ئاسایشی سایکۆلۆژیی-خۆراکی کوردستانیان لەنێوان دووبەرداشی کەرتەکانی کشتووکاڵ و گەشتوگۆزاریدا

ئاسایشی سایکۆلۆژیی-خۆراکی کوردستانیان لەنێوان دووبەرداشی کەرتەکانی کشتووکاڵ و گەشتوگۆزاریدا
ئەزموونەکانی کوردستانیان زۆر جار و ھەمیشە و بەتایبەت لە دوای جەنگی تیرۆریستانی داعش و دواتر بڕینی مووچە و ئینجا گرتنی سەرچاوەکانی پەترۆلی کەرکووک، و بەستنی فرۆکەخانەکان زۆر تاڵ بووە، و پیشانیدا کە دەبێ زۆر بە وریاییەوە لە ئاییندەی خۆمان و بەتایبەت لایەنی ئاسایشی خۆراکیمان، کە گرنگییەکی تایبەتی لە گەرەنتیکردنی ئاسایشی سایکۆلۆژیماندا ھەیە، بیربکەینەوە و بڕیاری دروست بدەین.
****
ئەگەرچی کورد و کوردستانیان، و بەتایبەت جەنابی سەرۆک بارزانی ئەو قوتابییە راستەقینەیەی رێبازی قوتابخانەی مرۆڤدۆستانەی بارزان، لە بۆنە و ھەڵوێستە جیاوازەکاندا دەریانخستووە کە خۆمان بە "برای گشت نەتەوەکانی ناوچە" زانیوە و تەنانەت ئەم ھەڵوێستەمان جێگەی سەرنجی جیھان بووە و بەشانازییەوە یادی دەکرێت، کەچی ھەمیشە رووبەرووی ئابلۆقە سیاسی-ئابوورییەکان بووینەتەوە، و ھەموو ئەوەش بۆ بەچۆکدادانمان بووە لەو ئامانجە پیرۆزانەی کە مافێکی زۆر سەرەتایین، و ھیچ تیرۆر و داگیرکردنی وڵات و شوێن و ناوچەی کەس و لایەن و مەزھەبێکی تێدا نەبووە، و نەک رفاندنی ئافرەت و ژنی خەڵکی بەخۆیەوە گرتووە، تا لێرە و لەوێ بیانفرۆشین وەک ئەوەی لە کچانی کوردی ئێزدی و ... ھتد، کرا، و نە گێچەڵکردن بووە بە وڵاتان و نەتەوەکانیان، و نەشەڕفرۆشتن و بازرگانیکردن بووە بە مرۆڤایەتی و ئەوان و چەکفرۆشی، و ئافراندنی جەنگ و پیرۆزکردنی لە پێناو بە تاڵانبردنی دارا و نەداریان. کورد ھەمیشە تەنھا و تەنھا لە سەنگەری بەرگری و پاراستنی خۆی بووە لە دەستدرێژی خەڵکانێک کە تەنھا نەمانی کورد دەبینن، و بەو پەڕی بێویژدانیەوە و لە کاتێکدا نەک ھەر میوانن بەڵکۆ داگیرکەریشن، و خۆیان بە ماڵخۆ، و ئێمەی خاوەن ماڵ بە تیرۆریست دەزانن!
