لە ئەندازیاری ئاوەدانیەوە بۆ رابەرایەتی گەلی کوردستان

لە ئەندازیاری ئاوەدانیەوە بۆ رابەرایەتی گەلی کوردستان
فەیلەسووفی رۆحانی (كۆنفۆشیۆس) لە بارەی ئەهمییەتی ئەزموون لە ژیانی مرۆڤدا دەیگووت: " لە نێوان ئەزموون و خوێندنەوە، ئەزموون هەڵدەبژێرم". فەیلەسووفی یۆنانی (ئەفلاتۆن) لە سەردەمی گەنجیەتی كتێبی (كۆمار)ی نووسی، بەڵام لە تەمەنی ژیری ، لە زۆرێك لە بۆچوونەكانی پاشگەزبووە و لە كتێبی (یاساكان) دیدو تێروانینەكانی بەهۆی ئەزموونی ژیانكردنەوە گۆڕی ، ئەگەر كاریگەری ئەموونی ئینسان لە بواری فكرو فەلسەفە باڵا دەست بێت، ئەوا بۆ بواری سیاسی گومانی تێدانییە كە ئەزموون رۆڵ و كاریگەری گەورەو بەرچاووی هەیە، چونكە لە كورتترین پێناسەیدا، سیاسەت بریتییە لە هونەری حوكمڕانی و ئیدارەدانی وڵات، حوكمڕانیش پێویستی بە مرۆڤی ئەزمووندار هەیە.
قسەی شەقام و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دوای واژووكردنی رێككەوتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی، بریتییە لە پرسی سەرۆكی هەرێم ، لەنێو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا بوونی (نێچیرڤان بارزانی) بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەنگدانەوەیەكی زۆری درووست كردووە و هەر یەكەی لە روانگەی خۆیەوە لێكدانەوە بۆ بابەتەكە دەكات و كەمیش نین ئەوانەی بە " نەخوێندەوار و بێ بڕوانامە " ناوی دەبەن .
هەمیشە گووتومە، تیری ئیرەی بردن رووی لەو كەسایەتیە مەزنانەیە ، كە ئامانجیان بەرەو پێشبردنی كوردستانە ، ئەمڕۆش ئەو ئیرەی بردنە سەرۆكی هەرێمی گرتۆتەوە.
ئەگەر چی بەڕێزیان هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆسن و دەرچووی بەشی زانستە سیاسیەكانن لە زانكۆی تاران، بەڵام پێویستە ئەوەش بزانین كە یاسا بڕوانامەی بە مەرجی بوون بە سەرۆكی هەرێم دانەناوە ! ، بۆ ئەمەش ئەو خەڵكەی كە ئەو فەوزایەیان درووست كردووە ئەتوانن یەخەی ئەو حزبانە بگرن كە دەنگیان پێدەدەن و ئەو راپۆرتەیان واژوو كردووە كە تایبەتە بە پرسی سەرۆكی هەرێم .
ساڵی 2015 حزبە سیاسییەكانی كوردستان جگە لە پارتی ، بە یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامییەوە ، راپۆرتێكی چوار قۆڵی و هاوبەشیان لە لیژنەی یاسایی پەڕلەمانی كوردستان واژوو كرد و تیایدا باسیان لە تایبەتمەندیەكانی سەرۆكی هەرێم كرد و چەند مەرجێكیان بۆ بوون بە سەرۆك دیاریكردووە ، كە بریتین لە :
_ لێهاتووی تەواوی هەبێت .
_ شارەزای سیاسی هەبێت .
_ بە تاوانی شەڕەف حوكم نەدرابێت .
_ دەست بەرداری پۆستە سەربازی و ئەمنیەكانی بێت .
گەر سەرنج بدەینە مەرجەكان بۆمان دەردەكەوێ كە لەتەواوی خاڵەكاندا بڕوانامە بە مەرج وەرنەگیراوە و ئەو خاڵانەی وەك مەرج دیاریكراون ، هەموویان لە رێزدار نێچیرڤان بارزانی رەنگدەدەنەوە .
ناكرێت ئێمە خۆمان سەرقاڵ كەین بە قسەی ئەو خەڵكانە ، خۆ ئەوەی ئەوان دەیڵێن كەلام اللە نییە ، دڵنیاشم هەرگیز بەڕێزیان بە توانجی ناحەزان بچوك نابنەوە ، بەڵكو مەزنتر دەبن .
بێ گومانم لەوەی بەڕێزیان لەم پۆستەش سەركەوتووتر دەبن ، چونكە هەر بەڕێزیانن ئەندازیاری ئاوەدانی و تێكشكێنەری قەیرانە سیاسی و ئابوورییەكان ، ڕام وایە كە مێژووش پێویستە سوپاسگوزاری جەنابیان بن ، چونكە بە تۆماركردنی دەستكەوت و بەرەو پێشبردنی كوردستان سەردانی دەكات . نێچیرڤان بارزانی جگە لە زمانی كوردی، زمانی فارسی و عەرەبی و ئینگلیزی باش دەزانێت‌، وێڕای هەموو ئەم خاڵانە، ئەوەی گرنگە ، بوونی ئەزموونی كاری سیاسییە، ڕاستە سیاسەت زانستە و لە ناوەندەكانی ئەكادیمی دەخوێندرێت، بەڵام بوونی ئەزموونی كاركردن لە بواری سیاسی خاڵێكی زۆر گرنگە، رێزدار نیچیرڤان بارزانی ماوەیەكی زۆرە لە بواری سیاسی كار دەكات و لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی خاوەنی پێگەیەكی سیاسی و دیپلۆماسی بەرچاوە ، ئەمەش دەبێتە خاڵێكی گرنگ بۆ ئیدارەدانی پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم بەشێوەیەكی سەركەوتووانە، چونكە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم، پۆستێكە لەڕووی دیپۆماسی گرنگی زۆری هەیە بە حوكمی ئەوەی كوردستان گۆرەپانی رووداوی سیاسییە و بەردەوام دیپلۆماتكارو سەركردەی وڵاتان سەردانی كوردستان دەكەن، بۆیە پێویستە كەسێك ئەم پۆستە بەرێوە ببات كە خاوەنی ئەزموونی كاری سیاسی بێت و پێشتر رۆڵی دیپلۆماتكاری بینێ بێت.
Top