وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی و تێڕوانینی چینێکی پیاوسالارو بیروبڕواو ماسک پۆشینیان لە ڕۆژی جیهانی ئافرەتان ۸ی مارسدا ...

وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی و تێڕوانینی چینێکی پیاوسالارو بیروبڕواو ماسک پۆشینیان لە ڕۆژی جیهانی ئافرەتان ۸ی مارسدا ...

٭ دبێژن ئافرەت نیوەی سەرەکی کۆمەڵگا پێک دێنێت!
داخەکەیش جیهان کۆرپەیەکی بێ بەزەییە لە باوەشیدا!
ئەوەیە دواهەمین تابڵۆیی ئافرەت لە جیهانی مۆدێڕنەدا:-
وێنەی خەمێکی قووڵی مێژووی بە ڕووخساریەوە دیارە!.
٭ دبێژن: ئاستی ڕۆشنبیری هەر کۆمەڵگایەک پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆو نەپچڕاوی بە بارەدۆخی ژیانی ئافرەت لەو کۆمەلگایەوە هەیە...
داخەکەیش خۆڕۆشنبیرکردنمان لەبەرخۆدەرخستمانە!
ئەوەیش بۆچاوبەستەی ئافرەت و بەکارهێنانی وەک حەز!.
٭ لە جیهانی پیاوسالاریدا کە ئافرەت کوشتن تێیدا بە ئاسایی بژمێردرێت، نە تەنھا چاوەرێی ماسک پۆشین لە ڕۆژێکدا کە 8ی مارس ە...! بەڵکو دەبێ لە 366 ڕۆژەکەش لە دوو ڕوویی و ماسک پۆشی ئەو جەنتڵمانانە چاوەڕێییمانهەبێت کە دوو قسەی نەستەقیمان بۆبکەن!.
کاکە ئەو بیرۆکەیە هەڵەیە کە دبێژیت: دەستکەوتی مێژوویی عەقلیەتی جیڵی پیاوساڵاریە کە ئەمڕۆکە زاڵە بەسەر چینی
تازە !. ئاوهایە: تاوانی ئافرەت نەبەخشراوەو ئافرەت لە پیاو کەمترە!. ئەوەیە کاریگەری بیری ئافرەتکوژی لە کۆمەڵگادا...!.
بە یەکسان زانینی ئافرەت و پیاو، بەخۆرددانی ئەو خواسە پێویستی بە ڕاهێنان و فێرکردنێکی بنەرەتیە...، گومان لەوەدا نیە کە ئەوەش گرێدراوە بە پەروەردەو فێرکردن، ئا ئەوەیە کە ئافرەت جارێکی تر وەک کاریکاتێرێکی سەرەکی ڕۆڵدەگێڕێ بۆ پەروەردەکردن و بەسەر خستنی ئەو هیوایە.
ئافرەتانیش بابەتی تەماح بوون، واتە بە خاوەن بوونیان، بە خاوەن بوونی ئافرەتانێکی زۆرتر یەکێک لە مەبەستە جەوهەریەکانی ژیان بووە لای کۆمەڵگاو بیری پیاوسالارەکان، هەر بۆیەش لە دوو سەدەی ڕابردوودا زۆر بەهەستیارییەوە یاسا و ڕیساکانی سەبارەت بە ئافرەت دادەرێژرێت و چۆنیەتی هەلسوکەوت لەگەڵ کاڵایێکی بە ناو ئافرەت پێگەیێکی جەوهەری لە ناو داب و نەریتی ئەو پیاوسالاریەدا جێ کراوە.