دیارە یەکێک لە بنەماکانی سەرھڵدانی زۆر لە جەنگ و ململانێیەکان، فاکتەرەکانی ئابوورین، و ئەم راستییە بە راشکاوانە لە تیۆرییەکانی مەتریالستیدا دەبینرێتن و زانای دیکەش دواتر ئاماژەیان پێداوە و دەبینین گەورە دەروونناسانی وەک ئابراھام ماسلۆ لە یەکێک لە بیردۆزە بەناوبانگەکەی خۆی لە میانەی پێداویستییەکانی مرۆڤ، پێداویستییە مەتریالی (مادییەکان) و لە ھەموویان سەرەکیتر خواردن و خواردنەوە بە سەرەکیترین بنەماکانی گەشەی مرۆڤ بە شێوەیەکی ئاسایی و سروشتی، ھەژمار دەکات ئێنجا ئاسایشی سایکۆلۆژی و دواتر ئەوانیتر. دابینبوونی ئەو پێداویستییانە بۆ تاک بە ھەمان ئەندازەش بۆ کۆمەڵگە و نەتەوە گرنگە و کاریگەرییەکی زۆری ھەیە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی، و دواتر جێگیری و سەقامگیری تاکی و کۆمەڵایەتی. راستیی ئەم قسەیە ئەو کاتە بۆمان دەردەکەوێ کە کاتی قەیرانە ئابوورییەکان تاک و کۆمەڵگەکان تووشی شلەژان و لێکتەرازان، دوورکەوتن لە یەکتری و پەیدابوونی پەرتەوازەیی دەبن، و مەترسی لەسەر یەکگرتن و یەرکڕیزی تاک و کۆمەڵگە و تەنانەت پارتە سیاسییەکان سەرھەڵدەدات، و مەترسی روودانی راپەرین و سەرھڵدان و ئاژاوە و جەنگ و کۆشتار و لەدەستدانی زۆر دەستکەوتیشی لێدەکەوێت. چونکە تاک و کۆمەڵگە و دامەزراوە مرۆڤی و حکومی و فەرمی و سیاسییەکانی تەواوکەری یەکترن و ئەڵقەکانی یەک زنجیرن، و ھەر شەپرزەییەک لە تاکەکاندا رووبدات ڕەنگدانەوەی بەسەر کۆی پرۆسەی ژیانی کۆمەڵگە دەبێ.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان، وەک دەستکەوتێکی بێ وێنەی کوردستانیان، کە خۆی بەرھەمی زۆر قۆربانیدان و شەھید و ئەنفال و دەربەدەری تاکەکانیەتی، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو بۆ شکستھێنان بە ھەوڵەکانی بندەستکردنی ئەو ھەرێمە، چ لە کاتی سەدامی گۆڕبەگۆڕ و چ دواتر و ھەتاوەکو دوایین مانگەکانیش، زۆری ھەوڵداوە کە بنیاتێکی ئابووری بەھێز، کە گرنگییەکی تایبەتی بۆ سەقامگیری و پاراستنی ئاسایشی سایکۆلۆژی و خۆراکی ئەم دەرڤەرە ھەیبووە، دابڕژێت. تا رادەیەک توانیویەتی ھەندێ ھەنگاوی باش بنێت، بەڵام وەک ھەمیشە ئاستەنگەکانی دەرەکی، وەک ئەوەی وڵات و نەتەوەکانی ناوچە پێیان کردوین، و چ ئەو گەندەڵییەی ناوخۆ ھەبووە، نەیتوانیوە ئەو ھەوڵانە بگینێتە ئاستێکی خوازراو، کە بتوانێ جێگەی رەزامەندی گشت تاکێک بێ. بەداخەوە گۆرزەکانی ئەم فاکتەرانە بێشۆمار و لەبن نەھاتووبوونە، و ناکرێ لێرەدا و لەو کۆرتە گۆتارەدا، ھەمووی ریزبکرێن.
بەڵام دەبێ بگۆترێت یەکێک لە ھەنگاو سەرکەوتووەکانی ھەرێم کەرتی پەترۆل بووە، چونکە ئەم مادە خاوە، لە قۆناغی ئێستای مێژووی گەشەی ئابووری بە یەکێک لە بەھێزترین چەکە ئابوورییەکان ھەژمار دەکرێت. دیارە لە سایەی ئەم سیاسەتە بژێوی ژیانی خەڵک لەم چەند ساڵانەدا، بە ئاستێکی بەرچاو گەشەی کردبوو، و وێرای ئەوەی کەموکۆڕی ھەبوون، و دادپەروەرەی تیایدا وەک پێویست نەبووە،بەڵام دیسان دەبێ بگۆترێت کە ھەنگاوێکی سەرکەوتوو بووە، و ئەگەر کۆسپی جیاوازی ناوخۆیی، ھەرێمی، ناوچەیی و جیھانی تێکەدەکەوت دەیتوانی ببێتە سەرچاوەیەکی بەھێزی مسۆگەرکەری ئاسایشی خۆراکی و سایکۆلۆژی و ئابووری کوردستانیان، بەڵام دیتمان بۆ ئەم ھەنگاوە چییان پێکردین.
