پەروەردە و بنیاتنانی مرۆڤــــ

پەروەردە و بنیاتنانی مرۆڤــــ
نوسەروشارەزای ئابوری سعودی عەبدول رەحمان منیف دەلێ"ھەموو کات دەتوانین پردەکان بنیات بنێن، بەڵام زەحمەتە بنیاتنانی مرۆڤەکان".
بێگومان بنیاتنانی مرۆڤەکان کارێکی ئاسان نییە، پێویستی بە پلان و بەرنامە وستراتیژی ھەمە لایەنە ھەیە بەتایبەتی و لە پێش ھەموویان پەروەردە، پێویستە لە رێگای پەروەردەوە مرۆڤەکان بنیات بنرێن، چونکە پەروەردە ھۆکار و ئامرازی سەرەکی و یەکلاکەرەوەیە لە بنیاتنان و دروستکردنی مرۆڤ و ئامادەکردنی بۆ کۆمەڵگە و تا بتوانێ بە رۆڵی سەرەکی خۆی ھەڵبستێ لە پێشکەوتنی کۆمەڵگە و ووڵات، چونکە بنیاتنانی ھەر مرۆڤێک کۆمەلێک چاکە و پاداشتی گەورەیە بۆ ووڵات ھەروەکو مرۆڤی باش خێزانی باش بەرھەم دەھێنێت، خێزانی باش کۆمەڵگەی باش بەرھەم دەھێنێت، کۆمەڵگەی باش ووڵاتی باش و سەرکەوتووی لێ دێتە بەرھەم کە دانیشتوانەکەی ھەست بە ئارامی و ئاسودەیی دەکەن، بۆیە گرنگە وپێویستە جەخت لەسەر بنیاتنانی مرۆڤی باش بکەینەوە ئەویش لە رێگەی پەروەردە و فێرکردنەوە ، ھەر بۆنموونە لە ووڵاتی میسر (دادوەر) لە بکوژی سەرەکی پێشووتری میسری(انور السادات) لە کاتی دادگاییکردنیدا لێ پرسی بۆ ساداتت کوشت؟ بکوژەکە وەڵامی دایەوە گوتی چونکە عیلمانی بووە، دادوەر لێی پرسیەوە مانای چییە عیلمانی؟ گوتی نازانم !!
لە رووداوێکی تردا لە کاتی دادگایی کردنی ئەو کەسەی کە نوسەرو روناکبیری میسری بەناوبانگ (نجیب محفوز)ی بریندار کردبوو بە چەقۆ، دادوەر لە تاوانبارەکەی پرسی بۆ چەقۆت لێداوە؟ تاوانبارەکە گوتی چونکە رۆمانێکی نوسیوە بە ناوی منداڵانی گەرەکەکەمان، دادوەرەکە پرسیوە تۆ ئەو رۆمانەت خوێندۆتەوە؟ تاوانبارەکە گوتی نەخێر خوێندەواریم نییە. ئەو دوو نموونەی سەرەوە پێمان دەلێن کە بنیاتنانی مرۆڤەکان پێویستیان بە پەروەردە کردن و فێرکردن ھەیە، وە پەروەردە و فێرکردنیش پێویستی بە ھەبوونی پرۆگرامێکی روون و پەروەردەیی ھەیە کە تاکەکان مرۆڤەکان ووشیار بکەنەوە و دیدگای کۆمەڵایەتیان رۆشن بکاتەوە و مرۆڤ لە ناخەوە دروست بکات، نەک تەنھا سیستەمی پەروەردە و فێرکردن لە پێناوبەدەستھێنانی نمرە و دەرچوون بێت. بەڵکو سیستەمی پەروەردە و فێرکردن لە پێناو بنیاتنانی مرۆڤەکان بێت، بنیاتنانی مرۆڤەکان واتە بنیاتنانی کۆمەڵگە و نیشتمان و ووڵات. واتە ئەگەر مرۆڤمان بینات نا ئەوا جیھان بینات دەنێین، ھەر بۆنموونە نوسەری ناوداری بەرازیلی (باولوکویلو)دەلێ" باوکێک خەریکی خوێندنەوەی رۆژنامەیەک بوو دەیویست بخوێنێتەوە، بەڵام کوڕێکی بچوکی ھەبوو باوکەکەی ھەراسان کردبوو نەیدەتوانی رۆژنامەکە بخوێنێتەوە، بۆیە باوکەکە لاپەرەیەکی رۆژنامەکەی کە نەخشەی جیھانی لە سەر بوو پارچە پارچەی کردوو دایە دەستی کوڕەکەی گوتی بڕۆ ئەو نەخشەیەم بۆ رێک بخەوە و باوکەکە گەڕایەوە سەر خوێندنەوەی رۆژنامەکە وایزانێ منداڵەکەی زۆر خەریکی دەبێ کەچی لە مالوەی پازدە خولەک منداڵەکە گەڕایەوە لای باوکی نەخشەکەی چاک کردبوە وە و باوکی سەری سوڕما گوتی ئەوا دایکت جوگرافیای فێرکردووی، منداڵەکە گوتی نەخێر بەڵکو لە پشتی نەخشە وێنەی مرۆڤ ھەبوو منیش لەسەر مرۆڤەکە لاپەرەکەم بەیەکەوە نووساندوو کاتێک وێنەی مرۆڤەکە تەواو بوو دیتم لە پشتەوە وێنەی نەخشەکە تەواو دروست بۆتەوە . کەواتە کاتێک "مرۆڤ ئامادە دەکەین ، جیھان ئامادە دەبێت"دەربڕینێکی رەمەکیە، بەڵام کاتێک مرۆڤمان بنیاتنا ئەوا جیھان بینات دەنرێت، گرنترین شت بنیاتنانی مرۆڤە ھیوادارم ھەموو ھەوڵەکانمان لە وەزارەتی پەروەردە لە پێناو بنیاتنانی مرۆڤەکان بێت پاڵپشت بە ئیرادە و دڵسۆزیەکی لە بن نەھاتوو.
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێرێ پەروەردەیی
Top