لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەی ۱٨ ی شوباتی پەڕلەمانی کوردستان دا

لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەی ۱٨ ی شوباتی پەڕلەمانی کوردستان دا
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٤ مانگ بەسەر هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەڕلەمانی کوردستان کە کوردستانیان ئومێدێکی زۆریان بەم خولەی پەڕلەمان هەیە، کەچی هەست دەکرا تەگەرە و بەربەست لەبەردەم دەست بە کاربوونی ئەم خولەیە دا هەیە، تا سەرەنجام کۆبوونەوەکەی ۱٨ ی شوبات لەگەڵ ئەوەی بۆ چەند کاتژمێرێك دواخرا تا برادەرانی یەکێتی بگەنە ڕێککەوتنێك بەڵام سەرەنجام ئەوان نەهاتن و کۆبوونەوەکەش بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو و دەستەی سەرۆکایەتی پەڕلەمانیش هەڵبژێردرا.

هەرچەندە پارتی وەك هێزی براوەی یەکەمی کوردستان پۆستی سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستانی بۆ یەکێتی دەست نیشان کردبوو بەڵام لەبەر بەشداری نەکردنیان لە کۆبوونەوەکە دا پۆستەکە بە شێوەیەکی کاتی لەلایەن پەڕلەمانتارێکی پارتی پڕ کرایەوە تا ئەو کاتەی یەکێتی دەگاتە ڕێککەوتنێك، کە ئەمەش نیەت پاکی و پەرۆشی پارتی بە دەرخست بۆ بارودۆخی هەستیاری کوردستان چونکە گەر وا نەکرابا بە پێی یاسا یەکێتی ئەم پۆستەی لە دەست دەچوو، چونکە لایەنی تر کاندیدی هەبوو کە پارتیش وەك شەریکی ئەساسی دەڕوانێتە یەکێتی، بۆیەش گرنگە هەولبدرێت ڕێز لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بگیرێت چونکە ڕوون و ئاشکرایە لای هەمووان زیاتر لە چوار مانگە خەلکی کوردستان لە ڕێگای سندووقی دەنگدانەوە بڕیاری خۆیان داوە کە کێ نوێنەرایەتیان بکات وە کێیش زۆرینە بێت، کە ناکرێت بۆ هەندێ موزایەدەی سیاسی و بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی ئیرادەی کوردستانیان فەرامۆش بکرێت، چونکە هەر لایەنێك کەمترین باوەڕی بە دەنگدان و دیموکراسی هەبێت پێویستە ڕێز لە ڕای خەڵك و دەنگدەران بگرێت و پەیڕەوی لە سیستەمی هەلبژاردن بکات، کە لە هەموو دونیاش دا تەنها سندووقی دەنگدان سەنگی مەحەکە و قوڕسایی و پێگەی هەموو لایەنەکان بە دەر دەخات، کە هەر تەگەرە و لەمپەر دروست کردنێك لەبەردەم کارا نەکردنی پەڕلەمان مایەی سەرنج و تێڕامانە وە پێچەوانەی ئەو دروشمانەیە کە لە کاتی بەڕێوەچونی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بەرز دەکرانەوە، وێڕای ئەمەش دەبێت ڕەوشی ئێستای کوردستان لەبەر چاو بگرین کە بە قۆناغێکی هەستیار و چارەنووس سازدا گوزەر دەکات. کە هەموو ئەمانەش وا دەخوازن زیاتر لە جاران نێوماڵی کوردستان ڕێکبخەینەوە و دەزگا و دامەزراوەکانیشی کاراتر بکرێنەوە، بۆیەش هیوامان وایە برادەرانمان لە فڕاکسیۆنی یەکێتی بەبڕیاری خۆیان دا بچنەوە و بێنەوە ناو هۆڵی پەڕلەمان و ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لەم خولەیە دا لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان کە دڵنیاین ئەمەیان داواکاری زۆرینەی خەڵکی کوردستانە تەنانەت هی ئەندام و لایەنگیر و جەماوەرەکەشیانە.
خوای گەورە هاوکار و پشتیوانی هەمووان بێت بۆ زیاتر بەرەو پێش بردنی ڕەوشی هەرێمی کوردستان.
Top