ئێران بە خەونە مەترسیدارەکانیەوە لە پەلەقاژێ دایەو بە تەنهایی دەیەوێ ھاوسەنگیی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت...

ئێران بە خەونە مەترسیدارەکانیەوە لە پەلەقاژێ دایەو بە تەنهایی دەیەوێ ھاوسەنگیی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت...
کوردستانیان و هێزەکانی پێشمەرگەی سەدەی بیستویەکەم وەک مامۆستا پەشێوی شاعیر ئاماژەی پێدەکات "لە توخمێکی نوێیە". ئەو هێزە نییە کە بە دوای دانپێداناندا وێڵ بێ، بەڵکو هێزێکە کە توانیویەتی هەبوونی خۆی و ناسنامەی خۆی بەسەر واقیعدا داسەپێنێت و ببێتە ئەو ئاکتۆرەی کە ئیتر نادیدەگرتنی نامومکینە! بۆیە بە بڕوای من و بە پێی ئەو ڕووداو پێشهاتانەی کە لەدوو دەیەی ڕابردوو کە هەن، نە کۆبوونەوەی لوتکەی سێقۆڵی ڕوسیەو تورکیەو ئێرانی ئاخوندی دەتوانێت چۆک بە میللەتی کورد دابدات، نە پەلەقاژێ ڕزگارکەری ئێران و هاوپەیمانەکانی دەبێت و نە سیاسەتی لە ناڵ و بزماردانیش..
دووژمنانی کورد دەبێ تێگەیشتبێتن: لە ئەمڕۆدا شەڕو هێڕشی موشەکی و هەر جۆر کردەیەکی سەربازی تەنها کاتێک دەتوانێت قازانجی بۆ ئەوان هەبێ کە لە خزمەتی سیاسەتدا بێ، واتە بتوانێت لە ئەنجامدا بواری ئەرێنی و گونجاو بۆ سیاسەت و ئاکتۆرەکانی ناو سیاسەت بخوڵقێنێت. کردەی سەربازی بۆ سەر گەلی کورد تەنیا زیان گەیاندنە بە خۆیان و موکوڕترکردنی ئەو میللەتەیە لە بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکانی.

ئاشکرایە کە ئێران لە قۆناغی دە ساڵی رابردوودا هەموو ستراتێژیی سیاسەتی دەرەوەی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر نەهێشتنی کورد و لاوازکردنی دەستەڵاتی کوردستانی باشورو بەهێزکردنی جێگە و پێگەی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی لە عێراقدا بنیاد ناوە.
ئێران ئێستەیش پێی وایە کە لە باربردنی دەستکەوتەکانی کوردستانی باشور و لێدان لە بەرژەوەندیەکانی، دەتوانێ زیانەکانی سەرنەکەوتن لە گفتگۆی لە گەڵ ڕۆژئاواو گەمارۆ ئابووریەکانی ئەمریکا لەسەر وەڵاتەکەی بۆ قەرەبوو بکاتەوە و دەتوانێ جارێکیتر هاوسەنگیی هێز لە نێوان خۆی و گۆڕانکاریە سیاسی و جیۆپۆلۆتیکیەکان ساز بکاتەوە، لە وەها دۆخێکیشدا جوولە و پەلەقاژەی ئێران و تورکیە لە ناو گۆڕانکاریە ئاکتۆرە گەورەکان کە خۆی لە سەر ڕەوتی لاوازیی و بنەبەستدایە، لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هیچ ئاسویەکیان نابێ .
کە لە سۆنگەی هێڕش و پلانگێڕی و گەلەکۆمەی ڕوسیەو ئێران و تورکیە..، بەتایبەت هێڕشە مووشەکییەکانی ئەمڕۆی 8/9/2018 ی ڕژێمی ئاخوندی ئێران بۆ سەر ئۆردووگەو هێزەکانی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات لە کۆیە و بەشێک لەسەر سنوور بڕوانین، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئێران لە دۆخێک نیگەرانە کە تێیدا کاریگەریی سیاسی- ستراتیژیکی خۆی لەدەستداوە و لە بەرامبەر ئەمەشدا دوژمنە سەرەکییەکەی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی و ئیسرائیلن، ئەوا بەشێکن لە ئاکتۆڕەکانی گۆڕەپانی لەشکەریی و دەستدرێژییەکانی مووشەکی - سیاسیی بۆسەر هێزە کوردیەکانی ڕۆژهەڵات و وەلێدان لە بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان.
بەداخەوە دەیڵێم ئەو ڕووداو پێشهاتانەی دوایی چەندە سەرکەوتنی گەورەی وەک ئەنجامی ڕێفراندۆم و ....... بۆ کورد تێدابووە لە هەمان کاتدا کورد ڕووبەڕووی مەترسی گەورەش بۆتەوەو ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتیشی لە داوە تا ئەو جێیەی کە خیانەتی گەورەی نیشتیمانی کراوەو دەکرێت.

