ئەو قۆناغەی ئێستای کورد، بێ سەرۆک بارزانی پێوە دیارە..

ئەو قۆناغەی ئێستای کورد، بێ سەرۆک بارزانی پێوە دیارە..
لای هەمووان ڕوونە کە جەنابی سەرؤک بارزانی ڕۆڵێکی ئێجگار مەزن و بەرچاوی هەبووه لە بەدەست هێنانی سەروەری و دەستکەوتی نەتەوەیی و پارێزگاری کردن لێیان، لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەنجامدانی ڕێفراندۆم و گەیاندنی دەنگ و خواستی گەلی کوردستان بە هەموو جیهان بۆ بەدەست هێنانی سەربخۆیی و ئازادی و ئارمانجە ڕەواکانی میللەتەکەمان، جەنابی سەرۆک سوورە لە سەر شۆرش و خەبات کردن لە پێناو ئەو پرسە مەزنە نیشتیمانییە کە سەدان ساڵ لەمەو بەر کورد لە پێناویدا دەستی وە تێکۆشان و خەبات داوە.
هەروەها لای ئێمەمانان ڕوونە كە هەميشە لە لایەن سەرۆک بارزانیەوە بەرپەرچی هەر دەستدرێژیەک و دەمدرێژیەکی نابەجێ درواتەوە کە لە لایەن ناحەزان و نەیارانی گەلەکەمان بە ناڕەوا کراوەتە سەر ئاخ و خەڵکەکەمان.
وەک ڕێباز و وەک حیزبیش پارتی دیموکراتی کوردستان بە درێژایی مێژووی خۆی بەرگریی لە هەر بستێكی ئاخ و سەروەری و دەستکەوتە بەدەستهاتووەکانی كوردستانی کردووە و داکۆکیکارێکی سەرسەختی گێڕانەوەی کەرکوک و ناوچەکانی تری داگیركراو بووە لە پێش 16ی ئۆکتۆبەری 2017 و دوای ئەو خیانەتە شومەش تا بەئێستاش دەگات سییاسەتکردن و خەبات کردن لە پێناوی گێڕانەوەو ئازادکردنی ئەو ناوچانەی کە زەوتکراوە لێمان بەردەوامە، جەنابی سەرۆک هەمیشە درکی بە بەرپرسیارێتی کردووەو وەك پێشمەرگەیەک خۆی بە خاوەنی هەر بستێکی نیشتیمان و هەر فەردێکی کورد زانیوەو داكۆكی لێكردووە.
ئەمڕۆ كە قۆناغێكی نوێیە لە خەباتی رزگاریخوازیی كوردیدا بۆ هەستانەوە لە دوای خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 و دەرباز بوون لەو گەلەکۆمەیەی کە لە هەرێمی کوردستان کرا...، تا ئاستێك خەریکە جێ‌ پێی خۆمان قائیم دەکەینەوە، دەبوایە هەموو لایەنە سیاسیەکانی کورد پاڵپشت و پشتیوانی جەنابی سەرۆک بوونایە بۆ ئەوەی سەرۆک ڕۆڵی بەرچاوتر و باشتر بگێڕێت و مایەی چارەسازیی ئەو گیرو گرفتانە بێت كە لەگۆڕێدان و میللەتەكەمان بەدەستیەوە دەناڵێنێت، کەچی بەداخەوە نەك هەر ئەوە نییە بەڵكو کۆمەڵگای کوردی بەدەست كۆمەڵێك گیروگرفتی ناوخۆییەوە دەناڵێنێت و نەك چارەی كێشەی میللەتەكەی بەڵكو تا ئێستا هەندێ کەس و گروپ و لایەن بەردەوامن لە تەشهیر و ناشرین کردنی ئەم و ئەو و دەستکەوتە بەدەستهاتووەکان و لەباربردنی دەرفەت و ئاشتەوایی سییاسی و کۆمەڵایەتی و زیاتر ئاڵۆزکردنی دۆخی ناوەخۆیی و لاوازکردنی سەنگی کورد..! ئاخر ئەو قۆناغەی کە ئێستا لە ئارادایە، قۆناغێكی تابڵێی هەستیارە بۆ گەلی كورد، ئەگەر ورد و لەئاستی لێپرسراویەتیدا مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، قۆناغێكی لەبارە بۆ بەدەست هێنانی پرسگەلێکی چارەنووسساز بۆ گەلەکەمان.
وە حیزبە کوردستانیەکان ئەگەر لەخۆبووردوانە سیاسەت بكەن و هەندێ لە گرفتە بچوكەكان كە خۆی لەخۆی بە مەبەست گەورەکران و هێندرانە بەرباس کە من نامەوێ بگەڕێمەوە سەریان و خاڵ بە خاڵ باسیان بکەم.. بیخەنە لاوەو کوردانە بەگیانی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی قۆناغەكە هەڵسوكەوت بكەن، ئەوا ئەو دەرفەتەی بۆ کورد لەو دوو دەیەی دوواییدا رەخساوە بۆ هیچ گەلێکی تر وەپێش نەهاتووە، ئەوەنەی خۆم دیقەتم کردووە هەمیشە پێشبینیەكانی جەنابی سەرۆک بارزانی هاتوونەتە دی، ئەوە بەرهەمی سیاسەتی راستی بەڕێزیانە ئەمڕۆ دەبینرێت، بەڵام خەریكە بە سیاسەتی چەوت و چەوێڵی هەندێك لە کەس و لایەن خەونەكانی گەلی کورد لەبار دەبرێت بۆ هەتایە کە جێی داخە .


هادی باڵەیی
Top