مامۆستا ویژدانە، قوتابیش ئەمانەتە

مامۆستا ویژدانە، قوتابیش ئەمانەتە
پێشینان دەلێن" مامۆستا ویژدانە، قوتابیش ئەمانەتە، ئەگەر ویژدان بوونی نەبوو ، ئەمانەت و وون دەبێ"
مەبەست لەو ووتە جوان و ئاوێتە دارەی نێوان قوتابی و مامۆستا ئەوەیە ئەگەر مامۆستا وەکو پێویست ویژدانی ئاسودە نەکات لە قوتابخانە لە وانە ووتنەوە و تێ گەیاندنی قوتابی و پێگەیاندنی پەروەردەییانە و زانستیانە ئەوا قوتابیەکە وون دەبێ .
مامۆستایە ھەموو ئامانجە پەروەردەیی و فێرکردن و ئامۆژگارییە بە سوودەکان دەگەیەنێتە قوتابی و ئامادەی دەکات بۆ پۆلی دواتر واتە ئەرکی خۆی جێ بەجێ دەکات، چونکە قوتابی تاکە ئەمانەتە پارێزراوەکەی ویژدانە زیندووەکەی مامۆستایە بە تایبەتی لە کاتی وانە ووتنەوە و تاقیکردنەوەکان تەنھا نمرە نەبێتە تاکە پێوەر بۆ دەرچوونی قوتابی لە پۆلێک بۆ پۆلی دواتر ، چونکە ھەر وەڵامدانەوەیەکی قوتابی لە تاقیکردنەوەکان جێگیر و تایبەمەند نییە بە تەنھا نمرەیەک لەوانەیە ھەڵکشان و داکشانی تێدا بکرێ بۆ زیاتر ڕوون کردنەوەی مەبەستم ئەو بە سەرھاتە دەگێرمەوە لە ساڵانی (١٩٩٢-١٩٩٣)مامۆستای بیرکاری بووم لە دواناوەندی بەحرکە ئامۆژگارییەکی سەرپەرشتیاری بیرکاری بەرێز (مامۆستا خەسرۆ عەبدولکەریم) یادی بەخێر کە سەردانی کردم بە سەرھاتێکی خۆی بۆ گێرامەوە لە سەر دانانی نمرە بۆ قوتابی ئەو بەرێزە فەرمووی لە سەرەتای ھەشتاکان لە کۆنترۆڵی موسل مامۆستای پشکنەر بوو بۆ قۆناخی سێ یەمی ناوەندی دیارە قوتابیەک نمرەی (٤٢)ی وەرگرتووە لە بیرکاری ئەو ساڵە دا بڕیار بووە لە نمرەی (٤٣)بکرێتە (٥٠) ئەو مامۆستایە بەرێزە دەفتەری قوتابیەکەی نیشانی بەرێوەبەری کۆنترۆل داوە کە (٤٢)ی وەرگرتووە بۆی بکرێتە (٤٣) بۆ ئەوەی ببێتە (٥٠) و دەربچێ، کەچی لەلایەن بەرێوەبەری کۆنترۆل ڕەت کراوەتەوە ئەو گوتوویەتی نابێ ئەوە مافی خۆی (٤٢)بووە چۆن دەبێ بۆی بکەینە (٤٣) لێ گەرێ چەندی بۆ دانراوە دەستکاری ناکرێ ئیتر ئەو مامۆستایە بەرێزە لەگەڵ مامۆستایەکی تری ھاوڕێ ھەستاوون بۆ دڵنیابوون دەفتەرێکی بەتاڵیان ھێناوە و ھەمان وەڵامی قوتابیەکەی (٤٢)وەرگرتووە گواستویانەوە ھەمان دەفتەر واتە ھەمان وەڵامیان نووسیووتەوە بێ زیادە و کەم نیشانەیەکی دەفتەرەکەیان کردووە لە ناو دەفتەرەکان داینناوە کاتێک نۆرەی ئەو دەفتەرەش دێت بپشکنرێ ونمرەی بۆ دابنرێ کە تەواو دەبێ تەماشا دەکەن دەبینن ئەو دەفتەرە (٦٢)نمرەی وەرگرتووە جێگای تێبینیە بۆیە ئەو مامۆستا بەرێزە ھەردوو دەفتەری (٤٢)نمرەی قوتابیەکە و (٦٢)نمرەی کە نوسرابووە بردوویانەتە لای بەرێوەبەری کۆنترۆل پرسیاری کرد مامۆستا تکایە سەیری ئەو دوو دەفتەرە بکە بزانە وەڵامەکان ھیچ جیاوازیان ھەیە ئەوە بوو بە ووردی تەماشای کرد گوتی نەخێر ھیچ جیاوازیان نییە تەنھا ئەوەی نمرەی (٦٢)وەرگرتووە جوانتر نوسراوە، گوتی بەرێز ئەوە ھەمان وەڵامە کە داوام کرد تەنھا (١)یەک نمرەی بدەینێ بۆ ئەوەی ببێتە (٤٣)بەرێزتان گوتتان نابێ مافی ھێندە بووە، ئەی چۆن ھەمان وەڵام مافی بووە بە (٦٢)نمرە کە (٢٠)نمرە جیاوازە ، بێگومان مامۆستا مەرج نییە سەرەتا دەفتەر و کۆتا دەفتەر وەکو یەک بپشکنێ دواتر پشکنینی وەڵامی پرسیارەکان وەکو تەرازووی زێر پێوان نییە بە غرام بپێورێ بۆیە مامۆستای بەرێز ھەرگیز نابێ تەنھا چەند وەڵامی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەیەک بکەینە پێوەری دەرچوونی قوتابی لە ھەر قۆناخێک بۆ قۆناخێکی تر، چونکە قوتابی بە درێژایی ساڵ دەوام دەکات و بەشداری ڕۆژانەی ھەیە لە سەرجەم بابەت و چاڵاکییەکان و دەوام کردن ، با تەنھا تاقیکردنەوە پێوەری دەرچوونی قۆتابی نەبن بە تایبەتی ھەڵسەنگاندنەکانمان بۆ وەڵامەکان لە مامۆستایەک بۆ مامۆستایەکی تر دەگۆرێ بگرە لە ھەمان مامۆستاش دەگۆڕێ ھەڵسەنگاندنەکان لە کاتێک بۆ کاتێکی تر بۆیە دڵنیایی مامۆستایانی بەرێز دەکەمەوە تەنھا و تەنھا جەخت لەسەر وەڵام و تاقیکردنەوەکان نەکەین و بە ھەموو شێوەیەک ھەوڵ بدەین قوتابی سوود و دەرفەت لە تێکرای ساڵ وەربگرێ و تەنھا لە گۆشەیەک بڕیاری کۆتایی لەسەر نەدەین.
بە شێوەیەکی گشتی ئەو نموونەیەی سەرەوە زۆر سەرنجی ڕاکێشام و کاریگەری کردە سەر چۆنیەتی ھەڵسانگاندنی من بۆ قوتابیەکانم ، ھیوای تەمەن درێژی و تەندروستیەکی باش بۆ بەرێز مامۆستا (خەسرۆعەبدولکەریم) دەخوازم کە سەرپەرشتیارێکی بەتوانا و ویژدان زیندووی پرۆسەکە بوو وانەیەکی لێ فێربووم تا ئێستاش بەردەوامم.
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top