فەیلەسوفی یۆنانی (هێراکلیتۆس) دەڵێت:ـ "لە ڕووبارێکدا دوو جار ناتوانی مەلە بکەی" دەزانن چۆن..؟! ٭ بە پێی تێگەیشتنی هێراکلیتۆس مێژوو دووبارە نابێتەوە٫ وەک ئەوەی زۆر جار گوئبیستی دەبین بە تایبەت دەربارەی خیانەتی نیشتیمانی. نەک تەنها مێژوو بەڵکوو ژیان دووبارەبوونەوەی تێدا نییە، ئەو ئاوەی کە جاری یەکەم لە ڕووبارێکدا خۆتی پێ تەڕ دەکەی هەمان ئەو ئاوە نیە کە دووهەم جار خۆتی تێهەڵدێنی. واتە ئەو شەرت و مەرجانەی کە سیاسەت تێیدا تێپەڕ دەبن، قەت وەک یەک نین و ڕەوتی هێزو سییاسەت دووبارەبوونەوە قەبووڵ ناکات. ئەمە ڕێک لە دژی ئەو تێگەیشتنە باوەیە کە دەڵێت سییاسەت دووبارە دەبێتەوە، یان مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە لەسەرمان.
لەوباوەڕەدام لە ئێسادا هەڵوێستی ئەمریکا و وەڵاتانی هاوپەیمانی، پاراستنی پارسەنگی سیاسیی- سەربازییە. بۆ ئەو مەبەستەش گەمارۆی چڕی اقتصادی خراوەتە سەر ئێران و لە هەمان کاتیشدا دەستی ڕژێمی ئێران لە کوشتن و بڕینی کوردان لە نێوەخۆو لە دەرەوە، هاوشێوە لە گەڵ کردە مووشەکییەکەی ئەمڕۆی کۆیە..... کردتۆتەوە و پێشم وایە کە هاوکاریی هەواڵگری وڵاتانی ناتۆ و ئەورووپاو ئێران لەو قۆناغەدا، بۆ شەڕی ئاخوندی ئێران و ئەرتەشی تورک دژ بە کوردانی ڕۆژهەڵات و کوردانی ڕۆژئاوا و کورد لە باکووری کوردستان، بەردەوامی دەبێت، تا ئەو جێیەی ئێران بە تێوەگلانێک، شەرعیەت بە ئەمریکا دەدات بۆ جێبەجێکردنی قۆناغێکی تر لەسەر ئێران و هەوڵی تەواوی ڕووخاندنی ئەو ڕژێمە جێبەجێ دەکرێت.
ئێرانیش بە خەونە مەترسیدارەکانیەوە لە پەلەقاژێ دایەو بە تەنهایی خەریکە ھاوسەنگیی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەبەرژەوەندی خۆی بگێڕێت، ئاخر کێشەی ئێران بۆ ئەمریکا و بە تایبەت جولەکەکان وەک کێشەی ئاڵمانی نازی وایە، وا دەزانێت کە خۆی بە ڕووس هەڵواسێت، دەتوانێ بۆ ساڵانێکیتر درێژە بە هەژموونی دەسەڵاتەکەی خۆی بدات. ھیتلەر بە ھۆی ئەوەی خەونی زۆرگەورەو لە ڕادەبەدەری بەربڵاوو شەڕانگێزیەکەی بوو شکستی ھێنا و لە چەند بەرەیەکی شەڕدا نەیتوانی بەربەرەکانێ بکات، دیارە گرفت و سەرکێشیەکانی ئێران بۆ بەهیلالی کردنی شیعی جیاوازترە و ئێران بە شێوازێکیتر دەیەوێت بەسەر گەمارۆکاندا باز بدات و بەردەوام لە جیھانی برسیی ئەمڕۆدا ئاڵتێرناتیڤ لە بەرژەوەندی ئاخوندی دروست بکات.
لە لایەکی ترەوە ئێران بەو ھەموو قەیرانەیەوەو بەو هەموو مەترسییانەی کە لەسەریەتی، چانسێکی بەهێزیشی هەیە دەربارەی ئەوەی کە خاوەنی ئۆپۆزیسیۆنێکی کوردی نایەکگرتووە و ئەوەش وایلێکردووە لە گەمارۆی کۆن و نوێی ڕۆژئاوادا، تەنها قەیرانە ناوخۆییەکان تێپەڕبکات و دەرهەقی کێشەی گەلانی وەک کوردی بندەستی خۆی نەبێت، مەبەستمە بڵێم بە شێوەیەکی پاوانخوازانە لە ناوچە کوردییەکاندا پەل بھاوێ، لە عێراق و زۆنی مللەوەنی کوردستانیشدا ئەوە ئێرانە قسەی یەکەم بۆ تێکدانی بارودۆخەکە دەکات و لە دوایین کردەی تێکدەرانەی خۆیدا کوردانی ڕۆژهەڵاتی دانیشتووی کۆیەی کردە ئامانج.
ئیتر کوردەکانیش لە ئێستادا بەرەوڕووی دۆخێکی تایبەتی مێژوویی بوونەتەوەو چارەنووسی دیپلۆماسییەتی کورد و جیهان پێوەردەکرێت. تەنها هاوهەڵوێستی و یەکگوتاری ئەزموونی کورد دەباتە قۆناغێکی نوێوە، بە گشتی گرنگە یەکێتیی نێو ماڵی کوردان قائیمتربێت و ئاگاداریی جیھانیش بۆ پاڵپشتیکردنی دۆزی کورد ببرێتە ئاستێکی بەرزترو ھەستیارتر.


Top