هەڵبژاردنێكی گرنگ و چارەنووسساز لەمەش گرنگتر یەكڕیزی و یەكدەنگیی حزبەكانی كوردستانە

هەڵبژاردنێكی گرنگ و چارەنووسساز لەمەش گرنگتر یەكڕیزی و یەكدەنگیی حزبەكانی كوردستانە
هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق، بۆ كوردستان هەڵبژاردنێكی چارەنووسساز بوو، ئەمەش لەبەر ئەوەیە، ئەم هەڵبژاردنە لە قۆناخی دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر و هێرشی هێزەكانی عێراق و حەشدی شەعبی بۆ سەر كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكە ئەنجامدرا، بەڵام گرنگیی هەڵبژاردنەكە ئاستی بەشداریی خەڵكی كوردستانە بەگشتی، ئەگەرچی لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و كەركووك ئاستی بەشداریكردنەكە وەك پێویست نەبوو. ئەمە لە كاتێكدا دەبوو خەڵك بە حەماس و گڕوتێنێكی زیاترەوە بەرەو سندوقەكانی دەنگدان بڕۆشتنایە.
بە بەراورد بە بەشداریی خەڵك لە سلێمانی و كەركووك، ئاستی بەشداریكردنی هاووڵاتیان لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك لەم هەڵبژاردنە باشتر بوو، بۆیە ئاستی نزمیی بەشداری خەڵك ئەوەمان پیشاندەدات كە خەڵكی سلێمانی لە حزبەكان تووڕەن و متمانەیان بە حزبەكان كەمی كردووە، بەڵام ئاستی بەرزی بەشداری لە هەولێر و دهۆك لەم هەڵبژاردنە ئاماژەیە بۆ ئەوەی خەڵكی ئەو ناوچەیە متمانەیان بە حزبەكەیان ماوە، كە پارتی دیموكراتی كوردستانە و دیارە لە روانگەی ئەو خەڵكەوە ئیشی باشی كردووە.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ئایا خەڵكی سلێمانی لە كام حزب تووڕەیە و متمانەی بە كام حزب نەماوە؟ بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە ئاكامی دەنگدانەكە دەیداتەوە و ئەو حزبانەی بە رێژەیەكی بەرچاو دەنگەكانیان كەمی كردووە، ئەو حزبانەن كە خەڵك لێیان تووڕەن، بۆ ئەمەش ئەگەر سەیری دەنگەكانی بزووتنەوەی گۆڕان بكەین، ئەوا دەتوانین بڵێین بە رێژەی نزیكەی 50% كەمی كردووە، ئەم كەمكردنەش تۆڵەسەندنەوەی جەماوەری دەڤەری سلێمانییە بەرامبەر ئەو هەموو بەڵێنانەی گۆڕان لە هەڵبژاردنەكانی پێشوو بە خەڵكی داوە، بەڵام نەیتوانیوە جێبەجێی بكەن، ئەو حزبانەی دیكە كە دەنگەكانیان كەمیان كردووە، لەوانە: هەردوو حزبی ئیسلامی (یەكگرتوو و كۆمەڵ)، كەمكردنی دەنگی ئەم حزبە ئیسلامییانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی گشتی رۆڵی حزبە ئیسلامییەكان لە جیهانی ئیسلامیدا بەرەو نەمان دەڕوات، هەتا لەسەر ئاستی عێراقیش ئەمجارە خەڵكی عێراق متمانەیان بەو حزبە ئیسلامییانە نەدایەوە، بۆیە بەپێچەوانەی ئەوەی پێشتر حزبە ئیسلامییەكان دەنگی باشیان بەدەست دەهێنا، بەڵام هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق پیشانیدا كە خەڵك لە عێراق و كوردستان سزای حزبە ئیسلامییەكانی داوە.
لێرەوە هەر چۆنێك بێت، هەڵبژاردنەكە كرا و ئاكامەكانیشی راگەیەندرا، بۆیە لێرەوە پرسیاری سەرەكی ئەوەیە: ئایا چۆن لەبەر رۆشنایی ئاكامەكانی ئەو هەڵبژاردنە حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان مامەڵە لەگەڵ بەغدا دەكەن و پێكەوە هەوڵ بۆ بەدیهێنانی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان دەدەن؟
سەبارەت بە چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، دوای راگەیاندنی ئاكامەكانی هەڵبژاردن و ئاشكرابوونی كەمكردنی دەنگەكانی هەندێك لایەن، ئەوا ئێستا ئەو لایەنانەی دەنگیان كەمی كردووە، بە بیانووی ئەوەی دەنگەكانیان دزراوە، دەڵێن بایكۆتی پرۆسەی سیاسی دەكەین و بەشداری ناكەین. بە تێگەیشتنی من بۆ گرنگیی بەشداریی نوێنەرانی كوردستان لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، بڕیاری ئەو حزبانە هەڵەیە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ژمارەی كورسییەكانی كوردستان لەناو پەرلەمانی عێراق سنووردارە و لە نێوان 58-62 كورسییە، ئەوجا ئەگەر ئەو حزبانە لەبەر كەمیی كورسییەكانیان بایكۆتی پرۆسەی سیاسیی عێراق دەكەن، ئەوا دەتوانن بە بەرنامەیەكی باشەوە لەگەڵ هەردوو لایەنی پارتی و یەكێتی رێكبكەون و بەرنامەكەی خۆیان بە رێگەی هەموو كورسییەكانی كوردستان لە ناو پەرلەمانی عێراق جێبەجێ بكەن، نەك بە هێزی كورسییەكانی خۆیان، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر بەشی زۆری كورسییەكانی كوردستان لەناو پەرلەمانی عێراق، بەر پارتی و یەكێتی كەوتبن، ئەوا پارتی و یەكێتیش بە تەنیا وەك حزب بەو ژمارە كورسییەی كە هەیانە لە ناو پەرلەمانی عێراقدا هیچیان پێ ناكرێت، ئەوانیش دەبێت لەچوارچێوەی نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستاندا داكۆكی لە مافە دەستوورییەكانی هەرێم و خەڵكی كوردستان بكەن كە لە دەستووردا وەك قەوارەیەكی سیاسی ئاماژەی پێكراوە و بە بێ بەشداریی نوێنەرانی كوردستان، پێكهێنانی حكومەتی عێراق كەموكورتی دەبێت و سەركەوتوو نابێت.
