3ی ئۆکتۆبەر قۆناغێکی تری پیلانە گڵاوەکانی ئێران...

3ی ئۆکتۆبەر قۆناغێکی تری پیلانە گڵاوەکانی ئێران...

پێش ۱٦ی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۷ وتم یەکێتی نیشتیمانی بەو پێیەی کە بە ئەکتیڤی بەژداری ڕێفراندۆمی نەکرد و لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستاندا نەبوو، وە یەکێتی لە ژێر هەژموونی جەمهوری ئیسلامی ئێران چاوەڕێی هەڵەی گەورەی بە ئەندازەی پشتشکاندنی نەتەوەی کورد نەک بەتەنها کوردستان ی لێبکەن، هەندێک لە هەڤاڵانم پێچەوانەی تێڕوانینەکەم بۆچوونیان هەبوو لەوەی کە هیچ خیانتێکی لەدەست نایەت!. بینیمان ئێران بە چاوساغی بەشێک لە یەکێتی بە داگیرکردنی کەرکوک و دەورووبەری، وە پلاندانان بۆ دوو ئیدارەیی و درووست بوونی شەڕی نێوخۆیی و تێکدانی ئاشتەوایی سییاسی و کارەساتی جەرگبڕو زۆر شتی تر ڕوویدا، بەڵام جەنابی سەرۆک بارزانی بە قوربانیدان بەخۆی و بە پارتی و بە گەلەکەمان شکستی بە زۆرێک لە پیلانەکانی ئەو گەلەکۆمەیە هێنا، چونکە جەنابی سەرۆک دور لە كارو كاردانەوە، دژی تێكچونی پەیوەندی سیاسی لایەنە كوردستانیەكان بووە هەمیشە؛ بۆیە لە هەر دۆخێکی دژواردا، جەخت لەسەر چارەسەركردنی كێشەی نێوان تێكڕای لایەنەكان و بەتایبەت نێوان پارتی و یەکێتی دەکاتەوە.
لێرەدا قۆناغێکی تری پیلانە گڵاوەکانی ئێران جارێکی تر بە بەکارهێنانی بەشێک لە یەکێتی دەست پێ دەکات، ئێران بەر لەوەی گەمارۆی چڕی بەسەردا بسەپێت لە مانگی یانزەی ئەمساڵدا لە لایەن ئەمریکا، هەوڵی بەهێزکردن و هەستانەوەی عێراق دەدات، لە ناو عێراقیشدا بەهێزکردنی جومگە سیاسی و سەربازیەکان و ئەوکوتلانەی لە ژێر دەستەڵات و هەیمەنەی خۆیدان..، بە تایبەت پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، کە ڕۆڵی هەیە لە دانانی سەرۆک وەزیران و جێ بەجێ کردنی مادەی ۱٤۰ و زۆرێک لە دەسەڵاتی تر..
پێشم وایە زۆرێک لەو ڕووداوە جەرگبڕو ڕۆژە شوومانەی وەک ۱٦ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، ۲ی ئۆکتۆبەری ئەم ساڵ، خەتای پارتیمانی تێدایە ، لەوەی ڕووداو پێشهاتەکان وەک خۆی ناخوێنێتەوەو پێشبینی نیە نەک بۆ چوار ساڵی داهاتوو بەڵکو بۆ مانگێک و ئەزموون وەرنەگرتن لە ڕابردوو!. وە خەتای لەوەش گەورەتر دەست بە باڵاوەگرتنی یەکێتی و ووڵاتی عێراق و هەوڵدان بۆ هەرەس نەهێنانی ئەو ئەزمونە قەتیسماوە ٤۰ ساڵیەو ١٠٠ ساڵیەی پڕ لە دەست تێوەردانی دەرەکی، دووبەرەکی و باڵباڵێن، کودەتا، دەیان جەنگی دژ بە دراوسێ و خانەخوێ، خیانەتە شوومەکەی ۱٦ی ئۆکتۆبەر، کیمیا بارانکردنی هاونیشتمانیان، ئەنفالکردنی دەیان هەزار ژن و مناڵ و گەنج و پیر لە بەر هیچ نا تەنها لەبەرئەوەی کە لە نەتەوەیەکی ترین، یاخود ئامانجێکمان هەڵگرتووە کە سەربەخۆیی و ئازادیە...... درێژەدانە بە کیانێکی داسەپاوی نەخوازراوی هیلاکی چەندین ساڵ لەبەر یەك هەڵوەشاوە کەتەنها چەخماخەیەکی قاسمی سلێمانیان بەسە بۆ لەبەر یەك ترازاندنی لایەنە سیاسییەکان و لەبەین بردنی پڕۆسەی خەونی لە مێژینەی گەلەکەمان..
