ و شوێن و بنەماکان لای ئێمە دەردەچن مەبەستم لە ووشەی ئێمە : ھەموومان لە (وەزیری پەروەردە و ڕاوێژکار و بەرێوەبەری گشتی و بەرێوەبەری پەروەردە و یاریدەدەرانی بەرێوەبەرانی گشتی و شارەزا و سەرپەرشتیاران و بەرێوەبەری بەشەکانە) . رێنماییەکان دەردەکەین تا لە خوارەوە جێ بەجێ بکرێن و پاپەند بن پێەوە و بە سەر خەڵکانی تر پراکتیزە بکرێ بۆ نموونە وەرگرتنی قوتابی لە قوتابخانەکانی بە ئینگلیزی دەخوێنن و یان سیستەمی خوێندن زمانی ئینگلیزیە و یان نموونەییەکان و یانیش ئەو قوتابخانانەی کە بە پێی رێنماییەکان وەرگرتنی قوتابی رێکخراوە وەکو بەرزترین نمرە و تاقیکردنەوە و چاوپێکەوتن و شوێنگەی جوگرافی وەردەگیرێن کە لە ھەولێر چەند قوتابخانەیەک ھەن لە بنەڕەتی و ئامادەیی ودواناوەندی ھەموو خەڵکانێک حەز دەکەن منداڵەکانیان لەو قوتابخانانە بخوێنن، بە ھەمان شێوە لە شارەکانی سلێمانی و دھۆک و گەرمیانیش چەند قوتابخانەیەکی ھاوشێوە ھەیە.
ئایا ھەموو ئەو قوتابیانەی لەو قوتابخانانە دەخوێنن بە پێی رێنمایی و بنەماکانی وەرگرتن وەرگیراون کە لە وەزارەتی پەروەردە وە گشتاندنی بۆ کراوە بۆ جێ بەجێ کردن؟ یانیش نەخێر؟
ئایا ئێمە کاربەدەستانی وەزارەتی پەروەردە منداڵەکانی خۆمان سەپاندووە بە سەر ئەو قوتابخانانە کە وەربگیرێن یانیش کامەمان منداڵەکانمان لەو قوتابخانانە دەخوێنن بەدەر لە رێنماییەکانی وەرگرتن یان ھەمان پێوەرن یانیش پۆستەکانی خۆمان قۆستۆتەوە و پاوان و قۆرخمان کردووە بۆ وەرگرتنی منداڵی خۆمان لەو قواتبخانانە بەدەر لە ھەموو پێوەر و رێنماییەک کە منداڵی تری گەڕەک یان شوێنگەی جوگرافی زۆر شایستەترە و مافی ئەوانە وەربگیرێن ، کەچی ئێمە پێشێلی ئەو مافەی ئەو منداڵەمان کردووە لە پێناو منداڵی خۆمان کە بێگومان ئەمەش پێچەوانەی ھەموو پڕەنسیپ و دیسپیلینی کارگێڕی و بەرپرسیاریەتی و دادپەروەرییە، چونکە تا ئێمە لەو پۆستانەی بەرپرسیاریەتی پەروەردە بین ھەموو قوتابیەک منداڵی ئێمەیە ھەموو قوتابیان چاوەڕێ و داواکارن لە ئێمە تا بە یەکسانی و دادپەروەری مافەکانیان وەربگرن و جیاوازی و ھەڵاوێرکردن نەکرێ.
بۆ ئەوەی متمانە و دڵنیایی قوتابییان و کەس و کاریان بە پەروەردە پتەو بێت پێویستە منداڵەکانی کاربەدەستانی پەروەردە بە گشتی لە قواتبخانە ئاساییەکان بخوێنن نەوەک لە قوتابخانەی تایبەت و جیاواز و بە دەر لە ھەموو پێوەر و رێنماییەک ئەمەش دەبێتە دابڕانی پەروەردە و کۆمەڵگە لە یەکتری قوتابخانەکان و پەروەردە بێ دەبن لە پشتگیری و پاڵپشتی و متمانەی کۆمەڵگە کە ھەرگیز نابێ ڕووبدات ئەگەر نا دڵسۆزی و دادپەروەری لە کۆمەڵگە بوونی نامێنێ ، یەکێک لە بنەماکانی دادپەروەری ئەوەیە ماف بدرێتەوە ھەموو خاوەن مافێک.
بۆزیاتر دڵنیایی قوتابیان و کەس وکارییان بە زەرووری دەبینم ووردبینی یەکی وورد و بێ لایەن ، لەلایەن کەسانی پەروەردەیی و پسپۆر و دڵسۆز بەداوداچوونی بۆ چۆنیەتی وەرگرتنی قوتابیان بکرێ لەو جۆرە قوتابخانانە کە لە سەرەوە باسم کرد و بە بەردەوامی و ساڵانە بۆ پتەو کردنی زیاتر پەیوەندی پەروەردە و کۆمەڵگە و چەسپاندنی دادپەروەریی پەروەردەیی لە کۆمەڵگە.

بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top