٭دوو پرسیار، ئێک هەوە:- کاتێ ئافرەتێک هەڵومەرجی ژیان لە خراپترین بەسەرببات، سەرکوت بکڕێت و ڕۆژانە سوکایەتی بە پیرۆزیەکانی بکرێت، هەڕەشەی کوشتن و چەوساندنەوەی بە بیانووی جیاجیا لە سەری بێت، چۆن دەتوانێت ڕۆڵێکی پۆزەتیڤ ببینێت لە پەروەردەکردندا..؟
مرۆڤایەتی لە سەرەتاوە بە پێشەنگی ئافرەت و ئەفراندنەکانی ئافرەت شارستانیەتی لەسەر بنەمای پەرەپێدانی پەروەردە سایکۆلۆژی دامەزراندووە و ئاسوودەیی بۆ مرۆڤایەتی بنیاد ناوە، تائەو کاتەی هەیمەنەتی دەسەلاتگەرایی لەشارستانیەتی سۆمەریەکان دەبنە یەکەم گورز لەدژی کۆمەڵگەی ئەخلاقی، ئیتر لەو کاتەوە شەڕی پیاوسالاری بەرامبەر ڕەگەزی مێینە بەردەوامە.
پێک هێنانی کۆمەڵگەی یەکسانی هۆشیار شكست بەو پیلانانە دەهێنێت کە پیاوسالارەکان لەهەناوی خۆیاندا حەشاریان داوە و بە پێ ی پێویستی خۆی و بەبیانووی یاساو رێسا، یان نەریت و داب... دارێژراوەکانی و لەپشتی پەردەی بەکارهێنانی ئەخلاقی پڕ لە درۆ و هەڵخەڵەتاندن حەشاریداوە و بەکاریان دەهێنێت.
کۆمەڵگەی ئاسوودە لەسەر یەکسانی پیاو ئافرەت، ئەوسا ئەخلاق دروست دەبێت، ئەخلاقیش خۆی لەخۆیدا بەرپرسیارێتی مرۆڤە بەرامبەر ڕەگەزی بەرامبەرو کۆمەڵگە، کۆمەڵگەش بەرپرسیارە بەرامبەر بەئەندامی خۆی.
کەواتە ئەخلاق بەرپرسیارێتییە و پێک هێنانی بیرکردنەوەی باش و ڕاست و جوان و پێکەوە ژیانی یەکسان و ڕاستە، ئەخلاق پێکهێنانی دیسپلین و ڕێسای پاک و بێگەردە لەپێناوی ئاسوودەیی هەردووک ڕەکەز لە کۆمەڵگەدا، لە کۆمەڵگەی یەکسانیشدا بیری چاک و وتەی بەپێز و کرداری لەبار دێنێتە بەرهەم، نەک کۆت کردن و چەوساندنەوەی ڕەگەزێک کە ئافرەتی ناوە، وە پەیوەندی نێوان تاکەکانیش لەسەر بنەمای یەکسانی ڕەگەزی دادەمەزرێت نەک بنەمای تاکگەرایی و پیاوسالاری، كاتێكیش باس لە پەروەردەو ئەخلاقی كۆمەڵگەیەك بکرێت، ناكرێت باس لە پێگەی ئافرەت نەكرێت، چون ئافرەت ڕۆڵێكی سەرەكی هەیە لە پەروەردەكردن و بە ئەخلاق کردنی تاك، دواجار كۆمەڵگەیش لە كۆبوونەوەی تاكەكان پێك دێت....
٭ پرسیاری دوو هەوە:- لە لای پیاوسالارەکان ئافرەت بۆ چی کۆت بێت؟ چون ئافرەت کاڵایێکی جنسیەو لەوانەیە پیاوانی تر بە ڕوانین بۆیی بەشێک لە بایەخی ئەو بۆ خۆیان ببەن و بە خۆڕایی چێژی لێوەربگرن! تا ئێرە تەنیا وەکوو هەر کاڵایێک دەرگای هەمار دادەخەی بۆ ئەوەی بەشێک لە کاڵاکەت نەدزرێ، بەڵام لەوەش واوەتر ئافرەت کاڵایەکی هەستیارە، خۆ دەستبەسەرکردن و کۆت کردنی ئەو پەری هەستیاریەکەی دەردەبڕێ!.
