گرنگی دیاری کردنی ڕۆژی وەرزشی قوتابخانەکان

گرنگی دیاری کردنی ڕۆژی وەرزشی قوتابخانەکان
دووەم خەلیفەی راشدین عومەری کوڕی خەتاب خودای لێ ڕازی بێت دەفەرمووێ" منداڵەکانتان فێری تیر ھاوێژی و مەلەوانی و ئەسپ سواری بکەن" کە ھەرسێ فێرکردن وەرزشکردنە ، وە لە سەردەمی نوێ دەلێن " وەرزش بریتیە لە پەروەردەکردنی دەروونەکان پێش ئەوەی بەدەست ھێنانی مەدالیا بێت"واتە وەرزش خۆی لە خۆیدا بریتیە لە چاککردنی چۆنیەتی ژیانی تاکەکان، بێگومان گرنگی وەرزش بۆ ھەموومان زۆر گرنگە بە تایبەتی قوتابیانی قوتابخانەکان کە سەرەتای دەستپێکردنی ژیانە بۆ بەھێزکردنی بیرکردنەوە و جەستە و لەش و لارێکی گونجاو وە بەردەوام بوون لە سەر وەرزش بۆ مێشک و دەروون زۆر گرنگە بەتایبەتی بۆ قوتابیانی بنەڕەتی و ئامادەیی کە وەرزش ڕۆلێکی کاریگەر و دیاری ھەیە لە سەر بنیاتنانی کەسایەتی قوتابی و تاکەکان لە پاشە ڕۆژدا لە ئەنجامی گرنگیدان و بنیاتنانی تواناکان و بەھرەکانی وەرزشی بەردەوام بوون لە سەری بێگومان کاریگەری باشی دەبێت لە سەر چاککردن و گۆڕینی ڕەفتاری بەرەو باشتر کە بگونجێ لەگەڵ پێداویستیەکانی کۆمەڵگە و چۆنیەتی ڕەفتارکردنی قوتابی لەگەڵ ھاوەڵەکان ومتمانە بەخۆبوون زیاتر و کارکردنی ھاوبەش لەگەڵ ھاوڕێیەکان بۆ یەک ئامانج کە وەکو تیپ یاری دەکەن، بێگومان زیاتر وا لە قوتابی دەکات کە بیر لە بەشداری کردن و ھاوبەشی کردن بکاتەوە بۆ سەرکەوتن.گرنگی وەرزش لە قوتابخانەکان جێگای بایەخی زۆرێک لە ووڵاتانی جیھان بووە کە بەرنامە و پڕۆگرامی وەرزش ئامادەکراو و پەسند ھەیە لە قوتابخانەکان دەخوێندرێ و ھۆکارێک دەبێت بۆ دۆزینەوەی بەھرە و توانا وەرزشیەکان لە قوتابخانەکاندا و کارکردن لە سەر پەرە پێدان و ھاوکاری کردن و پاڵپشتی کردنی لە رێگای چەندەھا کەسانی شارەزای وەرزشی بە ھەماھەنگی کردن لەگەڵ یانە وەرزشییەکان، جگە لەوەش لە زۆربەی ووڵاتانی جیھان کە پڕۆگرامی وەرزشی بەھێزیان ھەیە و ھەفتانە لە (٢-٣) بەشە وانەی وەرزشی دەخوێنن و بە کردەیی پراکتیزەی وەرزش دەکەن لە قوتابخانەکان و بابەتی وەرزشی یەکێکە لە بابەتە بنەڕەتیەکانی دەرچوون و دەرنەچوونی قوتابی، ھەروەھا لە ساڵی (١٩٥٣)خولی وەرزشی قوتابخانەکان بۆ ووڵاتە عەرەبیەکان ئەنجام دەدرێت و ووڵاتانی وەکو (سعودیە و تونس و مەغریب) گرنگی زۆر بە وەرزشی قوتابخانەکان دەدەن و یاریزان لە قوتابخانەکانەوە دەدۆزنەوە و پەرەبە تواناکانیان دەدەن لە ژێر چاودێری و گرنگی شارەزایانی بواری وەرزشی.ماوەتەوە بلێم گرنگە لە ھەرێمی کوردستان پێویستە گرنگی زیاتر بە وانەکانی وەرزشی بدەین لە قوتابخانەکان و قوتابیان بێخوێنن و پراکتیزەی بکەن گەر لە پۆڵیش بێت قوتابیانمان شارەزایی تەواویان ھەبێت لە سەر ناساندنی وەرزش و جۆرەکان و بنەماکان و گرنگی وەرزش بۆ خودی قوتابی ، جگە لەمەش لەلایەن بەرێوەبەری قوتابخانە و سەرپەرشتیاری وەرزشی و کارگێڕی بەداوداچوون بۆ بابەتی وەرزش بکرێ لە قوتابخانەکان لە خشتەی ڕۆژانە و ھەفتانە قوتابیان ئاشنا بکرێن لە گرنگیەتی و بایەخی وەرزش و زانینی جۆرەکانی وەرزش و نمرەی وەرزشیش بۆ قواتبیان لەلایەن مامۆستای وەرزشی و کارگێڕی قوتابخانە بە گرنگیەوە سەیر بکرێ و دەستکاری نەکرێ ھەروەھا لەوانەش گرنگتر پێویستە پڕۆگرامێکی وەرزشی زنجیرەی بە پێی پۆڵەکان و گونجاو لەگەڵ تەمەنی قوتابی و ئاستی خوێندنی دابڕێژرێ و چاپ بکرێ و دابەشی سەر قوتابیان بکرێ و ھەماھەنگی بەردەوام لە نێوان وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و ئەنجومەنی کارگێڕی ھەبێت لەسەر گەشەکردن و چاڵاککردنی زیاتری چاڵاکیەکانی وەرزشی و کردنەوەی خولی وەرزشی بەردەوام بۆ مامۆستایانی وەرزش و ئامادەکردنیان بۆ گرنگیدانی بەردەوام بە پرۆسەی پەروەردەی وەرزشی قوتابخانەکان و کردنەوەی چەندەھا پاڵەوانیەتی و خول و پیشبڕکێی وەرزشی لە نێوان قوتابخانەکان بۆ دۆزینەوەی بەھرە وەرزشییەکان و دیاری کردنی ڕۆژێک بە ناوی (ڕۆژی وەرزشی) لە قوتابخانەکان و ئەنجامدانی چەندەھا چاڵاکی وەرزشی و پێشبڕکێ ی جۆراوجۆر لەو رۆژەدا.بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەرماستەر لە کارگێری پەروەردەیی
Top