بۆیە دەبێ بیر لە ئەلترناتیڤەکانی دیکە بکەینەوە. دیارە ھەوڵێکی زۆر ھەیە کە گەشتووگۆزار ئەو ئەلترناتیڤە بێ. بەڵام وێرای ھەموو گرنگییەکانی ئەم کەرتە، وەک داھاتێکی ئابووری، و ناساندنێکی کەلتووری کوردستان، بەڵام ھەنگاونان تیایدا دوور نیە لە ریسک (مۆغامرە) و مەترسییەکانی جۆراوجۆر. دیارە دیارترینیشییان ئەوەیە دەبینین ئەو شوێنانەی کە ئەم کەرتە تیایدا زۆرە بەر لە ھەر شتێک رەوشت و ئەخلاق لێی باردەکات، و پەیدابوونی جۆرەھا بازرگانی و لەوانەشە لەشفرۆشی، تیایدا پەرەدەستێنێ، و لەمانە ھەمووی نەخۆشتر ئەو کاتەیە کە قۆربانیانی ئەم کارە و بازرگانییە ژنانی ئەم ناوچەیە بن، کە سەدان گرفت و کێشەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و ... ھتد، ھەیە و جگە لە بازرگانی مادە ھۆشبەر و سەرخۆشکەر، و رفاندن و فرۆشتنی جەستەی مرۆڤەکان و ...ھتد، و جگە لە ھاتنی ھەر جۆرە مرۆڤێک بۆ ئەو شوێنە و تەنانەت تیرۆریست، و وێرای ئەوەی کە کوردستان سەرباری کێشەی بە دەوڵەت ھەژمارنەکردنی و ھەبوونی چەندین دوژمن.
جا بۆیە پشتبەستن بە سەرچاوەیتر دەبێ بخرێتە بەرنامەی کاری حکومەتەکانی داھاتووی ھەرێم، و خەمێکی باشی لێ ھەڵبگیرێت، بەتایبەت کشتوکاڵ. ھەرچەندە کە بەشێک لە شار و شوێنەکانی کشتوکاڵیمان، وەک بەشێک لەو جەنگە سایکۆپۆلیتیکییەی نەتەوەکانی ناوچە لەگەڵ کوردستانیان دەکەن، جار نا جار دەکەونە ژێر ھەڕەشەی گرتنی ئاوی رووبار و زێیەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کوردستان بەشی ئەوەندەی کشتوکاڵی ئاوی ھەیە کە بکرێت بە گرتنە بەری شێوازی نوێ و سەردەمیانەی کشتوکاڵی مۆدرێن، زۆرێک لە پێداویستییەکانی خۆراکی کوردستان دابین بکات، بگرە بۆ شوێنی دیکەش ھەناردە بکرێت.
لە لایەکی دیکەوە نابێ ئەو لایەنە بە کەمبایەخییەوە سەیر بکرێت. وڵاتێکی وەک ھۆڵەندا ساڵانە بایی چەند مەلیار دۆلار لە فرۆشتنی گۆڵ قازانج دەکات. ئەو پارەیە یەکسانە لەگەل دەرامەتی زۆر وڵات، و جگە لەوەش زۆر وڵاتی جیھان ھەیە کە تێکرای سەرچاوە ئابوورییەکەی ئەم لایەنەیە.
ئەمەو جگە لە کشتوکاڵی ئاوی، کشتوکاڵی دیمی کوردستان، و بەروبوومی چیاکانی کەم نیە لەو بەینەدا. ھزاران نموونە دەتوانن ئەم قسەیە بسەڵمێنن و ئەمە یەکێکە لەو ھزار نموونەیە: ئافرەتێکی بەساڵاچووی بادینان لە پێش جەنگی داعش بە بڕی زیاتر لە ٧٠٠٠ دۆلار لە شاخەکانی مەتین و دەشتی چەقەلا و بێگۆڤا قەزوان و مازی و شەپرزەی فرۆشتووە !
