رێزگرتنی مامۆستایان لە پێشوو و ئێستا

رێزگرتنی مامۆستایان لە پێشوو و ئێستا
پادشافەیسەلی یەکەم دەلێ" ئەگەر پاشایەتیم نەکردبایە، ئەوا مامۆستایەتیم دەکرد".
سەنی فارکی دامەزرێنەرو سەرۆکی دەزگای جواھر فارکی بەریتانی دەلێ" مافی ئەوەم ھەیە شانازی بکەم کە دایک و باوکم مامۆستان، لەو دواییانەدا لە دایکم پرسی چیتان بەدەستھێناوە لە پیشەکەتان کە مامۆستان؟ بەخۆشحاڵیەوە وەڵامی دامەوە گوتی :" ئەوانەی قوتابیان فێر دەکەن ، شایانی رێزگرتنن کە ئەوان زیاتر لە خەڵکەکەیتر رۆشنبیرترن لە کۆمەڵگە، دواتر خەڵکانێک روویان تێ دەکەن بەو مەبەستەی ئەوان سەرچاوەی ئامۆژگاری و نەسیحەت کردنن ، وەگرنگتر لەوانە ئەوان دەبنە مایەی ئەوەی لە دیدگا و خەیاڵی منداڵەکاندایە، ئەوان بەرەو ئامانجێکی بە سوود و دیاری کراو دەیانبەن بۆ بەدەستھێنانی شتە گرنگەکان ھەم بۆ خۆیان ھەم بۆکۆمەڵگە".
بەڵام بەداخەوە رۆژگار گۆڕایە مامۆستایان وەکو جاران لە زۆربەی ووڵاتان ھەست بەو شانازی و ئاسودەیی وئەو پایە بەرزە ناکەن کە پێشتر شانازیان پێ دەکرد، کە ئەوەش کاریگەری زۆری دەبێت لە سەر پێگەیاندنی نەوەکانی داھاتوو. لەگەڵ بە سەر چوونی کات و ئەو گەڕانەوەیە لە رێزگرتنی مامۆستا لەلایەن کۆمەڵگەوە کە بەرەو دواوە دەگەرێتەوە مامۆستایان ھەست بە ئاسودەیی و شانازی ناکەن کە مامۆستان، بێگومان کاریگەری خراپی دەبێت لە سەر فێرکردن و خوێندن و زیان دەگەیەنێت لە ملیۆنەھا قوتابی لە دەرئەنجامدا کۆمەڵگەکان وەکو پێویست نابن.
بێگومان ھۆکار گەلێ زۆرن کە وایکردووە پێگەی مامۆستا وەکو جاران نەبێت ، بۆ نموونە لە ھەرێمی کوردستان جگە لەوەی چەند سالێکە بەبارودۆخی نالەباری ئابوری و قەیرانی دارایی وسەپێنراو و برسی کردنی میللەتەکەمان لەلایەن حکومەتی بەغدا بە بڕینی بودجە ونەناردنی مووچە وکاریگەری زۆر خراپی کردۆتە سەر ژیان و گوزەرانی مامۆستایانی کوردستان دوای ئەوەی چەند سالێکە مووچەی خۆیان وەرناگرن ئەوەیان زۆر ھەڵدەگرێت، جگە لەوەی مامۆستا لە کوردستان مووچەکانیان وەرناگرن ، بەڵام ئەگەر بەراورد بکرێ بە مووچەی مامۆستایەتی تازە دامەزراو لە ووڵاتی لۆکسمبۆرگ کەیەکەم مووچەی ساڵانەی بریتیە لە (٧٣٠٠٠)حەفتا و سێ ھەزار دۆلارساڵانە، جگە لەوەش مامۆستایان چەندین ساڵە بێ بەشن لە وەرگرتنی پارچە زەوی نیشتەجێبوون کە ئەوەش بارگرانیەکی ترە بۆ سەر ژیانی مامۆستا و لە ناخەوە ھەست بە بێزاری ونیگەرانی دەکات و ناتوانێ پەیامەکەی وەکوخۆی بگەیەنێت، جودا لەوەش لێرەو لەوێ دەبینین بەرپرسانی پەروەردە و فێرکردن ھەست بە ئێش و ئازار و ژانی مامۆستا ناکەن ، چونکە خۆیان بە قۆناخەکانی مامۆستایەتی دا تێپەر نەبوونە، گرنگە لە داھاتوودا گرنگی و بایەخی زیاتر بە ژیان و گوزەرانی مامۆستایان بدرێت و بتوانرێ پاشەرۆژی خۆیان و منداڵەکانیان دابین بکرێ ، چونکە مامۆستایان ھەڵگری پەیامی زیندووکردنەوە و بەرەووپێشبردنی کۆمەڵگە، ھەرمامۆستایانن دەتوانن بیابانە ووشکەکان بکەنە مێرگ و گوڵ و گوڵزار، بۆیە پێویستەھەوڵ بدرێ مامۆستایان پایە و پێگەی راستەقینەی خۆیان بۆ بگەرێتەوە و ھەست بە شانازی و ئاسودەیی وخۆشحاڵی بکەن کە مامۆستان وەکو جاری جاران.
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێری پەروەردەیی

Top