پەروەردە و فێرکردن بەردی بناغەی ھەموو پێشکەوتن و گەشەسەندنێکە

پەروەردە و فێرکردن بەردی بناغەی ھەموو پێشکەوتن و گەشەسەندنێکە
زانای ئەڵمانی بە ناوبانگ ئیلبرت ئینیشتاین دەلێ" فێرکردن بریتی نییە لە فێربوونی ڕاستیەکان، بەڵکو برتییە لە ڕاھێنانی مێشک لە سەر بیرکردنەوە".
بێگومان پەروەردە و فێرکردن بەردی بناغەی ھەموو پێشکەوتن و گەشەسەندنێکە لە ھەموو بوارەکاندا، بۆیە لاتان نامۆ نەبێت زۆربەی ھەرە زۆری ووڵاتانی جیھان گرنگی و بایەخی زۆر بە فێرکردن و خوێندن و گەشەکردنی پرۆسەی فێرکردن دەدەن بە ھەموو رێگاکانی فێرکردن، کە فێرکردن ئەو چەکەیە ھەر تاکێک لە کۆمەڵگە ھەوڵ دەدات خۆی پڕ چەک بکات تا پاشەڕۆژی ڕوون و گەش بێت و دەربازی بێت لە ھەژاری و نەزانین و گرفتە لابەلاکان و بنیاتنان و پەرەپێدانی ووشیاری ڕۆشنبیری بە گشتی .
گرنگتر لەوەش سیاسەت و دەسەڵاتدرایەتی ھەر ووڵاتێک لەو ووڵاتانەی کە پرۆسەی فێرکردن و پەروەردە بە لایانەوە گرنگە ھەرگیز فێرکردن و پەروەردەیان پشت گوێ نەخستووە لە ئەرکە ھەرە سەرەکی و لە پێشەکانی حکومەتدا بووە چ بە دابین کردنی بوودجەی باش بۆ بەرەووپێشبردنی پرۆسەی فێرکردن و بەداوداچوون و بە ئاگایی و لێپرسینەوە لەسەرجەم کێشەو گرفتەکانی بەردەم پرۆسەی فێرکردن و پرسینەوە لە کاراکتەرەکانی کە پرۆسەکە بەرێوەدەبەن و سەرپەرشتی دەکەن، چونکە پرۆسەی فێرکردن لە ھەر ووڵاتێک ئاماژەن بۆ سەرکەوتوویی سیاسەتی فێرکردن و پەروەردە و ئابوری و پێشکەوتنی ئەو حکومەت و ئەو ووڵاتە ھەرگیز نابێ ئەو پرۆسەیە ھەستیار وکاریگەر و گشتگیرە پشت گوێ بخرێ ، پێویستە دەسڵاتداران لە ئاستی حکومەت و ووڵات ئاگاداری چۆنیەتی بەرێوەبردنی سەرجەم جومگەکانی پرۆسەی فێرکردن بن لە بەرێوەبەری قوتابخانە تا وەزیری پەروەردە و فێرکردن ، وە نموونەی ووڵاتانی پێشکەوتوو لەو بوارە وەربگیرێ و تێک ھەڵکێش لەگەڵ ژینگەی گشتی کوردستان، وە دەمەوێ بە کورتی ئاماژە بە چەند رێگایەک بکەم کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان ھەیە لە سەر پێشکەوتن و گەشەسەندنی فێرکردن بە گشتی.