لێرەوە ئەگەر بە روانگەیەكی كوردستانییانە مانای بەشداریكردن لە پەرلەمان و پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بخوێنینەوە، ئەوا دەگەینە ئەو ئاكامەی، دەبێت هەموو لایەنەكان بەوانەشی كورسیی كەمیان هێناوە، بە پشت بەستن بە كۆی كورسییەكانی كوردستان، هەروەها بە هەوڵدان بۆ ئەوەی ئەم كورسییانە نوێنەرایەتی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بكەن و لەسەر ئەو بنەمایە بەشداری بكەن و پشكی هەرێمی كوردستان لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا جێگیر بكەن. كەواتە ئەركی یەكەمی سەرشانی هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستان ئەوەیە، یەكەمجار بەشدارییەكی كارای هاوبەش بكەن و پشكی كوردستان لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا دیاری بكەن، بەڵام ئەركی سەرەكی و دووەم دەبێتە ئەركی سەرشانی پارتی و یەكێتی و دەبێت هەردوولا بە دڵفراوانی بۆ دابەشكردنی پشكی كوردستان حزبەكانی دیكە بێبەش نەكەن، یان وەك ئەوەی خۆیان بە غەدرلێكراو دەزانن لە ئاكامەكانی سندوقەكانی دەنگدان دەتوانن لە دابەشكردنی پشكەكانی كوردستاندا تۆڵەیان بۆ بكەنەوە.
ئەركی ئەمجارەی نوێنەرانی كوردستان لە پەرلەمان و پرۆسەی سیاسیی عێراقدا ئەركێكی هێجگار قورسە و حزبە سیاسییەكان دەبێت لە ئاستی ئەو بەرپرسیارییەدا بن، بارودۆخی ئەمجارەی كوردستان لەگەڵ خولەكانی پێشووی پەرلەمانی عێراقدا زۆر جیاوازە، قۆناخی دوای هێرشكردنی هێزەكانی عێراق و حەشدی شەعبییە بۆ كەركووك و ناوچە دابڕاوەكانی دیكە، ئەو ناوچانە بە كەركووكیشەوە لە تێڕوانینی مندا ناوچەی داگیركراون. ئەگەر سەیری ئێستای كەركووك بكەین كە پێشتر كورد دەسەڵاتدار بوو تێدا، ئێستا ئەم شارە لەلایەن حاكمێكی عەسكەرییەوە بەڕێوە دەبرێت و راكان جبووری كە پێشتر جێگری پارێزگار بوو، نەیدەتوانی هیچ قسەیەك بكات، ئێستا كە دوای داگیركردنی كەركووك بۆتە پارێزگاری كەركووك هەر رۆژەی بڕیارێك دژی كوردی كەركووك دەردەكات و ماڵە كوردەكان دەڕووخێنێت و ئەوەی پێشتر رژێمی بەعس بەرامبەر كورد دەیكرد، ئێستا ئەو جارێكی دیكە زیندووی كردۆتەوە.
ئەگەر سەیری پێگە و نفووزی ئێستای كوردستان لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بكەین، دەبینین بە بەراورد بە خولەكانی پێشتر، ئێستا پێگە و شكۆی كورد لە ئاستی پێشاندا نییە و ئەركی هەموو لایەنە سیاسییەكانە كە بە یەكگرتوویی و لە چوارچێوەی ستراتیژیەتێكی هاوبەشدا ئەو پێگە و شكۆیە بۆ كورد بگێڕنەوە، لەسەر ئاستی دەوڵەتی عێراقیش كە لە دەستووردا بە دەوڵەتێكی فیدڕاڵی پێناسە كراوە، ئەوا ئێستا لەواقعیدا عێراق دەوڵەتێكی فیدڕاڵی نییە و دەبێت هەوڵ بدرێت ئەم دەوڵەتە بكرێتەوە بە دەوڵەتێكی فیدڕاڵی.