٭ئێستا دبێژین ئەو هەستیاریە چیە؟
هەستیاریەکەی بۆ جیاوازییە سەرەکیەکەی ئەو کاڵایە دەگەرێتەوە کاڵایێکی کە بایەخی بەکار هێنانێکی جیاوازو تایبەتی هەیە، بایەخی بەکارهێنانی جنسی، هەربۆیەش بەگشتی ڕەگەزی نێرینە تێڕوانینێکی گورگ ئاسای هەیە بەرانبەر بەم ڕەگەزی مێ...! تا دەرفەت وەرگرێت و پەلاماری بات بۆ بەتاڵکردنەوەی غەریزەی جنسی، زۆر جاریش ئەو کاڵا ڕووح لەبەرە تەنانەت لە خزمەتکار کاڵایەکی ڕووح لەبەری تر جیا دەکاتەوە، ئەو کاڵایەی کە بە زەبری زێڕ یان دەسەڵات تاپۆی دەکەن. تێگەیشتن وایە کە ئەو تاپۆ کردنە بە هی خۆ کردنە، خۆ ئەگەر ئارەزوت کرد تا ئاخری عومرت ئەو کاڵایە دەتوانێت ئەو پەیوەندی و مل دان و بە موڵک بونە تێپەرێنێت.
خۆرهەڵات و تێڕوانینی چینێکی پیاوسالار و بیروبڕواو یاساکانی، وەکوو بابەتی بە کارهێنان ئافرەت دەناسن و دەیناسێنن، وەکوو بابەت و کاڵایەک کە تاپۆ دەکرێت مارە دەکرێت و بەم شێوازە مافی هەموو جۆرە بە کار هێنانێکی خۆی دەدات بەو پیاوەی کە مارە کراوە لێی، چون ئافرەت و دیل ، رەعیەت بە نادڵخواز مل بە خاوەنەکەیان دەدەن، وەکوو کۆمەڵێک بونەوەری لاواز و خواری کۆمەڵگا سەیر دەکرێن. مەترسی لادانی تاکە کەسی هەلهاتن و سەرکێشی ئەو جۆرە بونەوەرە هەیە، تەنانەت خەتەری خێزانی گشتی و شۆرش، پچڕاندنی زنجیرەکانی دیلێتیش هەیە، هەروەها کە دیلەکان لە پرۆسەیەکی دورو درێژی مێژوییدا پەیوەندی دیلدارانەیان هەڵپێچاندو سیستەمی فیو دالیش هەروەها.
ئافرەتان وەکوو زیندەوەرێکی بەکاڵا کراو ،وەکوو بونەوەرێک کە نەک بە دڵخوازێک، بەڵکوو لە ژێر قورسایی کۆت و بەندی یاسا و رێسا و نەریتیدا مەجبوور بە ملدان بە ناسکترین و هەستیار ترین پەیوەندی ژیانی، پەیوەندی جنسی و ئەویندارانە دەکرێت.
ئەوەی دەرەنجام لەو هەموو باس و خواسەی 8ی مارسدا مەبەست بوو گرینگی و هەزاران کارەسات باری جیاجیا لە جیهانی پیاوسالاریدا مەوزوعێکەو بەس وەکو زمانی ئاشکرا و بێ پەردەی دەسەڵاتی پیاوسالاری بۆ سوکایەتی کردن بە هەموو کۆمەڵگای لە پیاو تێپەڕیوو بۆ سوکایەتی کردنی تایبەت بە ئافرەتان. ئەو باسە لەئاستی تەحەمولی کۆمەڵگا لای داوە و کۆمەڵگای کوردستان ئەو سنورانەی تێپەڕاندوە، خودی پیاوسالارەکان لە ناو کۆمەڵگادا زۆرجار لە ژێر ئەو گوشارە واقعیەدا پاشەکشێ لە تێڕوانینی خۆی دەکات و بیر و بۆچونی خەڵکانی تر بە ڕوپۆشی لیبڕاڵ سوونەتیەوە دەجاونەوە.
بە ڕای من درەنگ نەبووە و لە داهاتودا دەبێت و دەکرێت هەوڵی رێکخراوە پێشکەوتنخوازەکان لەو جۆرە ڕۆژو کاتانەدا رێکخستنی توڕەیی و نیگەرانی چینی ئافرەتان بێت بەرەو ئاقاری ئیمرۆ ژیانەو بۆ پاشەکشێتی کردن بە کۆنە پەرەستانی بیری پیاوسالاری .
Top