متمانە بە خۆبوون سەرکەوتنی تاقیکردنەوەکانە

متمانە بە خۆبوون سەرکەوتنی تاقیکردنەوەکانە
نووسەر و ڕەخنەگر و شاعیری بەریتانی سموئیل جونسون دەلێ" متمانە بە خۆبوون یەکەمین پێداویستی ئیشەگەورەکانە"
واتە ھەر کات بمانەوێت کارێکی گەورە ئەنجام بدەین سەرەتا دەبێ بڕوا و متمانەی تەواومان بەخۆمان ھەبێت، گەر تاقیکردنەوە بە نموونە وەربگرین گومانی تێدانییە تاقیکردنەوەکان ھەردەم بۆ ژمارەیەکی زۆر لە قوتابیان بۆتە مایەی دوو دڵی و ڕاڕایی و بێزاری و ترسی زۆر ، ھەندێ جار وا کاریان لێدەکات خەونی بەترس ببینن و لە خەو وا دەزانن دوا کەوتوون بۆ تاقیکردنەوەکان و لە بیر چوونەوە و دڵتەنگی و خواردن و نەخواردن و شتی تر.
پێویستە سەرەتا قوتابی ئەوپەری متمانە و بڕوای بە خۆی ھەبێت و ھەرگیز نەترسێ و لە وانەکان بگات و باشی خوێندبێ و ھەندێ کار ھەیە پێویستە پێش تاقیکردنەوەکان تا کۆتاییان دێت جێ بەجێ یان بکات، وەکو کات دابەشکردن و ھەبوونی خشتەی خوێندن تەلەفزیۆن و ئەنتەرنێت بە گشتی بەلاوە بنرێت قوتابی بە لایانەوە نەچێ زوو نووستن و بەیانیان زوو لە خەو ھەستان ھەندێ جوولەی وەرزشی کەم و ھەرگیز نابێ بە برسیەتی بچیتە تاقیکردنەوەکان بەڵکو خواردن یان شیرینی بخوات و لە پێش دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکان زۆر گفت وگۆ لەگەڵ قوتابیان نەکات و ھەوڵ نەدان بە کاتێکی کورت پێداچوونەوە بە ھەموو بابەتەکان بکاتەوە، بەڵکو پیشوویەک و ھێمنی پێویستە بۆ قوتابی پێش تاقیکردنەوەکان دەستی پێ بکات کە چووە ژووری تاقیکردنەوە ئەوپەری متمانەی بە خۆی ھەبێت کە دادەنیشێ ئاسوودە بێت و ڕاڕا نەبێت ھەرگیز نەترسێت، وا متمانەی بەخۆی ھەبێت کە زۆر بە ئاسان سەیری تاقیکردنەوەکان بکات کە پرسیارەکان دەبینێ ھیچ نەشلە ژێ سەرەتا ئەوەی دەزانێ وەڵامی بداتەوە کە دیتی وا قوتابیان دەردەچن و تەواو بوونە بە ھیچ شێوەیەک نابێ سەخلەت ببێ پەلە پەڵ بکات خۆ ئەوەی زوو دەردەچێ ناچێ میدالیا وەربگرێ ، بەڵکو وەرگرتنی میدالیا و دەرچوون لەو کاتەدا تۆ یەکلای دەکەیتەوە کە بە بڕوا بە خۆبوون وەڵامی سەرجەم پرسیارەکان دەدەیتەوە و بە شێنەیی ئینجا دەردەچی ، کە ئەو تاقیکردنەوە تەواو بوو بە ھیچ شێوەیەک نابێ بیری لێ بکەینەوە ئەوە ڕۆیشت بووە ڕابردوو تاقیکردنەوەی ترت ھەیە دەبێ ئەوەیان باشتر بی ئیتر ، وە ھەروەھا تا تاقیکردنەوەکان تەواو دەبن بزانە قۆناغێکی ھەستیاری قوتابیە بۆ پەڕینەوە لە قۆناغێک بۆ قۆناغی دوای ئەوە ئەوەش بزانە تاکە سوودمەندی پاشە ڕۆژ خودی خۆتی و تۆش نە یەکەم کەسی نە دوا کەسی