نابێ ھەمیشە چاو لە پێشکەوتنێک بکەین کە زۆر کەسمان نازانین بە چ بەھایەک وەدەست دێتن. توێژینەوەکان پیشانی دەدەن لە ساڵانی ٧٠ یەکان، تاکی ژاپۆنی لە ژێر ئەو گوشارانەی کە بە ئاراستەی پێشکەوتن و دەرچوون لە کۆمەڵگەیەکی کلاسیکی ھەنگاوی دەنا و تاکەکانی رۆژانە ژیاتر لە بیست دەمژمێر کاریان دەکرد ھزاران کەسی تووشی فشار و نەخۆشی دەروونی و خۆکۆشتن کرد و ئەو دیاردەیە ئێستاش لە وڵاتانی پێشکەوتوو لە ئاستێکی بەرز دایە.
کشتوکاڵی دێمی و ئاوی ھەرێم، بە لایەنەکانی ئاژەڵداری خۆیەوە، کە سروشتێکی دەوڵەمەند بەخۆیەوە دەگرێ، دەتوانن ببن بە سەرچاوەیەکی لەبن نەھاتووی مسۆگەرکردنی ئاسایشی تاکی و سایکۆلۆژی و خۆراکی کوردستانیان، و تەنھا پێویست بە ھێمەتێک دەکات بۆ بووژاندنەوەی ئەم کەرتە و دروستکردنی کارگەکانی زیاتر بۆ ئەوەی بەرھەمەکانی خەڵک تیایدا ببن بە کۆمپوت یان وشککردن یان ھەر شێوازێکی دیکە بە بێ ئەوەی کەسانێکی گەندەڵ و ھەلپەرست بیانەوێ بەناوی پشکداربوون، ببن بە بەشێک لە چڵکاوخۆری مشەخۆر لەو کارگەیانەدا، و بەناوی حزبایەتی یان ھەر ناوێکی دیکە پشکیان لەو کارگەیانەدا بەربکەوێ بێی ئەوەی ھیچ رۆڵ و دەست و سەرمایەیان لە دامەزراندنیان دا ھەبێ. کاتێک لەو ھەلومەرجە ناسکەی کوردستان و بە زیادبوونی رێژەی بێسنووری دانیشتوانەکەی، خەڵک و حکومەت بیانەوێ تەنھا بە پشتبەستن بە ھەندێ سەرچاوەی نەگەرەنتیکراوی وەک پەترۆل و دەروازەکانی سنووری و ...ھتد، ژیانی خۆیان ئاسوودە بکەن، خەیاڵێکی خاوە چونکە ھەر جار بینیومان چی روودەدات، بۆیە باشترین رێگە ھەمان ئەو رێگەیەیە کە پەیامبەری کورد، زەردەشتی راستگۆ، دەستی بۆ ئاسمان بەرزدەکرد و سوپاسی یەزدان و خۆای مەزنی دەکرد کە ئەو دەڤەرە دەوڵەمەندەی بە پەیرەوانی بەخشیوە تا بە ھۆیەوە و بە پشتبەستن بە ھێز و بازووی خۆیان وڵاتێکی کشتوکاڵی دەوڵەمەندیان ھەبێ، کە لە کاتی خۆیدا ئیمپراتۆریەتێکی توانا و پێشکەوتووی ناوچەکە بوو. گەشتۆگوزار خۆی لە خۆیدا جۆرێکە لە کەلتووری تەمبەڵی و تەنپەروەری، و ئەگەر وڵاتانێک کردوویەتی بە پیشەی خۆیان، جگە لە گوێنەدان بە رەھەندە کۆمەڵایەتی و زیانەکانی، جۆرێکی نەچاری و نەدارییە، و خاکێکی بە پیتی وەک کوردستان ھزاران ساڵە مۆڵگەی میللەتێکی مانددونەناسە کە تەنھا پشتی بە دەست و بازووی خۆی بەستووە، و نانی تەمبەڵی لەت نەکردووە.
*پسپۆرێ ئەکادیمی لە زانستەکانی سایکۆلۆژی و پێداگۆگی/ زانینگەی زاخۆ.
Top