ئاڵای كوردستان تەنها بەهێزی پێشمەرگە دەپارێزرێت

ئاڵای كوردستان تەنها بەهێزی پێشمەرگە دەپارێزرێت
دوای هەڵكردنی ئاڵای پیرۆزی كوردستان لەسەر بارەگاكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و لەدرەنگانێكی شەودا، هەرزوو بووە هۆی دژیایەتی كردنی حكومەتی عێراق و حزبە عەرەبی و توركمانەكانی كەركووك، بەو هۆیەشەوە عادل عەبدولمەهدی هێزێكی تایبەتی ڕەوانەی كەركووك كرد و لەژێر فشاردا لەسەر بارەگای كۆمیتەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاڵای كوردستان دووبارە هێنرایە خورەوە، هەرچەندە دەستووری عێراق، ڕێگەی بەهەڵكردنی ئاڵای كوردستان داوە، لەناوچە جێناكۆكەكان و هیچ ڕێكریەكی لێ نەكردووە، بەڵام دووبارە دەیانەوێت هەڵكردنی ئاڵای كوردستان ڕاوانەی دادگای فیدراڵی عێراق بكەنەوە، گومانم هەیە دادگای فیدراڵی ڕۆڵێكی ڕاست ودروست لەیەكلاكردنەوەی هەڵكردنی ئاڵا ببینێت، هەرچەندە لەساڵی 2017ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، دەنگی لەسەر بەرزكردنەوەی ئەو ئاڵایەدا، بەڵام ئەوكات هێزی پێشمەرگە بەخۆێنی خۆی، ئاڵای كوردستانی لەپاڵ ئاڵای عێراق دەپاراست، كە ئێستا پێشمەرگە حزوری لەو ناوچانە نەماوە، لەدوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، نە حزبە كوردییەكانی ئەوشارە، نەیاساو حكومەتی خۆجێی كەركوك، توانی پاراستنی ئەوئاڵاپیرۆزەیان نییە ،تەنیا هێزی سەربازی خۆیی بەسەر یاساو پێشهاتەكاندا دەسەپێنێت، خۆ ئەگەر بەپێی دەقە یاساییەكان كار بكرێت، ئەوا بەپێی یاسای ژمارە (۱٤)لە ساڵی ۱۹۹۹پەرلەمانی كوردستان ئاڵای كورستانی بەفەرمی ناساندوەە و هەر بە بڕیاری پەرلەمانیش رۆژی ئاڵا لە كوردستاندا لە ۱۷ی كانوونی یەكەم بە بڕیاری ژمارە(٤۸) دیاری كراوە. بەپێی دەستووریی هەمیشەیی عێراق كە ساڵی ۲٠٠٥ پەسەند كراوە، یاساكانی پەرلەمانی كوردستان بە فەرمی سەلمێنراوە، لەدەقی مادە ۱٤۱ی دەستووری هەمیشەیدا هاتووە كار بەیاساو بڕیارەكانی پەرلەمانی كوردستان ئەوانەی لە ساڵی ۱۹۹۲ەوە ۲٠٠۳ دەركراوون دەكرێت، ئەمەش هێمای خۆی هەیە. سەبارەت بە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكانیش بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق ئەوە نەهاتووە كە تەنیا ئاڵای عیراق بەرز بكرێتەوە لە كەركووك یان نابێ ئاڵای كوردستان هەڵبكرێت. بۆیە پێویست بووچاوەڕوان بكرێت، تاكو ڕێكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، بچنە بواری جێبەجێ كردنەوە، هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچە جێناكۆكەكان، تاكو بارەگا وشكۆ و ئاڵای پیرۆزی كوردستان بپارێزێت.
Top