قەرزاری مامۆستایانم کە ژیانێکی نوێیان بۆ دەستەبەرکردووم

قەرزاری مامۆستایانم کە ژیانێکی  نوێیان بۆ دەستەبەرکردووم
پادشای مەکدۆنیای کۆن و سەرکردەی بە ناوبانگی جیھانی ئەسکەندەری مەکدۆنی دەلێ " قەرزاری دایک و باوکمم کە ژیانیان بۆ دەستەبەرکردووم، وە قەرزاری مامۆستاکانم کە ژیانێکی نوێیان بۆ دەستەبەرکردووم".
بێگومان ڕۆڵ و پێگەی مامۆستا لە ھەر سەردەم و بارودۆخێکدا مایەی شانازی پێکردنە و میللەت و گەلان خۆیان بە قەرزاری مامۆستا دەزانن ، چونکە مامۆستا کلیلی دەرگای پەروەردەیە بە بێ کردنەوەی ئەو دەرگایە ناتوانین ئەو پێشکەوتنە ببینین کە دەمانەوێ و ھەردەن مامۆستا ئەو چرایە بووە کە تاریکی نەزانی ڕووناک دەکاتەوە و تا میللەت لە سایەی بە ئاسودەیی و بەختەوەری بحەسێتەوە ھەر مامۆستا شووە گەلان متمانەی پێ دەکەن بۆ ھەستانەوە و دەربازبوون لە قەیرانە جۆراوجۆرەکان و ھەنگاونان بەرەوو ئاسۆی ڕوون و چەسپاندنی سەقامگیری دادپەروەری کۆمەڵایەتی کە لە قوتابخانەکانەوە ڕۆلەکانمان فێر دەکرێن و ئاراستە دەکرێن لەلایەن مامۆستا خۆنەویستەکان بە دڵ و دەروونێکی ئارام و ویژدانێکی ئاسودە.
گرنگە ئەو پەری گرنگی و بایەخی بە مامۆستایان بدرێت و ڕۆڵ و ماندووبوونی مامۆستا لە یاد نەکرێت لە قوتابخانەکاندا ڕۆڵەکانمان فێری نووسین و خوێندن و متمانە و ڕاستگۆیی دەکەن، ئەگەر ووردتر قسە بکەین بە تایبەتی مامۆستایانی قۆناخی بنەڕەتی لە پۆڵەکانی (یەکەم و دووەم و سێیەم) ئەرکێکی گرنگ و قورس و پڕ ماندووبوون بەڵام ویژدان ئاسوودە و دڵ و دەروون حەساوە چونکە ھەست دەکەی پەیامە سەرەتاییەکەی پەروەردە و فێرکردن لێرەوە دەست پێ دەکات و دەتوانی بناغەیەکی تۆکمە و باش دابڕێژی و ھیوا بەخش بێت بۆ ئایندەیەکی ڕۆشن و سەرکەوتوو ومتمانە پێکراو ، گرنگە ئەو مامۆستایانەی بۆ ئەو قۆناغە ھەڵدەبژێردرێن بە ڕەمەکی و ناچاری نەبێت تەنھا بۆ وانە ووتنەوە و پۆڵ پڕ کردنەوە بێت ، بەڵکو مامۆستایانی ئامادەکراو تەرخان کراو خۆیان حەز و ئارەزوویان ھەبێت وانە بەو قۆناغە بلێنەوە سەرەڕای ئەوەش گرنگە ئەگەر لە کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی لە بەشی تایبەت بەو بەشە بەو سێ قۆناغەی(یەکەم و دووەم و سێیەم) ی بنەڕەتی دەرنەچووبێت پێویستە بەشداری خولی تایبەت بکات بەو سێ قۆناغە و پێویستە وەزارەتی پەروەردە ھەموو تواناکانی بخاتە گەڕ بۆ ئامادەکردنی مامۆستایانی پسپۆرو تایبەت بەو سێ قۆناغە بە پێی بەرنامە و پڕۆگرام و پلانی ئامادەکراو ، نەک ھەر ڕۆژ و ساڵ بردنە سەر بێ پێویستە درک بە ئەنجامەکانی بکەین کە چەندە پێویستە مامۆستایی تەرخان کراو و خاوەن حەز و خولیا ئامادەبکەین بۆ ئەو سێ قۆناغە بە شێوەیەک قوتابیەکان ھۆگر و پەیوەست بە قوتابخانە بکەین کە نەتوانن دەستبەرداری قواتبخانە ببن و ھەرگیز لێی دوورناکەنەوە ، چونکە ئەوە ھەنگاوی یەکەمی فێرکردن و پەروەردەکردنی کۆمەڵگا لەو قۆناغانەوە دەست پێ دەکات لە ھەموو ڕوویەکەوە تەنھا درک کردن و ئیش کردن لەسەر ئەو تەوەرە بەردەوام بوون لەسەر ئامادەکردنی کادیری پەروەردەیی و فێرکردنی تەرخان کراو بۆ ئەو مەبەستە.
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top