دیدگا و بنیاتنانی مرۆڤــی کوردستانی

دیدگا و بنیاتنانی مرۆڤــی کوردستانی

ھونەرمەند ودامەزرێنەری مۆسیقای نوێ شیلی فیولیتابارا دەلێ"مەگری کاتێک مانگ بزر دەبێت، چونکە فرمێسکەکانت رێگری دەکەن لە دیتنی ئەستێرەکان".
بەدڵنیایی گەر ھەموو بنەما و پێداویستیەکانی بنیاتنانی مرۆڤ لە پەروەردە دەستەبەر نەبوون نابێ دۆش دامێنین و دەستبەرداری خەونە گەورەکەمان بین، لەوانەیە پرۆگرامەکانمان وەکو پێویست ھەموو ئامادەسازی تێدا نەبێت بۆ بنیاتنانی مرۆڤ، یانیش بەردەوام خول و مەشق و راھێنانمان بە مامۆستاکان نەکردبێت، لەوانەشە ھەر لە بنچینەدا دیدگای رۆشنمان نەبێت بۆ ئەو پرسە نەتەوایەتی ونیشتمانییە، یانیش نەخشە رێگا و ستراتیژیەتی بنیاتنانی مرۆڤی کوردستانیمان وەکو پێویست ئامادە نەکردووە لە پەروەردە و فێرکردن، بەڵام لە ھەموو بارەکاندا نابێ پرسی بنیاتنانی مرۆڤی کوردستانی لە پەروەردە و فێرکردن پشتگوێبخەین، چونکە ئەو پرسە پرسێکی نەتەوایەتی و نیشتمانی زەرورە لەو قۆناخەدا کاری لەسەر بکرێت. سەرەتا دیدگای رۆشن ودوورمەودامان ھەبێت بۆ بنیاتنانی مرۆڤی کوردستانی لە پەروەردە و فێرکردن پاڵپشت بە نەخشە رێگای دیراسەت کراو، چونکە ھەبوونی دیدگا سوور و مکورمان دەکات لە سەر جێ بەجێ کردن و سەرکەوتنی پرسەکە لە ھەمان کاتیشدا لەوانەیە رووبەرووی جۆرەھا کۆسپ ورێگر و تەگەرە ببینەوە، بەڵام بە ئیرادەی بەھێز و راستگۆیانە و دڵسۆزانە ھەموو بەربەستەکان تێدەپەرێنین ھەنگاوەکان بەردەوام دەبن و دەتوانین دیدگای نیشتمانی ونەتەوایەتی بکەینە چەند قۆناخێک لە ھەر قۆناخێک مەبەست و ئامانجمان دیاری بکەین و بە نیەتێکی راستگۆیانە و دڵسۆزانە و بەرپرسیارانە ھەنگاوە پەروەردەییەکانی بنیاتنانی مرۆڤ لە قۆناخی یەکەم ببڕین بۆ رای گشتی رابگەیەنین و ھەموو لایەک بە پێی توانا و پسپۆڕی و بەرپرسیاریەتیان بەشداربن لە بنیاتنان، چونکە پرسێکی کۆمەڵایەتی گشتگیرە، بەڵام جێ بەجێ کردنی لە ئەستۆ و بەرپرسیاریەتی وەزارەتی پەروەردەیە لە ھەمان کاتیشدا ئەمانەتێکە لە سەر شانی بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە کە داواکاری نیشتمانییە و خاوەندارییەتی بۆ نەوەکانی دوا رۆژ دەگەرێتەوە بۆ ھێنانە کایەی قۆناخێکی نوێ لە بنیاتنان و دروست کردنی پاشەرۆژێکی پرشنگدار کە لایەنی سەرەکی مرۆڤی کوردستانی دەبێت کە بەرزترین و بەنرخترین و پڕ بەھاترین سامانی نیشتمانی کوردستانە کە ئامانجی ئەو دیدگایەیە ئەویش گەشەسەندن و پەرەسەندنی کوردستانە لە قۆناخەکانی داھاتوو، بۆیە بە پێویستییەکی زەرووری نیشتمانی و نەتەوایەتی و بەرپرسیاریەتی دەزانم کە دیدگایەکی رۆشن و دوورمەودامان ھەبێت لە بنیاتنانی مرۆڤی کوردستانی لە پەروەردە و فێرکردن، راشکاوانە و شەفافانە ھەنگاوەکان پلانەکانی نەخشە رێگا بەشێوەیەکی گشتگیر بخەینە روو ھەموو پێداویستییەکانی ئەو پرسە گرنگە دەستەبەر و ئامادە بکەین و خۆمانی بۆ تەرخان بکەین و ویژدانمان ئاسودە بکەین بۆ پاراستن و گەیاندنی ئەو ئەمانەتە کە ئەمانەتی کۆمەڵگە و نیشتمانە لە ئەستۆی پەروەردە وبەرپرسانی پەروەردەیە کە بنیاتنانی مرۆڤ و دیدگا خەون و خەیال نییە، بەڵکو ھیواو و ئاواتی میللەتەکەمانە دەیھێنینەدی.
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێڕی پەروەردەیی


Top