تاقیکردنەوە ئەنجام دەدەی ، وە من لێرە کە ئەو دێرە دەنووسم دڵنیام زۆر سەرکەوتوو دەبی و متمانەی تەواو پێت ھەیە ساڵی تر لە قۆناغی تر خۆت دەبینیتەوە لە ھەمان کات دەبیتە مایەی شانازی بۆ کەس وکارت ئەوانیش پێویستە ئەو ماوەیەی تاقیکردنەوەکان زۆر ڕەچاوی تۆ بکەن لە ھەموو ڕوویەکەوە بە تایبەتی خێزانەکان سەردان و سەردانی کردن و دەرچوون ڕابگرن تا منداڵەکانیان لە تاقیکردنەوەکان تەواو دەبن گەر گیروگرفت و کێشەش ھەبێا دوای بخەن و بەلاوەی بنێن خۆی ھەموو مالێک کاتی تاقیکردنەوەکان گەر قوتابیان ھەبێت ژینگەی ماڵ گۆڕانکاری بە سەردادێت ھەموویان دڵیان لای منداڵەکانیانە و چاودێری دەکەن و حەز دەکەن ھەموو شتی بۆ فەراھەم بکەن و تەنھا منداڵەکانیان بخوێنێ ، بێگومان ھیواو ئاواتی ھەموو خێزانێک دەرچوونی منداڵەکانیانە.
دەمەوێ بە کورتی ئاماژە بە ڕۆلی مامۆستا و قوتابخانە بدەم ھەرگیز مامۆستا لە ھەوڵی ئەوە دا نەبێت گرانترین و قورسترین پرسیار بۆ قوتابیەکانی بھێنێتەوە لە بیری نەچێ بەرھەمی مامۆستا قوتابیەکانیەتی، مامۆستای بەرێز وا تەماشای تاقیکردنەوەکان مەکە کە تاکە پێوەری دەرچوونی قوتابی بێت ، بەڵکو بە درێژایی ساڵ بە ھەموو ووردەکارییەکانیەوە پێوەری دەرچوونە، بەڵام لە تاقیکردنەوەکان ھەوڵ بدرێ پرسیاری ڕوون و تێگەیشتوو بۆ قواتبی بھێنرێتەوە ئەوەی گرنگە کەشێکی لە بارو ڕەخساو بۆ قوتابی درووست بکرێ ھەموویان وەکو یەک ھەرگیز مامۆستای بەرێز لە کاتی تاقیکردنەوەکان تەوفەکردن و چاک و چۆنی و چوونە لای ھەندێ قوتابی و قسە لەگەڵ کردنی ھەندێکیان لە بەرچاوی ئەوانی تر ھەلەیە نابێ بکرێ ، بەڵکو کاتی تاقیکردنەوەکان گەر منداڵەکەت لە ھۆڵەکە بوو ئەوانی تر نەزانن تۆ ڕەچاوی دەکەی بەڵکو ھەموویان قوتابین ، وە دڵنیام مامۆستایانی بەرێز شارەزاو و خاوەن ئەزموون و ویژدانن متمانە و بڕوا زیاتر دەبەخشنەوە خودی قوتابیەکان دووردەکەنەوە لە خۆ تووڕەکردن و قیژاندن و ھاوار بە سەر کردن کە بێگومان شلە ژایی و ترساندن بە سەر کۆی قوتابیەکان درووست دەکات و ئەوەی دەیزانن لە بیریان دەچێتەوە ، بەڵکو پێویستە بە زمانی شیرین و پەروەردەیی ڕەفتاریان لەگەڵ بکرێ و پێداویستیەکانیان بۆ فەراھەم بکرێ و ئەوپەری ئاسوودە بن لە ھۆڵی تاقیکردنەوەکان، چونکە ئەو تاقیکردنەوانە چارەنووسییە بۆ قوتابیەکان ، بەڵام بۆ مامۆستایان بەرێ کردنی چەند کاتژمێرێکە بۆقوتابیان پەڕینەوەی سالێکە بۆ خێزانەکانیش ھیوا و خۆزگەیانە لە بیرمان نەچێت ھەموومان قوتابی بووین.
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top