سەرەتا بەرزکردنەوەی تواناکانی مامۆستایان بە تایبەتی مامۆستا ڕۆلی ھەرە گرنگ و گاریگەری ھەیە لە پرۆسەی فێرکردن ئەوش بە کردنەوەی خولی بەردەوامی ڕاھێنان و مەشق و وانە گواتنەوە بۆ مامۆستایانی پسپۆرو بەردەوام بوون لە سەر ئەو خولانە بە شێوەی کاریگەر و دام و دەزگاکانی فێرکردنیش ئەو مامۆستایانە ھەڵبژێرن کە خاوەن کەسایەتی و دیار و پڕ زانست و زانیاری بن لە پسپۆری تایبەتی خۆیان و پەروەردەیی وپشوو درێژبن چونکە مامۆستایان ھەڵگری پەیامی چاندنی و بەھێزکردنی پڕەنسیپ و بەھا ڕەوشتی و پەروەردەییەکانن لە ناخی قوتابیان و بێگومان چاککردن و باشترکردنی باری گوزەرانی مامۆستایان لە خاڵە گرنگەکانی بەرزکردنەوەی تواناکانی مامۆستایان دێت.
خاڵی تر گەشپێدانی پڕۆگرامەکانی فێرکردن، پێویستە گرنگی زۆر بە پڕۆگرامی خوێندن و فێرکردن بدرێ کە قوتابیان بتوانن بە شێوەی تەندروست بیخوێنن ، ئەو پڕۆگرامانە پاڵپشت بە چەندەھا سەرچاوەی زانستی کە ھاوتەباو کۆک بێت لەگەڵ ژینگەی و گوزەری کوردستان و کاتێک قوتابی خوێندن تەواو دەکات ئەو پڕۆگرامانە بە کەڵکی قوتابی بێت لە بازار لە ئیش لە کاتی دەرچوونی سوودی لێ ببینێت و گرنگتریش لەوە مامۆستایان پێویستە ڕۆلی سەرەکیان ھەبێت لە ھەڵبژاردەکانی ئەو پڕۆگرامانەی کە قوتابی دەیخوێنێت و گونجاو لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و گرنگتر لەوەش نابێ زمانی ئینگلیزی و بەھا ڕەوشتی و ڕەفتار و کردار و ئاینیەکان لە یاد بکرێن لە پڕۆگرامەکان.
بۆ تەواو کردنی دوو خاڵی سەرەوە گرنگیدان بە ھەڵسەنگاندنی قوتابیان یەکێکە لە بنەماکانی پێشکەوتنی پرۆسەی فێرکردن ھەر تەنھا تاقیکردنەوەکانی نوسین و نمرە دانان نەبێتە پێوەر و بنەما بۆھەڵسەنگاندنی قوتابیان و زانینی ئاستی قوتابیە خۆشەویستەکانمان، بەڵکو پێویستە بەردەوام پرسیارکردنی زارەکی لە قوتابیان لەکاتی وانەکان و تا تاقیکردنەوەی زارەکی و نوسین و کردنەوەی دەرگای گفتوگۆی بەردەوام لە نێوان مامۆستا و قوتابیان لە بوارە جۆراوجۆرەکان بە بابەت و کۆمەڵگە تابتوانرێ پەرە بەتواناکانی قوتابی بدەین و زیاتر ووشیاربکرێتەوە و لەگەڵ کردنەوەی خولی بەردەوام و چاڵاکی جۆراوجۆری بەردەوام لە زۆربەی بوارەکان ئامانج لێی پەرەپێدانی زیاتری تواناکان و لێزانینی قوتابیە خۆشەویستەکانە .
ماوەتەوە بلێم خالێکی تری بنەماکانی گەشەکردنی پرۆسەی فێرکردن بوونی کەسە پسپۆر و شارەزا و بەئەزموونەکانە لە جومگەکانی بەرێوەبردنی پرۆسەی فێرکردن بە گشتی کە دڵسۆزانە و لێبراوانە کار بکەن و چارەنووس و پاشەڕۆژی ووڵات و گەلەکەیان لا گرنگتر بێت لە ھەموو دەستکەوتە کەسییەکان و پڕ زانیاری بن و دادپەروەرانە و بێ جیاوازی کردن بڕیار بدەن و کار بکەن ھەموو قوتابی و مامۆستایان وەکو یەک سەیر بکەن لە سەر بناغەی دڵسۆزی و ڕاستگۆیی و خۆبەخاوەن زانین.
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی
Top