لە چوارچێوەی ئەم بارودۆخە سەختەدا، لایەنەكانی شیعەش بە بەرارود بە هەڵبژاردنەكانی پێشتر، لە پێگەیەكی ئەوەندە بەهێزدا نین و ئەوانیش بەسەر چەند لیستێكدا دابەش بوون، بۆیە دەكرێت لایەنە سیاسییەكانی كوردستان سوود لەو خاڵە لاوازەی بەرامبەر وەربگرن و هەوڵبدەن بە وردی كێشەكانی كوردستان لەگەڵ بەغدا دەستنیشان بكەن و بە یەكگرتوویی هەوڵبدەن لەگەڵ لایەنەكانی دیكەدا رێگەچارەیەكی بۆ بدۆزنەوە.
بە بۆچوونی من كێشەكانی نێوان كوردستان و بەغدا چەند كێشەیەكی سەرەكین و ئەوانی دیكە تا رادەیەك لاوەكین، بۆیە ئەگەر كێشە سەرەكییەكان چارەسەر بكرێن، لاوەكییەكان ئاسان دەبن، كێشە سەرەكییەكان برتین لە:
1- پێش هەموو شت زۆر گرنگە لایەنە كوردستانییەكان جەخت لەسەر دامەزراندنی ئەنجومەنی فیدڕاڵی بكەنەوە، ئەم ئەنجومەنە هاوشانی ئەنجومەنی نوێنەران، جۆرێك لە هاوسەنگی لەنێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا دروست دەكات، دەوڵەتی عێراقیش سیمای دەوڵەتێكی فیدڕاڵی وەردەگرێت.
2- هەوڵدان بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140، ئەمەش بەو مانایەی سەرەتا و پێش هەموو شت، دووبارە پێناسەكردنەوەی كەركووك و تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دیكەی كوردستان، وەك ناوچەی كێشە لەسەر لەنێوان هەرێم و دەسەڵاتی ناوەندا، كە ئەمە كرا، ئەوكات دەبێت ئەم ناوچانە بە هاوبەشی لەلایەن هەرێم و دەسەڵاتەوە بەڕێوە ببرێن و هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە بگەڕێنەوە ئەو ناوچانە، بەمەش ئەو بارودۆخە داگیركارییە كۆتایی دێت، كە ئێستا بەسەر ئەو ناوچانە سەپێندراوە، لەمەش گرنگتر زەمینەیەك دروست دەبێتەوە كە بتوانرێت باس لە جیبەجێكردنی ماددەی 140 بە هەر سێ قۆناخی ( ئاساییكردنەوە، ئامار و راپرسی) بێتەئاراوە.
3- كێشەیەكی دیكەی خەڵكی كوردستان، پەیوەندی بە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق هەیە، خاڵی سەرەكی لەم كێشەیەدا ئەوەیە كە لەسەر حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق (یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی)یە، ئەگەر لایەنە كوردستانییەكان لە دانوستانەكانیان بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق، ئەمەش بكەنە خاڵێكی ئەولەوییەت و پێی لەسەر دابگرن كە دەبێت حكومەتی داهاتوو دەركردنی ئەم یاسایە بكاتە ئەولەوییەتی كارەكانی، ئەوا كێشەی بودجە و بژێوی خەڵكی كوردستانیش چارەسەر دەكرێت.
لەدوای چارەسەكردنی ئەم كێشە گرنگانە بێگومان هەندێك كێشەی دیكەش هەن وەك مووچەی پێشمەرگە و پارەی گەنمی جووتیاران و چەندین كێشەی هاوشێوەی دیكە، بەڵام كە كێشە سەرەكییەكان چارەسەر كران، ئەوا چارەسەری ئەو كێشانەش ئاسان دەبن.
لە دووماهی ئەم وتارە كورتەدا دەخوازم، هەموو حزبەكانی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی لە ئاستی بەرپرسیاریەتی ئەم قۆناخە تازەیە بن و لەسەر بنەمای كوردستانیبوون نەك حزبیبوون سەیری ئایندەی پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و بەغدا بكەن، هەروەها بەشێوەیەكی تایبەتی هیوادارم پارتی و یەكێتی بە ئاستی ئەو متمانەیەی خەڵكی كوردستان بە هەردوو حزبەكەی داوە، بە بەرپرسیاریەتیی سەرشانی خۆیان بزانن و هەموو هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی ناوماڵی كوردستان رێكبخەنەوە لە چوارچێوەی وەفدێكی نیشتمانیی كوردستانیدا بچنە ناو دانوستاندنەكانی پێكهێنانی حكومەتی عێراق و دڵی ئەو حزبانە ئاشت بكەنەوە كە ئێستا هەست دەكەن، غەدریان لێكراوە، لەم قۆناخەدا زۆر گرنگە ماڵی كورد یەكڕیز و یەكهەڵوێست بێت، ئەم ئەركەش بە پلەی یەكەم ئەركی سەرشانی پارتی و یەكێتی دەبێت.






ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق
Top