ھەموو ھێزێکی پەنگخواردوو کاردانەوەیەکی ھەیە

ھەموو ھێزێکی پەنگخواردوو کاردانەوەیەکی ھەیە
توڕەیی و ناڕەزایی خەڵکی کەرکووک ھەرچەندە سەرکوتیش بکرێت، ھەر دەبێتە فشار بۆ گۆڕانکاری ئەرێنی و راپەڕین و رێچکەی خۆی دەدۆزێتەوە و سیستەمی ستەمکاری دەتوێنێتەوە، بۆیە گرنگە ئاراستەکەی بزر نەکرێت. دیمەنی ڕۆژانەی زوڵم و زۆری پارێزگاری کەرکووک و ھێزە میلیشیاو چەکدارەکانی ناوچەکە وایکردووە ناڕەزاییەکانی ھاووڵاتیانی پارێزگای کەرکووکی گەیاندووە بەلێواری بێ ئومێدی. لەزیاتر دەنگ بەرزکردنەوە دژ بەو نادادپەروەری و خراپی ئەدای کارگێڕی و رامیاری و قۆرخکاری و بە فیڕۆدانی داھات و سامان و ھێزی مرۆیی کە بەرجەستەیە ھیچ شتێکی دیکەیان بۆ نەماوەتەوە، کاربەدەستانی ئەو شارە زیاتر لەگۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە ھەوڵی گۆڕینی بەرپرسانی حکومەت و بەرپرسان دەدەن کە لەنەتەوەی کوردن، کوردانی کەرکووک چاوەڕوانی گەڕانەوەی (پارتی دیموکراتی کوردستان )و دەرئەنجامی سەردان و کۆبوونەوەکانی (سەرۆک بارزانی)ن ھەرچەندە جگە لەبارەگای (پارتی دیموکراتی کوردستان )بارەگای سەرجەم لایەنە کوردییەکانی دی لە نێو کەرکووکدا ھەن، بەڵام زیاتر لە حزبێکی کارتۆنی دەچن و ھیچ جۆرە دەسەڵات و فشارێکیان لە بەڕێوەچوونی شاری کەرکوودا نییە، ھەر ئەوەش وایکردووە جەماوەری کەرکووک ھیچ متمانەیەکیان بەم حزبانە نەمێنێت، لەئێستاشدا دانیشتووانی کەرکووک چاویان لە گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانە و تاکە ئومێدیان سەرۆک بارزانی و گەڕانەوەی پارتییە، بۆ ئەوەی خۆری ئومێدی کەرکووکییەکان ئاوانە بێت، پێویستە (پارتی دیموکراتی کوردستان) پەلە بکات لە گەڕانەوەی سەربەرزانە و شکۆی کورد لەوشارە بەرز بکاتەوە، ڕێگری بکات لەھەر پلانێک کە نەیارانی کورد بیانەوێ بەسەر ئەوشارەدا بیسەپێنن و زیاتر پێکھاتەکانی ئەو شارە بەگژ یەکدانەکەن و فیتنەی تایفی و مەزھەبی بڵاو نەکەنەوە، جوانی و سیمای پێکەوە ژیان و سیمای کوردستانی بوونی ئەو شارە تێک نەدەن، بۆ ئەوەی ھێزی پەنگ خواردووی لاوانی کەرکووک دوور لە کوردایەتی نەمرێت پێویستیان بە گەڕانەوەی بەپەلەی (پارتی دیموکراتی کوردستان)ە و ڕۆڵی گرنگی(سەرۆک بارزانی)یە.
Top