دەرخستنی نیەتێکی پەروەردەیی درووست

دەرخستنی نیەتێکی پەروەردەیی درووست
نووسەرو شاعیری بەریتانی رودیارد کیبلینگ دەلێ" درەخت بە بەرووبوومەکەی دەناسرێتەوە"
شک لەوە دانییە کە درەخت بە بەرووبوومی بناسرێتەوە و دام و دەزگا و دامەزراوەکانیش بە کارو داھێنان و پەرەپێدان و چاڵاکییەکان دەناسرێتەوە و ھەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێ ، ھەروەکو کۆڕبەندی ئابوری جیھانی پۆلێن کردنێکی نوێ بۆ کوالێتی خوێندن لە جیھان دەرکرد بۆساڵی (٢٠١٧)کە (١٣٧) سەد و سی و حەوت ووڵات بەشداربوون و لە چۆنیەتی پەرەپێدان و کوالێتی خوێندن لە جیھاندا ووڵاتی (سویسرا) بە پلەی یەکەم ھات و ووڵاتی (یەمەن)یش لە کۆتا پلە ھات و ووڵاتانی تری عەرەبی (قەتەر) لە پێشەنگی ووڵاتانی عەرەبی و شەشەمی جیھان ھات ئیماراتیش لە دووەمی عەرەبی ونۆیەمی جیھان ھات دواتریش لوبنان و سعودیە و بەحرەین و ئوردەن دێن، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ھەر یەکە لە سوریا و عێراق بە کوردستانیشەوە لەو پۆلینەدا شوێنیان نەبوو.
ئەوەی دەمەوێ جەختی لەسەر بکەمەوە ئایا ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە تا چەند توانیومانە گرنگی بە کوالێتی خوێندن بدەین لە ھەموو ڕوویەکانەوە ؟
لە بەرزکردنەوەی ئاستی قوتابیان و بەرزکردنەوەی تواناکانی مامۆستاکان و سیستەمی کارگێڕی پەروەردەیی سەرکەوتوو پسپۆریانە و ئەکادیمیانە، بێگومان کوالێتی بە ھەموو جۆڕەکانیەوە بەردی بناغەی بنیاتنان و گەشەکردنی ئابوری و کۆمەڵایەتیە .
با واز لە ھەڵسەنگاندنی کوالێتی خوێندن بێنین لەلایەن رێکخراوەکانی نێودەوڵەتی بە گشتی و بانکی نێودەوڵەتی ، بۆ خۆمان تا چەند ساڵانە بەداوداچوون و ھەڵسەنگاندنمان بۆ کۆی گشتی سیستەمی پەروەردە و فێرکردن کردووە ؟
ئایا ئاماژە و نیشاندەرەکانی بە گشتی بەرەو کام ڕووبەرمان دەبەن و دەتوانین بلێن ساڵ لە دوای ساڵ پەروەردە و فێرکردن لە ھەرێمی کوردستان لە باش بۆ باشترە یان لە خراپ بۆ خراپترە ! یان لە باش بۆ خراپترە! ئەلێرەدا ڕای کەسانی پسپۆر و شارەزا و پەیوەندیدار بە پرۆسەکە گرنگە دوور لە بەرژەوەندی و پەیوەندی کەسی بەڵکو پەیوەست بە خودی ویژدان و پرۆسەکە کە بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆی ھەموومانە ھەریەکە و بە پێی دەسەڵات و پەیوەندیداری.
ھەوڵ بدرێ لە داھاتوو دا کار لەسەر ئەو ئاماژە و نیشاندەرانە بکرێ کە جێ بەجێ کردنەکان وەکو پێویست و سەرکەوتوو نین بە ھەموو نیشاندەرەکانی چەندایەتی و جێ بەجێ کردن و ئاراستەکردن و کردارییەکان و ھەڵسەنگاندنەکان لە ووردەکاریەکانیان ھەموو بە ووردی دەردەکەوێ.
سەرەڕای ھەبوونی قەیرانی دارایی و ناخۆشی گوزەرانی مامۆستا بەرێزەکان و ھەبوونی چەندەھا کۆسپ و تەگەرە لە پێش پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن ، بەڵام ھەموو ئەوانەش نابنە ڕێگر لە پێش خستنە روو خۆ تەرخان کردن و ھەست بە بەرپرسیاریەتی پەروەردەیی و چەسپاندنی دادپەروەری پەروەردەیی و کارکردنی بەردەوام لە پێناو بنیاتنان وگەشەسەندنی کۆمەڵگە و دەرخستنی نیەتێکی پەروەردەیی درووست و دەرکردنی بڕیاری پەروەردەیی گشتگیر و بەداوداچوون و جێ بەجێ کردن لە پێناو بەرژەوەندی گشتی پەروەردە کە ئامانج لێی سەرکەوتنی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنە بۆ ھەموو نەوەکانی ئایندە وەکو یەک بێ جیاوازی و مەبەست.
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top