خۆ ئەگەر بە حەکیمانە تەماشای دۆخەکە بکەین بەو پێیەی کە پارتی دیمووکراتی کوردستان بۆ چەند جارێک نەك تەنها عەرشی ئیدارەی سلێمانی بگرە عێراق و ئێران و تورکیەشی هێنایە لەرزین بەوەی کە ڕۆڵەکانی پارتی هەیمەنەی داعشیان تێکشکاندو بەرگریەکی نەبەردی و قارەمانانەیان کرد لە کورد و کوردستان، دواتریش سوربوون لەسەر ڕاپرسی و ئەنجامی داو دەنگمان بە گوێی جیهاندا چپاند کە میللەتی کورد سەربەخۆیی دەوێ، بەداخەوە جیهان لەو ڕاستیە تێنەگەیشت کە: دەوڵەت بوونی کوردستان مانای دروستکردنی کێشەنیە و بەدەر لە خواستی کورد ئەوکێشانە دروستکراون و دەبێت ڕاستیەکان ڕێچکەی خۆیان بگرنەوە، ئەو کیانەی کە پێی دەوترێت عێراق ئێمە دەتوانین لە ئایندەدا و دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، بەس سنورەکانی کوردستانی وەک دراوسێیەك بۆی بپارێزین و کێشەکانی خۆی با خۆی چارەسەریان کات ئەوە کێشەی ناوخۆی ووڵاتێکی دراوسێی ئێمەیە کە پێی دەڵێن عێراق.
بە داخەوە دوای ڕووداوەکانی ۱٦ی ئۆکتۆبەر، کوردستان بە هەستیارترین و سەخترین قۆناغ دا تێپەڕی، لە گەڵ ئەوەشدا ئیرادەی گەل بەردەوامە بۆ سەربەخۆیی، وەسەرکەوتنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە پلەی یەکەم لە هەردووک هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و کوردستان عەرش لەرزەیەکی تر بوو بۆ دژبەرانی سەربەخۆیی کوردستان... سەرکردایەتی پارتیشمان دەبێ تێبگەن کە هەرگیز پۆستێک نادرێت بە ئێمە کە دەسەڵاتی جێ بەجێکردنی مادەی ۱٤۰ ی هەبێت و پێگەکە بخێرێتە خزمەتی بەرژەوەندی کوردستانیان، لەو باوەڕشدام ڕێگرتن لە هەوڵەکانی پارتی بۆ خزمەتکاری گەلی خۆی و پێنەدانی استعقاقی خۆی وەک هێزی یەکەم لە سەر ئاستی عێراق، جا ئەگەر ئەو ڕێگریە ئیتر بە هەر ناوێك و لەژێر هەر دروشمێکدا بێت کێشەکانی ناوچەکە زۆر زیاتر قوڵدەکەنەوەو بڕیاردان و وێنەکێشانی باڵە شوومەکەی ناو یەکێتی بۆ ئەو ئایندەیە لەو دوڕیانەدا ئەستەمترە کە خۆی وێنای بۆ کردوە و بێ باجدان لێی دەرناچێت.
چونکە ئەو نایەکگوتاری و باڵباڵێنەی كە لەناو یەكێتی دا هەیە هەمیشە لە لایەن ئێرانەوە بەكار هێندراوە بۆ بەدەست هێنانی ئەو ئامانجەسیاسیانەی كە هەیەتی لە ناوچەکەدا، بۆیە دروستكەری بڕیار لە ناو جەمهوری ئیسلامی ئێران سیاسەتەكانی خۆی بەرامبەر یەكێتی لە سەر ئەو بنەمایە دروست كردووە كە بە هەرشێوەیەك بێت بارودۆخی ناو یەكێتی بەشلۆقی و ناجێگیری و دوور لە بەرژەوەندی کوردستانیان و ئامانجە سەرەکییەکە کە سەربەخۆییە بهێڵدرێتەوەو پیلانیشی هەیە بۆ دەرکردنی هەموو ئەو بەرپرسە باڵایانەی ناو یەکێتی، کە کۆکن لە گەڵ بەرژەوەندیە نیشتیمانیەکان و ڕای گشتی... لە ناویشیدا مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە، لە پێناو ئەوەی كە یەكێتی پاکبێتەوە لەوانەی کە دژی بەرژەوەندیەکانی ئێران کاریان کردووە و دەیەوێت بەو شێوەیە پارسەنگی یەکێتی هەڵسێنێتەوەو ئاراستە بكات كە لە گەڵ بەرژەوەندیەكانی ئێران دەگونجێت.
لەپاڵ ئەوەی كە ئێران بە بەرنامە كار لە سەر دروست كردنی پشێوی و تێکدانی ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی و درووست کردنی دوو ئیدارەیی کوردستان دەكات، لە لایەکی تریش مەبەستیەتی یەكێتی وەك پارتێكی لاواز بمێنێتەوە بۆ ئەوەی كە بەردەوام بێت لە سەر ئاراستەكردن و بەكارهێنانی لە ژێر هەژموونی خۆیدا.
لە ڕاستیدا ئەو ناتەبایی و بێ سەرووبەریەی کە ناو یەکێتی گرتۆتەوە لە سەر ئاستی بەرز شانسی ئەوەی داوە بە ئێران كە بەم شێوەیەی خۆی دەیەوێت نەک تەنها یاری بەچارەنوسی یەكێتی، بەڵکو یاری بە چارەنووسی گەلی کوردستانیش بكات و تا دێت داهاتووی کوردستان بخاتە مەترسیەوە.
Top