دانیشتن و چاویان بڕییە ئاسۆی لێڵی

دانیشتن و چاویان بڕییە ئاسۆی لێڵی
دانیشتن و چاویان بڕییە ئاسۆی لێڵی قەدەری هات و نەهات به‌و ئاواته‌ی حیدەر عەبادی ڕێژیمی ئاخوندی ئێران، کوردستانیان بۆ سه‌ره‌ونخوون بکات و به‌ سوپاسه‌وه‌ ئه‌مان بگه‌یه‌نێته‌ سه‌ر کورسیی ده‌سه‌ڵات له‌ هەرێمێکی تازەدا.
بەڵێ وەک ئاشکرایە لێکدابڕان و لەتبون لە نێو بزوتنەوە سیاسی و شۆڕشگێڕییەکاندا شتێکی تازە نییەو هەر تەنیا لە نێو حیزبەکانی ئێمە دا ڕووی نەداوە، بەڵکوو ئەوە بە بەشێک لە ئازادی ڕادەربڕین و جیابیری و دیمۆکراسیخوازی دەژمیردرێ لە تەواوی جیهاندا و مافی هەر کەسێکە چۆن بیر دەکاتەوەو کام ڕێگا هەڵدەبژێرێت، بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانی گەلی کورد و دۆستانی بزووتنەوە ڕەواکەیەتی و بەلای خۆشم نامۆیە ئەوەیە کە لێکدابڕانەکان بە پێچەوانەی حیزب و ڕێکخراوەکانی دنیای پێشکەوتوو؛ لە جێگای ئەوەی ببنە ئامرازێک بۆ دامرکاندنەوەی کێشەو هەرای نێو لاباڵەکانی جیابیر لە نێو حیزبەکەیانداو لەبەرەی گەل بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی بن و دەستکەوتەکان بپارێزن، کەچی بوون بە پۆلوویەکی گەشاوەی نێو ئاگردانی دووژمن، بۆ زیاتر هەڵقریچاندنی صۆی سەدساڵەی جەستەمان.
نان خواردن لەسەر سفرەی شەهیدان و خۆ بەستنەوە بە مێژووی قین و چوونەوە بۆ بەغداد بە تاک و ڕێککەوتنی ژێربەژێر دژی ئیرادەی حوکومەتی هەرێم گەورەترین خاڵی ناکۆکییه‌ و پێویستی بە بەخۆداچوونەوەیە، وە بووە بە ئاستەنگێکی گەورە له‌به‌رده‌م هێزی ڕاستەقینەی سیاسیی کوردستان، بۆ پێکنەهێنانی بەرە یان کۆدەنگییەکی یەکگرتوو دا. هەروەک هه‌مووان ئاگادارن رووداوەکان زۆر بە خێرایی تێدەپەڕن و حیزبەکانی کوردستانیش زۆر لەسەرخۆ بە دوای پێشهاتەکاندا هەنگاو دەنێن ، لە غیابی سەرۆک بارزانیشدا، چەقبەستویی و خولانەوەی بێبەرنامە لە بازنەی ناوگۆڕین و نەگۆڕیندا بزوتنەوەی بزافی ڕزگاریخوازی کوردستان بەرەو لێواری مایەپووچ بوون لە بەشە سەندووەکەی دەستکەوت و بودجە لە بەرامبەر بە عێراقدا لەلایەک، لە لایەکی تریشەوە مەترسی لەدەستدانی ئەو ده‌رفه‌تانه‌ دەکرێت کە لە ئێستادا ئەگەر وەپێشهاتوون.
حاشا لەوە ناکرێت کە چارەسەر نەکردنی ئەم کێشانە دەکرێ تێبینی زۆر ڕووداوی دڵتەزێن و تەنانەت بە عەرەبکردن و شەڕی براکوژیشی لێبکرێتەوە، ئەمە لە وەختێکدایە کە بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان لە ئێستادا پێویستییەکی زۆری هەیە بە سەرۆک بارزانی و لێکنزیک بوونەوەو هاودەنگی و پێکهێنانی گوتارێکی هاوبەش و یەکگرتوو بۆ هێشتنەوەی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان و دەرچوون لەو گەلەکۆمەکیە بە کەمترین زیان .
پێویستە پێداگری لەسەر ئەوەش بکرێت کە بە چەندایەتیی ئەمڕۆیی بێنە مەیدانێ بە کردەوە بۆ پێکهێنانی کۆدەنگیەکی تۆکمە و گشتگیری کوردستان.
وەک لە سەرەتاشەوە ئاماژەم پێکرد لەتبوون و دابڕانەکان کۆسپی زیاتر و گەورەتر دەخەنە سەر ڕێگای گەیشتن بە مافی ڕەوای چارەی خۆنووسین؛ بەوەی کە ئێستا لە دەرئەنجامی شازدەی ئۆکتۆبەر هاتە ئاراوە، ئاسۆی وەها یەکبوونێکمان بە شێوەیەک لێڵکردووە کە ئەگەر ئاوا بڕوات لەوانەیە مەسەلەی پێکهێنانی کۆدەنگی کوردستانی بە تەواوی لەبیر بچێتەوە. ته‌نیا ڕووبارێک که‌ بۆی هه‌یه‌ هه‌موو جۆگه‌له‌کان له‌ خۆیدا کۆبکاته‌وه‌ بیانوو له‌ ده‌ست بیانووگره‌کان ده‌ربێنێت ئه‌وه‌یه‌ که‌ دڵسۆزترین لایه‌نه‌کان به‌ داشکاندن له‌ هه‌ڵوێستی خۆیان ڕێگای یەکبوون و دانوستاندن ئاوه‌ڵا بکه‌ن و هاوبەش بن لە ئاراستەکردنی یەکگوتار، یەک ڕا، یەک هێز، کە گەورەترین چەکە بۆ شکاندنی هەر مەترسی و تەعەدیاتێکی دەرەکی لە سەر گەلی کوردستان .

هادی باڵەیی
Top