وەزارەتی پەروەردە بەرپرسیاریەتی بنیاتنانی کۆمەڵگەیە

وەزارەتی پەروەردە بەرپرسیاریەتی بنیاتنانی کۆمەڵگەیە
شاعیری بەناوبانگی فەلەستینی مەحمود دەروێش دەلێ " ڕاستی پێویستی بە دوو پیاو ھەیە، پیاوێک ڕاستی یەکە بلێ ، پیاوێکیش لە ڕاستیەکە بگات".
ئەگەر ئەو ڕستە جوانە مووتوربە بکەین لە سەر ڕستە نەگوتراوەکانی پەروەردە دەگەینە ئەوەی کەوا بەلێ پێویستە ھەق و ڕاستی بگوترێ و خەڵکانێک ھەبێت بە ئەمانەتەوە بیان بێژێ ، لەویش پێویست تر خەڵکانی پەیوەندیدار ھەبن بە بەرپرسیاریەتیەوە لێی تێ بگەین و بە خاوەنداریەتیەوە بڕیاری لەسەر بدەن.
ئەگەر ھەموو وەزارەتەکانی تری حکومەتی ھەرێم گرنگی بە بنیاتنانی ئێستا بدەن ئەوا وەزارەتی پەروەردە بەرپرسیاریەتی بنیاتنان و درووست کردن و پێشکەوتنی پاشەڕۆژی ووڵات و چارەنووسی کۆمەڵگەی کوردەواری و ھەرێمی کوردستانی دەکەوێتە سەرشان، ھەروەکو یەکێک لە فەیلەسوفەکانی رۆژئاوا دەلێ " وەزارەتی پەروەردە بدێ لە رۆژگارو ساڵانێکدا بەلێنی گۆڕینی ھەمووجیھانت پێ دەدەم" واتە لە وەزارەتی پەروەردە دەتوانرێ گۆڕانکاری ڕیشەیی و بنچینەیی بکرێ بە ئاراستەی باش و سەرکەوتوو لە قازانجی میللەت و کۆمەڵگە ئەمەش دەرخەری پێگە و پایەی گرنگی پەروەردە و وەزارەتی پەروەردە دەردەخات، ھەر لەسەر ئەو بنچینەیە ووڵاتانی جیھان گرنگی و بایەخی زۆر بەو دەزگایە دەدەن کە وەکو پارێزەر و پارێزگاری ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتیمانی ، ئەلێرەدا دەپرسین ئایا ئێمە لە ھەرێمی کوردستان تا چەند توانیومانە سوود لەو دەزگایە ببینین کەوەکوھەیە ؟
یان تا چەند وەزارەتی پەروەردە توانیویەتی سوود و قازانج بە تاکەکانی کۆمەڵگە بگەیەنێت و کۆمەڵگە و وەزارەت وەکو دوو ڕاستە ھێلی ھاوتەریب بن لە ڕووتەختی ھەرێمی کوردستان ؟
ئایا لە ھەرێم ھیچ دەزگا و ڕێکخراو و کۆمەڵەیەکمان ھەیە کۆتا ساڵەکان ھەڵسەنگاندنی گشتی بۆ وەزارەتی پەروەردە و دەستکەوتەکانی وەزارەت و جێ بەجێ کردنی پلانەکان و ستراتیژیەتی وەزارەت بکات تا چەند سەرکەوتوو بووە یان نەخێر ؟ بەھەمان شێوە وەزارەت ھیچ سالێک ھەڵسەنگاندنی گشتی بۆ بەرێوەبەرایەتیە گشتییەکان و پەروەردەی قەزاکان کردووە ؟ گرنگە و پێویستە پەروەردەی قەزاکان بۆ یەکە یەکەی قوتابخانەکان و باخچەی ساوایان ھەڵسەنگاندنی گشتی بکات لە سەر چەندەھا پێوەر و بنەمای پەروەردەیی کەلەلایەن وەزارەتی پەروەردە گشتاندنی بۆ بکرێ بۆ جێ بەجێ کردنی ساڵانە و ھەڵسەنگاندنی گشتی ھەروەھا گرنگە وەزارەتی پەروەردە بەھەماھەنگی لەگەڵ شارەزایانی پسپۆری پەروەردەیی دژ بە تیرۆر و لادان و دوو بەرەکی لە قوتابخانەکاندا لە ڕێگای پڕۆگرامەکان بە ووردی کاری لەسەر بکات و بخوێندرێ لە قۆناغەکانی خوێندن، لەوەش گرنگتر ساڵانە لێرەو لەوێ دیاردەی (گزی) کردن بە زەقی بلاوبۆتەوە و ئەنجام دەدرێ لەلایەن ھەندێک لە قوتابیانەوە و بۆتە جێ باسی زۆربەی ناوەندە جۆراوجۆرەکان توانیومانە وەکو وەزارەتی پەروەردە لە رێگای پڕۆگرامەکانی خوێندن ئەو دیاردە ناشرینە بن بڕی بکەین و ڕوونی بکەینەوە چۆن زیان بە پاشەڕۆژ و چارەنووسی قوتابی دەگەیەنێت زەرەروزیانی زۆریش بۆ کۆمەڵگە جێ دەھێلێت ، گرنگە ئەو بابەتانە و چەندەھا بابەتی تری کاریگەر لە ووتارەکانی تر باسی دەکەین بچنە خانەی ھەڵسەنگاندنی گشتی بۆ وەزارەتی پەروەردە و کەناڵەکانی تری پەروەردەیی.
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top